دیموکراسیی لیبڕاڵ (بە ئینگلیزی: Liberal democracy) شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی نوێنەران. کە تێیدا توانای نوێنەری ھەڵبژێردراو، لە کارلێکردن لەسەر دەسەڵاتی بڕیار وەرگرتن ملکەچی دەسەڵاتی یاسایە. بەھۆی دەستوورەوە، کە جەخت لەسەر پاراستنی ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆ دەکات. (ھەروەھا بە دیموکراسی دەستووری یاخود لیبڕاڵیزمی دەستووری ناو دەبرێت) و کۆت و بەند دەخاتە سەر ئەو ئاستەی کە پێویستە ویستی زۆرینە بسەپێنرێ.

ئەم ماف و ئازادیانە، مافی بوونی دادگاییکردنێکی ڕەوا و مافی موڵکایەتی تایبەت و نھێنێتی کەسێتی و یەکسانی لەبەردەم یاسا و ئازادی قسەکردن و کەم بوون و ئایین لەخۆ دەگرێ. ئەم مافانەش لە دیموکراسی ئازاددا (کە بە "مافە ئازادەکانیش" ناودەبرێن) ھەندێ جار دەستوور زامنیان دەکات، یاخود بەھۆی یاسایەکی نیشتیمانی یاخود تایبەتدا دێنە کایەوە کە ئەمەش دەسەڵات بە جۆرەھا دامەزراوی مەدەنی بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەم مافانە دەدات. ھەروەھا سیستەمە دیموکراسیە لیبڕاڵییەکان بە سینگ فراوان و فرەلایەنی ناسراون:

  • کە تێیدا جۆرەھا ڕاوبۆچونی سیاسی و کۆمەڵایەتی
  • تەنانەت ئەوانەی بە توندڕۆ و زێدەڕۆ دەژمێردرێن
  • بوونیان ھەیە و ڕکابەری یەکتری دەکەن بۆ بە دەستھێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمایەکی دیموکراسیدا.

ھەروەھا دیموکراسیی لیبڕاڵ، بە لێبوردەیی و فرەلایەنی ناسراوە، دید و بۆچونی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر لێک جیاواز بیر و بۆچونە توندڕۆ و زیادڕۆکانیش لە دیموکراسیی لیبڕاڵیدا بواریان ھەیە پێکەوە بژین و بە پێی بنەما دیموکراسیەکان دەسەڵاتی سیاسی بە دەستبھێنن. لە دیموکراسیی لیبڕڵلدا بە شێوەیەکی خولی ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن کە تیایاندا گروپەکان بە جیاوازی دیدە سیاسیەکانیان ھەلی بە دەستھێنانی دەسەڵاتی سیاسیان بۆ دەڕەخسێت.

تایبەتمەندیەکانی دیموکراسیی لیبرال

دەستکاری

ئەمانەی خوارەوە تایبەتمەندیەکانی دیموکراسیی لیبرالن:

  • دەستورێک کە دەسەڵاتەکانی حکومەت سنوردار دەکات
  • مافی جیھانی دەنگدان کە بە ھۆیەوە ھەموو ھاووڵاتیەکی پێگەیشتوو مافی ھەیە دەنگ بدات بە بێ جیاوازی لەسەر بنەماکانی نەژادی، رەگەزی یان خاوەندارێتی سامان
  • ئازادی ئایین
  • ئازادی رادەربڕین، قسەکردنیش دەگرێتەوە
  • ئازادی رۆژنامەوانی و گەیشتن بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی زانیاری
  • ئازادی دامەزراندنی کۆمەڵە و ئەنجومەنەکان
  • یەکسانی لەبەردەم یاسا و دادگایی رەوا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی یاسادا
  • مافی سامانی تایبەتی
  • دادگای سەربەخۆ و بوونی ھەل بۆ پیاھەڵچونەوەی بڕیارەکانی دادگە
  • سیستەمێکی کۆت و بەند و ھاوسەنگی لە نێوان لقەکانی حکومەتدا

رەخنەگران دەڵێن دیموکراسیی لیبرال بە ەیچ جۆرێک نە دیموکراسیە و نە لیبرال (ئازاد)ە. ھەروەھا دەڵێن دیموکراسیی لیبرال رێز لە بنەمای زۆرینە ناگرێت (تەنھا ئەو کاتە نەبێ کە ھاووڵاتیان داوایان لێدەکرێت نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن) و، ھەروەھا گوایە کە (ئازادی) ئەو دیموکراسیە لەلایەن دەستور یان بڕیاری پێشینە (لە بەریتانیا) لەلایەن نەوەی پێشوو کۆت و بەند کراوە. ھەروەھا دەڵێن بێبەشکردنی ھاووڵاتیان لە مافی دەنگدان لەسەر ھەموو پرسەکان (بەتایبەتی ھەندێ مەسەلەی گرنگی وەک: چوونە جەنگ، ھەموارکردنە دەستوریەکان یان رەتکردنەوەی دەستور... ەتد)، دیموکراسیی لیبرال بەرەو ئاقاری حوکمی کەمینە دەبات. نەیارانی سەرمایەدارەکان، کە مارکسیەکان و سۆشیالیستیەکان و گێرەشێوێنیەکان دەگرێتەوە دەڵێن دیموکراسیی لیبرال بەشێکی تەواوکاری سیستەمی سەرمایەداریە و لەسەر بنەمای چینایەتی دامەزراوەو دیموکراسی تەواو یاخود بەشداربووانە نییە. بە گوتەی ئەوان دیموکراسیی لیبرال بریتیە لە دیموکراسی بۆرژوا کە تێیدا تەنھا خەڵکی دەوڵەمەند حوکم دەکەن. لەبەرئەوە دیموکراسییەکی نایەکسانیە و بوون و کارکردنی بە شێویەک وەبەرھێنانی ئابووری ئاسان بکات. ھەندێکیش دەڵێن کەوا تەنھا (دیموکراسیەتی لیبڕاڵی) یە دەتوانێت ئازادیەکانی تاک مسۆگەر بکات بۆ ھاووڵاتیانی و رێگا بگرێت لە گەشەسەندن بەرەو دکتاتۆریەت. لەم سۆنگەیەوە، حوکمی زۆرینەیەکی توندڕەو بەرەو چەوساندنەوەی کەمایەتیەکان دەڕوات. یەکێک لە دیاردە گرنگەکانی دیموکراسیەتی نوێنەرایەتی، ھەرچۆنێک بێت، ئەو راستیەیە کەوا دەسەڵاتی راستەقینە لە راستیدا تارادەیەک بەدەست دەستەیەکی نوێنەرایەتی بچوکەوەیە. دەسەڵاتەکە ھەرچۆنێک بێت لەلایەن زۆرینەوە بەرێوەدەچێت، بەڵام لە راستیدا بریتیە لە گروپێکی بچوکی ھەڵبژێردراو لەسەر بناغەیەکی جەماوەری.

