دەروازە:ئیسپانیا/وتاری ھەڵبژێردراو/١

ماڵی پارە یان تاڵانی پارە (بە ئیسپانی: La casa de papel، لاکاسا دێ پەپێل بە واتای ماڵی پارە) زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنیی تاوانی-درامی-دزی ئیسپانییە کە لەلایەن ئەلێکس پیناوە دروست کراوە. زنجیرەکە باسی دوو دزیی درێژ و وردبینانە دەکات کە لەلایەن پڕۆفیسۆر ئالڤارۆ مۆرتێ سەرپەرشتی دەکرێت، یەکیان لە Royal Mintی ئیسپانیایە و یەکیان لە بانکی ئیسپانیا. سەرەتا بڕیار بوو زنجیرەکە دیاریکراو بێت و لە دوو وەرزدا پێشکەش بکرێت؛ ١٥ ئەڵقە لە کەناڵی ئیسپانیی ئانتێنا٣، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٧ تا ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ بڵاو کرایەوە؛ دواتر لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٧ نێتفلیکس مافی پەخشی جیھانییەکەی وەرگرت و لە ٢٢ ئەڵقەی کورتر دووبارە بۆ ھەموو دونیای بڵاو کردەوە؛ وەرزی یەکەم لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، پاشان وەرزی دووەم لە ٦ی نیسانی ٢٠١٨ پیشان درا. نیسانی ٢٠١٨ نێتفلیکس زنجیرەکەی نوێ کردەوە بە بوودجەیەکی زیاتر بۆ کۆی ١٦ ئەڵقە درێژەی بە سازکردنەکەی دا. وەرزی سێھەم، بە ھەشت ئەڵقە لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩ بڵاو کرایەوە و وەرزی چوارەم بە ھەشت ئەڵقە لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاو کرایەوە، لە ھەمان ڕۆژدا، دۆکیۆمێنتارییەک کە بەرھەمھێنەر و کاستەکەکانی تێدابوو لە نێتفلیکس پیشان درا کە ناوی تاڵانی پارە: دیاردەکە (بە ئیسپانی: La casa de papel: El Fenómeno) بوو. وەرزی پێنجەم لە دوو بەش پێک دێت ھەر بەشێکی لە ٥ ئەڵقە پێک دێت بەشی یەکەمی لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢١ بڵاو کرایەوە. بەشی دووەمی لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بڵاو بووەوە. زنجیرەکە لە مەدریدی ئیسپانیا وێنە گیراوە. زۆرینەی وەرزی ٣ و ٤ لە پەنەما، تایلەند و ئیتاڵیا (فڵۆرێنس) وێنە گیراوە. چیرۆکبێژی زنجیرەکە لەلایەن کارەکتەرێکی ژن بەناوی، تۆکیۆ (ئورسولا کۆربێرۆ) دەگێڕدرێتەوە. زنجیرەکە چەندەھا خەڵاتی وەرگرتووە وەک باشترین زنجیرەی درامی لە چل و شەشەمین خەڵاتەکانی ئێمی و سەرنجی باشی ڕەخنەگران بۆ چیرۆکە کارامە و ئاڵۆزەکەی، درامای پەیوەندیی نێوان کەسەکان، دەرھێنان و ھەوڵدان بۆ پێشخستنی تەلەڤیزیۆنیی ئیسپانی. گۆرانی دژە فاشیستیی ئیتاڵی بێلا چاو کە چەندەھا جار لە زنجیرەکەدا لێ دەدرێت، خۆشتر و سەرنجڕاکێشتری کردووە. ھەتا ساڵی ٢٠١٨ پڕبینەرترین زنجیرەی تەلەڤیزیۆنیی بیانی و بە یەکێک لە زنجیرە زۆر بینراوەکان لە نێتفلیکس بوو کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو لەناو بینەرانی ئەورووپا و جیھانی لاتین.

زیاتر...