شارل دێ گۆل (Charles de Gaulle) ناوی تەواوی شارل دەندرێ ژۆزێف پیێر ماری دێ گۆل (Charles Andre Joseph Pierre Marie de Gaulle) لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٨٩٠ لە شاری لیلی فەرەنسی لە دایک بووە، ھێنری باوکی کە پرۆفیسۆر بوو لە بچووکییەوە شارلی ئاشنای دەوڵەمەندی مێژووی فەرەنسا کردبوو، بە تێپەڕبوونی کات شارل تا دەھات زیاتر حەزی بەخوێندنەوەی کتێبەکانی باوکی و ئەو کتێبانە دەکرد کە باسیان لە شەڕەکانی سوپای فەرەنسی دەکرد لە مێژوودا. لەو کاتەی تەمەنی بووە یازدە ساڵ خێزانەکەی کۆچانکرد بۆ پاریس کە خوێندنی لەوێ تەواوکرد.

شارل دێ گۆل

دوای گەورەبوونی شارل ھەستی بەوەکرد کە دەتوانێ خزمەتی فەرەنسا بکات بۆیە بڕیاریدا پەیوەندی بە سوپا بکات و چوو بۆ ئەکادیمیای سەربازی (سانت کیر Saint-Cyr) کە قوتابخانەیەکی سەربازی بوو.

سەرەتای سەربازی شارل

دەستکاری

شارل لە ساڵی ١٩١٢چووە پاڵ سوپا، چەند ساڵێک دواتر لە ساڵی ١٩١٤ جەنگی یەکەمی جیھانی ڕوویدا شارل دلێرانە لەماوەی جەنگ شەڕی کرد چەند جارێک برینداربوو و بەدیل گیرا لەلایەن ئەڵمانەکان لەو کاتەی کە لەزیندان دابوو ٥ جار ھەوڵی ڕاکردنی دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو تا کۆتایی جەنگ بەدیلی مایەوە.

پاش جەنگی جیھانی یەکەم و ئازادبوونی شارل لە سەربازی بەردەوام بوو و بەشداری لەچەند جەنگیکی بچووک کرد و سەرەنجام پلەکەی بوو بە عەقید. بەھۆی بێزاربوونی لە بنەما کۆنەکانی فەرەنسا لە شەڕکردن کە زیاتر پشتی بە لێدانی خەندەق بەستبوو ھەستا چەند تیۆرییەکی نوێی لەسەر چۆنییەتی شەڕکرن بڵاوکردەوە کە پێیوابوو جووڵانی خێرای سەربازی دەبێتە بەمای سەرەکی جەنگەکانی داھاتوو. ڕاستییەتی ئەم بیردۆزانەی سەلمێنرا دوای ئەوەی ھیتلەر توانی بە بەکارھێنانی ئەم تەکنیکەی سەربازی بەشێکی زۆری ئەورووپا بگرێت.

جەنگی جیھانی دووەم

دەستکاری

لەگەڵ ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی دووەم شارل پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ یاریدەدەری ژەنەراڵ لەو کاتەی ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە داگیرکردنی خاکی فەرەنسا شارل پێداگیری دەکرد لەسەر جەنگکردن لەکاتێکدا فەرماندە و کاربەدەستانی تری فەرەنسا داوای خۆبەدەستەوەدانیان دەکرد.

فەڕەنسای ئازاد

دەستکاری

دوای ئەوەی فەرەنسا لە بەرامبەر ئەڵمانیا خۆی بەدەستەوەدا شارل چوو بۆ بەریتانیا و لەگەڵ گەیشتنی وڵاتێکی ڕاگەیاند بەناوی (فەرنسای ئازاد - Free France) بەھۆی قسەکردن لە ڕادیۆی بی بی سی ھانی خەڵکی فەرەنسای دەدا کە دژایەتی ئەڵمانیا بکەن، حکوومەتی فەرەنساش کە خۆیان دابوو بەدەستەوە ئەویان بەناپاک دادەنا ڕایان گەیاند کە دەکوژرێ بەھۆی خیانەتکردن.

شارل بەردەوام بوو لەڕێکخستنی ھێزەکانی فەڕەنسای ئازاد و ھێزە میللییەکانی فەرەنسا کەدژی ئەڵمانیا دەجەنگان و ھەستا بەکۆکردنەوەی ھێزەکانی فەرەنسا کەلە فەرەنسا ھەڵاتوون بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ ئازادکردنی فەرەنسا لە کۆتایدا لە ڕۆژی D-Day (ڕۆژی ھێرشی ھاوپەیمانان بۆ سەر نۆرماندی) ھاوپەیمانان توانیان فەرەنسا ڕزگاربکەن و ھێزەکانی شارلیش ڕۆڵی کاریگەریان ھەبوو لەم ئازادکردنەدا شارل دوای ڕێککەوتنی لەگەڵ ژەنەڕاڵ Eisenhower کە فەرماندەی سوپای ھاوپەیمانان بوو ڕای گەیاند کەتەنھا ھێزە فەڕەنسییەکانی ئەو پاریسی پایتەخت ڕزگاردەکەن.

سەرۆکی کاتی فەرەنسا

دەستکاری

دوای وەدەرنانی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە فەرەنسا شارل دی گاوڵ بوو بە سەرۆکی کاتی فەرەنسا لە ١٩٤٦–١٩٤٤, دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی دووەم شارل سیستەمی نوێی فەرمانڕەوایی بۆ فەرەنسا دانا و خۆیشی دەستی لەکار کێشایەوە وەک سەرۆکی کاتی فەرەنسا لە ١٩٤٦ و دوورکەوتنەوەی خۆی لەسیاسەت ڕاگەیاند.

سەرۆکایەتی کردنی فەرەنسا

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٥٨ شارل گەڕانەوەی خۆی بۆ سیاسەت ڕاگەیاند و خۆی بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا کاندیدکرد و بوو بە سەرۆک و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ حوکمی فەرەنسای کرد. لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەودا ئابووری فەرەنسا بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی و و وڵاتەکەی خاوێنکردەوە لە ھەموو پاشماوەکانی جەنگی جیھانی دووەم ھەروەھا فەرەنسای کردە چوارەمین وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی دوای ھەریەک لە ئەمریکا و ڕووسیا و یەکێتی بریتانیا.

لە ساڵی ١٩٦٩ شارل دووبارە دوورکەوتنەوەی خۆی لە سیاسەت و سەرۆکایەتیفەرەنسا ڕاگەیاند، ساڵێک دواتر لەماڵەکەی خۆی لەتەمەنی ٧٩ ساڵیدا بەھۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوەکان

دەستکاری