کۆمەڵگەی کراوە

دەستکاری

(دیموکراسیەتی لیبڕاڵی) بەھەمان شێوە رێگایەکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەی کراوەی (کارل پۆپەر Karl Popper)، ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا تاک رێگای پێدراوە چارەنووسی خۆی ھەڵبژێرێت، بە پێچەوانەی ئەوەی لەسەری سەپێندرابێت، ھەروەھا کۆمەڵگا و سەرکردایەتیەکشی دەتواندرێت بگۆڕدرێن لە رێگەی گفتوگۆکردنەوە. دیموکراسیە لیبڕالیخوازەکان بەتەواوی بە شێوەیەکی سادە سەیری کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن وەک باشترین رێگا بۆ رازی کردنی ئارەزووە تایبەتی و کلتوری و ھاوبەشیەکانی کەمایەتیەکان (بەھەمان شێوە زۆرینەش). بە شێوەیەکی دیموکراسی، پشتگیری کردنی ھونەر و کۆمەڵگە تایبەتەکان و یەکێتیە وەرزشیەکان و یان یەکێتیەکانی تر لە ناو کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لەلایەن ئەوانەوە بە پشتگیریکردنی ئارەزووەکانی زۆرینە دێتەبەرچاو، جا ئەوە بە ئارەزووی دانەرانی سیاسەتەکان بێت یان بە ئارەزوویان نەبێت.

پەیوەندی لەگەڵ دیموکراسیەتی ناراستەوخۆ

دەستکاری

(دیموکراسیەتە لیبڕاڵی) یەکان بریتین لە دیموکراسیەتە نوێنەرایەتیەکان. ھەندێک لەو دیموکراسیانە چەند سیستەمێکی پاشکۆیی راپرسی ھەیە تا توانایەک بدرێت بە دەنگدەران تا دەسەڵاتیان ببێت بەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوی یاسادانان یان بەلای کەم دروستکردنی بڕیار لە رێگەی راپرسی گشتی بەبێ ئەوەی بوار بدەنە ئەنجومەنی یاسادانان قسەی یەکلاکەرەوە بکات لەو بڕیارەدا. سویسراو ئۆروگوای لەو وڵاتە دیموکراسیە لیبڕاڵیە کەمانەن کە سیستەمێکی نوێنەرایەتیان ھەیە گرێدراوە لەگەڵ راپرسی گشتی. وڵاتانی تر لەسیستەمی سیاسیاندا لە پلەیەکی نزمتر راپرسی بەکاردێنن. زیادکردنی پرۆسەی راپرسی لە سیستەمێکی سیاسیدا لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی دیموکراسیەتێکی لیبڕاڵی بەرەو حوکمێکی کەمینە. زانایانی سیاسەت بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵە زانیاریەکی رێکدانراوی تایبەت بەکاردێنن بۆ پێوانی ئەوەی تاچەند وڵاتێک دیموکراسە یان نا، یاخود چەندە نزیک و دوورە لە دیموکراسی. ئەم کۆمەڵە زانیاریانەش ئەمانەن: کۆمەڵە زانیاری دەوڵەت(Polity Data) و ھەروەھا کۆمەڵە زانیاری کۆشکی ئازادی (Freedom House Data). بەپێ ی کۆمەڵە زانیاری کۆشکی ئازادی، ھەر نەتەوەیەک بە کۆی گشتی چوار خاڵ یان زیاتر تۆمار بکات ئەوا بە دیموکراسیەتێکی دەنگپێدراو لە قەڵەم دەدرێت، وەھەر نەتەوەیەکیش دوو خاڵ و نیو یان زیاتر تۆمار بکات ئەوا بە دیموکراسی لیبڕاڵی دادەندرێت.

ئەو وڵاتانەی خوارەوە بە ھەردوو پێوەر نموونەی دیموکراسی لیبڕاڵین: ئوستراڵیا – کەنەدا – وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا – ئایسلەند – ھندستان – ژاپۆن – نیوزیلەند – فلپیین – نەرویج – بەرازیل – وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.