حوسێن خان سەدرولسەلتەنە


حوسێن‌قوڵیخانی نووری(سەدرولسەلتەنە) ناسراو به "حاجی واشینگتن" کوڕی میرزا ئاقاخانی نووری، یەکەمین باڵوێزی ئێران لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو.

حوسێن‌قوڵیخانی نووری

لەدایکبوون١٨٩٢
مەرگ١٩٨١
پیشەیەکەمین باڵوێزی ئێران

ژیان دەستکاری

لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کە زۆر لە ئێمە دوور نییە، نەک هەر خەڵکی ڕمەکیی ئێران، بەڵکوو زۆرینەی خوێندەوار و سیاسەتوان و تەنانەت کەسایەتییەکانی حکوومەت بڕوایان وابوو کە «یەنگە‌دنیا» واتە ئەمریکا لە ژێر زەوی دایە و ئەگەر دووسەد گەز هەڵکۆڵن دەگەنە ئەمریکا. ڕۆژی ٩ی فێبریەی ١٨٠٩ کە «سێر هارفۆرد جۆنز» یەکەم باڵوێزی ئینگلیس لە کاخی گوڵستان بە خزمەت فەتحعەلی‌شای قاجار گەیشت تا بڕوانامەکەی پێشکەش بکا، شا لێی‌پرسی: جەنابی باڵوێز! ئایا ئەگەر من فەرمان بدەم لەم کۆشکەدا چاڵاوێکی دووسەد گەزی هەڵکەنن، ڕێگای ئێران بۆ ئەمریکا دەکرێتەوە؟ مستر جۆنز لە لاپەڕە ١٩١ی بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئەم قسەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێ کاتێک من بە شای ئێرانم گوت شتی وا نابێ! ئەو بە من پێکەنی و گوتی وا دیارە زۆر بێ‌خەبەری! چونکە باڵوێزی عوسمانی پیاوی درۆ نییە و سوێندیشی بۆ خواردووم. ساڵی ١٨٨٣ "مستر ئارتوور" بیست‌ویەکەمین سەرکۆماری ئەمریکا، بڕیاری گرت باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێران بکاتەوە. ئەوە بوو کە «مستر بنجامین»ی بە ناوی یەکەمین باڵوێز ڕەوانەی ئێران کرد. ماوەیەک دوایە بنجامین جێگەی خۆی دا بە «مستر پرات». ناسرەددین شای قاجاریش کە لە بیری هەڵبژاردنی یەکەمین باڵوێزی ئێران لە ئەمریکادا بوو، لە پیاوێکی زانا و لێهاتوو دەگەڕا کە ئابڕووی وڵاتەکەی لە ئەمریکا بپارێزێ. دەرباریانی ئێران هیچکام زاتی قەبووڵ‌کردنی ئەم ئەرکە قورسەیان نەبوو، چونکە بەڕاستی پێیان وابوو دەکەونە چاڵاوێکی دووسەد گەزییەوە. شا تەکلیفی لە سەدرولسەلتەنەی کوڕی سەرەک وەزیران ـ کە تازە لە سەفەری حەج گەڕابۆوە و حاجی سەدرولسەلتەنەیان پێ‌دەگوت ـ کرد کە شانازیی ئەم ئەرکە وەربگرێ و بە ناوی یەکەمین باڵوێزی ئێران بچێتە واشینگتۆن. حاجی بەر لە ڕۆیشتن، سێ جار چاوی بە مستر پرات کەوت و زانیاریی پێویستی لێ وەدەست هێنا. پرسیارەکانی حاجی زۆرتر لە بابەت «حەوز و تیان و خەزێنە و ئافتاوەو تارەت»ەوە بوو، کە مستر پرات نەیدەزانی ئەمانە چین. لە ژوئێنی ساڵی ١٨٨٨ حاجی لە ئیمامزادە حەسەنەوە بە هەشت ئێستر بارگەوبنەی سەفەرەوە بەرەو تەورێز وەڕێکەوت و لە ڕێگەی ئەستەمبوڵەوە ڕۆیشتە ئەوڕووپا. بەشێکی