سێر دەیڤد لین (بە ئینگلیزی: Sir David Lean: لەدایکبووی ٢٥ی ئازاری ١٩٠٨ –کۆچی دوایی ١٦ی نیسانی ١٩٩١) دەرھێنەر، بەرھەمھێنەر، و فیلمنامەنووسی ئینگلیز بوو. لین بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی سینەمای بەریتانیایی دادەنرێت، بە درێژایی ژیانی پیشەگەری خۆی دەرھێنانی بۆ چەندەھا فیلمی مەزن و بەناوبانگ کردووە، ھەندێک لەوانە: دیداری کورت (١٩٤٥)، پردی سەر ڕووباری کوای (١٩٥٧)، لۆرانسی عەرەب (١٩٦٢)، دوکتۆر ژیواگۆ (١٩٦٥)، کچەکەی ڕایان (١٩٧٠)، ڕێڕەوێک بەرەو ھند (١٩٨٤)، و ھەردوو فیلمی ئارەزووە گەورەکان (١٩٤٦) و ئۆلیڤەر تویست (١٩٤٨) کە لە ڕۆمانەکانی چارڵز دیکنز وەرگیراون.[١]

دەیڤد لین

لەدایکبوون
٢٥ی ئازاری ١٩٠٨ کڕیدون، ساری، ئینگلتەرا
مەرگ
١٦ی نیسانی ١٩٩١ (٨٣ ساڵ) لایمھاوس، لەندەن، ئینگلتەرا
نەتەوەئینگلیز
پیشەدەرھێنەر، بەرهەمهێنەر، فیلمنامەنووس

لە سەرەتادا لین مۆنتاژگەری فیلم بوو لە ١٩٣٠کان، دواتر یەکەم فیلمی خۆی لەژێر ناونیشانی «کە تیایدا خزمەت دەکەین» بڵاوکردەوە، کە ئەمەش یەکەم بەرهەمی بوو لەو چوار بەرھەمەی لەگەڵ نۆوێل کاوەرد ھەیبوو بەهاوکاری. دواتر لین دەستی بە بەرھەمھێنانی چەند فیلمێکی دیکە کرد بە پشتگیری کۆمپانیا گەورەکانی هۆڵیوود، یەکەم فیلمیشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هۆڵیوود فیلمی «هاوینان» بوو لە ساڵی ١٩٥٥. دوای بڵاوکردنەوە فیلمی «کچەکەی ڕایان» کاردانەوەی بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگران ئەوسا نەرێنی بوو وە زیاتر بە شکست لە قەڵەم ئەدرا فیلمەکە، ئەمە وایکرد کە لین بۆ ماوەی چواردە ساڵ پشووی لە فیلمسازی وەرگرێ؛ لەو ماوەیەدا لین پلانی بۆ چەند پڕۆژەیەکی فیلم داڕشتبوو، بەڵام ھیچ کامیان بڵاونەکرانەوە. لە ساڵی ١٩٨٤، لین بە فیلمی «ڕێڕەوێک بەرەو ھیندستان» گەڕایەوە ناو فیلمسازی، فیلمەکە کۆتا بەرھەمی لین بوو، وە ھەڵسەنگاندێکی زێدە باشی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەرگرت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "David Lean", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2024-05-03, retrieved 2024-05-05