یوونس ڕەئووف (١٩١٨- ١٩٤٨) ناسراو بە دڵدار، شاعیر و پارێزەر و چالاکی سیاسیی کورد بوو. بەناوبانگترین شیعری دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی ٢٨ ساڵییدا و ٢ ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نیشتمانیی کۆماری مەھاباد و تا ئێستاش ھەر لە لایەن زۆربەی کوردەکانەوە وەک سروودی نیشتمانی دەناسرێتەوە. دڵدار، کوڕی مەلا ڕەئوف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە و لە ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ١٩١٨ لە شاری کۆیە لە دایک بووە. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. دڵدار لە بارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بە تایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێ چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لە بن دار بییەکان ڕاوەچۆلەکەم دەکرد.» لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوە و پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە ڕانیە تەواو کردووە. دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی ١٩٣٥دا داناوە و لە ژمارەی ٢ی ساڵی ١٩٣٥ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووتەوە.

زیاتر...