بەرچاوی شتمەکەکانی بریتی بوو لە بەردەمۆر و بەرماڵ و تەسبیح، هەروەها پازدە ئافتاوەی مسیشی بە تایبەتی دانابوو. لە شەقامی ژمارە٣٢٥ ئاپارتمانێک کە هەر نهۆمەی پێنج هۆدەی تێدابوو، کرایە باڵوێزخانە و تابلۆی «سفارت دولت فخیمە‌ی ایران»ی لە بەر هەیوان هەڵواسرا. لەم ماوەیەدا حاجی گۆشتی نەخوارد، چونکە شێوە سەربڕینەکەی پێ‌ شەرعی نەبوو. چەند ڕۆژ بەر لە جێژنی قوربان،حاجی بڕیاری گرت مەڕێک بکڕێ و بۆخۆی لە بەرهەیوانی باڵوێزخانە بیکوژێتەوە و گۆشتەکەی بە سەر فەقیر و هەژاراندا دابەش بکات. ڕۆژی یەکشەممە بوو کە بالەبالی مەڕ لەبەر هەیوان بەرز بۆوە و شۆلاوکەی خوێن بە پلووسکی بیناکەدا گەیشتە پیادەڕۆ. خەڵک کە ترسیان ڕێ‌نیشتبوو، پەنایان بۆ پۆلیس برد. کاتێک پۆلیس خۆی بە ژوورەکەدا کرد، چاوی بە پیاوێکی ڕووتی کەڵەگەتی ڕدێن سوور کەوت کە فۆتەیەکی لە خۆ وەراندبوو و خەریک بوو مەڕێکی کەوڵ دەکرد. پرسیاریان لێکرد ئەمە چییە؟ حاجی وەڵامی دایەوە کە ئێرە باڵوێزخانەی ئێرانە و من باڵوێزم؛ خەریکی عیبادەتم و قوربانی دەکەم. کاتێک پۆلیس زانی بە بێ ئیزن پێی ناوەتە باڵوێزخانەی وڵاتێکەوە، داوای لێبوردنی کرد و پێشنیاری کرد کە دەتوانن سکاڵای خۆیان بدەنە وەزارەتی کاروباری دەرەوە. حاجی داوای لێبوردنەکەی لێ قەبووڵ کردن و چاوپۆشیشی لە شکایەت کرد. پۆلیس کاتێک لە بیناکە وەدەرکەوت، تەنیا ئەم پرسیارەی لە حاجی کرد: ئایا هەموو یەکشەممۆیان ئەم‌کارە دووپات دەبێتەوە؟ حاجی گوتی: نەخێر، ئەمە ساڵێ جارێکە. سبەی ئەوێ ڕۆژێ لاپەڕەی یەکەمی هەموو گۆڤار و ڕۆژنامەکانی واشینگتۆن باسی ئەم ڕووداوەیان بڵاو کردەوە. حاجی شەرحی قوربانییەکەی خۆی و ڕاپۆرت و نموونەی بلاڤۆکەکانی واشینگتۆنی بە نیشانەی شانازی ڕەوانەی دەرباری ئێران کرد. ناسرەددین شا جبە و دەستارێکی بە خەڵات بۆ نارد و نازناوی«حاجی واشنگتۆن»ی پێ‌بەخشی؛ به‌ڵام پاشان که‌ له‌ خراپیی ئه‌و کاره‌یان گه‌یاند،حاجی له‌ سه‌ر ئه‌رکه‌که‌ی لابرد و پێی‌گوت: «ما را نزد جوان‌ترین دولت دنیا بی‌آبرو کردی و ملت چندین هزار ساله ما سخره عالمیان کردی. خدا از تو نگذرد!» واته‌: له‌لای نوێ‌ترین ده‌وڵه‌تی دنیا ئابڕووت بردین و نه‌ته‌وه‌یه‌کی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ت کرده‌ په‌ندی عاله‌م. خوا عافووت نه‌کا![١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی
  • در سفینه‌ی تاریخ
  • هدایت‌الله علوی،انتشارات هیرمند، چاپ اول، تهران 1376، ص463.
  • به نه‌قڵ له‌: خواندنی‌های تاریخی، محمود طلوعی، ص396
  • ئەم بابەته له گۆڤاری مه‌هاباد،ژ126، خه‌رمانانی 1390، ل16 چاپ کراوه.
  1. ^ عەبدوڵڵا سەمەدی(کوردی).