سەعید فەرەج (١٩٢٧‒١٩٦٣) چالاکێکی سیاسیی کورد

سەعید فەرەج

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

سەعید کوڕی فەرەج کوڕی ساڵحە، باوکی بە وەستا فەرەجەسووری دارتاش ناسراو بووە. ساڵی ١٩٢٧ لە بەشی پیرمەسووری گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. خوێندنی سەرەتاییی لە قوتابخانەی فەیسەڵییە دەست پێ‌کردووە و قۆناغی ناوەندیشی خوێندووە. ھەر لە ھەرزەکاری و پاشان لاوییەوە، بە حوکمی ئەوەی ژنبرای شەھید مستەفا خۆشناو بووە، تێکەڵ بە جووڵانەوەی سیاسیی کوردی بووە.[١][٢]

خەباتی سیاسی دەستکاری

ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ مستەفا خۆشناو چووە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەشداری جموجۆڵە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە. پاش ڕووخانی حکوومەتی میللیی کوردستان لە مەھاباد، ھەر زوو لەگەڵ مستەفا خۆشناو و جەمال بەختیار ڕووی کردووەتە باکوور بەرەو ئاوی ئاراس، تا بپەڕێتەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام نەیانتوانیوە؛ بۆیە گەڕاونەتەوە بۆ سنووری عێراق.[١][٢]

کە لە ڕێیان‌دا شەوێک لای شێخ ڕەشید لۆلان ماونەتەوە بۆ پشوو وەرگرتن، گیراون و براونەتە شەقڵاوە و دواتر بەغدا. لەبەرئەوەی بە تەمەن منداڵ بووە، حوکمی چوار ساڵ بەندیی بۆ بڕدراوەتەوە و سەرەتای ساڵانی پەنجا (١٩٥٢ یان ١٩٥٣) ئازادکراوە.[١][٢]

حیزبی شیوعی دەستکاری

سەعید، لە زیندان بووەتە ھاوڕێی سەرکردە گیراوەکانی حیزبی شیوعیی عێراق، لەوانە «فەھد» و «زەکی بەسیم». لەوێ بووە بە شیوعی و پاش بەربوون، «زەکییە»ی خوشکیشیی کردووە بە شیوعی. لە شارەوانیی سلێمانی بە کارمەند دامەزراوە، بەڵام ماوەیەکی کورتی تێدا ماوەتەوە، چونکە بەردەوام دوچاری ڕاوەدوونان و خۆشاردنەوە بووە لەبەر جموجووڵی سیاسیی دەسەڵاتداران سەغڵەتیان‌کردووە. پاش ساڵی ١٩٥٦ کە لیژنەی ناوچەی حیزبی شیوعی لە سلێمانی، لەسەر جیاوازیی بیر و بۆچوون، لە حیزب جیابووەتەوە و زۆری ئەندام و کادیرانی چوونەتە ناو (پارتی دیموکراتی کوردستان)، ئەمیش بووەتە ئەندامی پارتی، بەڵام پاش چەند مانگێک لێی‌کشاوەتەوە.[١][٢]

ئەرکی لە دەوڵەت دەستکاری

پاش ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ ژیانی ئاسایی بووەتەوە، و چووەتەوە سەر ئەرکەکەی خۆی. دوو ساڵ لەوەبەدوا بە ماڵەوە چووەتە شاری بەغدا و لەوێ لە وەزارەتی ڕاپەڕاندن و شارەوانییەکان کاری‌کردووە.[١][٢]

کۆچی دوایی دەستکاری

پاش کودەتای بەعسییەکان لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا، لە بەغداوە ھەڵھات بۆ سلێمانی، و چووە نێو شۆڕشی ئەیلوول و بووە بە پێشمەرگە، تا لە شەڕە بەناوبانگەکەی چەمی ڕێزاندا ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ شەھیدکراوە.[١][٢]

ژیانی ھاوسەری دەستکاری

سەعید، ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو «نەجیبە» کردوە، کە خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و خاوەنی چوار منداڵە لێی، بە ناوەکانی: سیروان (لە تەمەنی ٢٥ ساڵی لە مۆسکۆ کۆچی دوایی کردوە)، شوان، مەریوان، کاروان؛ ئەوانە لە ساڵی ١٩٨٥ بەدواوە لەگەڵ دایکیان لە لەندەن دەژین.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ سێ لاپەڕەی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز د. پەریی مستەفا خۆشناو؛ زانیاریی دەمیی بەڕێز ئازاد مستەفا خۆشناو
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ گۆڤاری گەلاوێژ، بەرگی یازدەهەم/ بەشی یەكەم- ژیاننامە و پێڕست، ئامادەكردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عەبدوڵڵا زەنگەنە، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٦، ل8092-8093