جەواھرپۆش
جەواھرپۆش یان جەواھرپووش چیرۆکێکی پاڵەوانانەیە کە وەکوو یەکێک لە بەزمەکانی شانامەی کوردی لەو کتێبەدا نووسراوەتەوە. ھەڵبەستبێژی جەواھرپۆش مستەفا بن مەحموود گوورانییە. ڕێکەوتی ھۆندنی ئەم چیرۆک-ھەڵبەستە و شوێنی ژیانی بێژەرەکەی ئاشکرا نییە و تەنیا وازانراوە لە ناوچەی جافنشینی کرماشاندا بووە.[١]
ناو
دەستکاریکەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکی جەواھرپۆش بارام شای تەبەردارە کە بە نازناوی جەواھرپۆش ناسراوە، و ناوی چیرۆکەکەش لەم نازناوە گێڕاوە.[٢]
کەسایەتییەکان
دەستکاریبارام شای تەبەردار لە نەوەکانی ڕووسەمی زابولییە، و زۆر و ھێزی لە ئاستی ڕووسەمە.[٢] کەسایەتییەکانی دیکەی چیرۆکی جەواھرپۆش بریتین لە: کەیخەسرەو، ئەفراسیاو، زالی زەڕ، ڕووسەم، گۆدەرز، تووس، پیرانی وەیسە، گەرسیوەز.[٢]
بابەت
دەستکاریچیرۆکی جەواھرپۆش سەبارەت بە شەڕەکانی ئێران و تۆران لە سەردەمی پاشایەتیی کەیخەسرەوە.[٢]
بێژەر
دەستکاریبێژەری چیرۆکی جەواھرپۆش مستەفا بن مەحموود گوورانییە. ئەو لەناو چیرۆکەکە ناوی خۆی ھێناوەتە و گۆتووە کە ناوی باوکی مەحموودە و ھەر دوو چاوی کوێرە.[٣]
ھاوسازی لەگەڵ شانامەی فیردەوسی
دەستکاریکەسایەتییەکانی چیرۆکی جەواھرپۆش وەکوو شانامەی فیردەوسین. بەڵام ڕووداوەکان بە تەواوی جیاوازن و ھیچ ھاوکۆکییەکیان لەگەڵ شانامەی فیردەوسی نییە. سەرەڕای ئەمە بێژەری چیرۆکەکە نووسیوە کە لە کتێبی شانامە و فەتحنامەی ڕووسەم وەکوو سەرچاوە کەڵکی وەرگرتووە. وازانراوە کە فەتحنامەی ڕوسەم کتێبێکی جیا لە شانامەی فیردەوسی بووە و یەکێک لە سەرچاوەکانی تایبەتی بێژەری جەواھرپۆش بۆ ھۆندنی ئەم چیرۆکە بووە.[١]
دەوران وەرین نەدینم وە چەم
نە ڕووی شانامە و فەتحنامەی ڕووسەم
مەواچم پێتان ھەم ڕەزم شاھان
ڕەزم دلێران و زەڕین کولاھان[١]
زمان
دەستکاریچیرۆک-ھەڵبەستی جەواھرپۆش بە زمانی کوردیی گۆرانی ھۆندراوەتەوە.[٢]
دەستنووس
دەستکاریدەستنووسی سەرەکیی چیرۆکی جەواھرپۆش لە کتێبخانە و مۆزەخانەی مەلەک لە تاران دەپارێزرێت و بە ژمارەی ٤٦١٦ پارێزراوە.[٢] ئەم دەستنووسە بە خۆشنووسیی نەستەعەلیق و لە ئەندازەی نامەیی نووسراوە و بەرگی کتێبەکە لە پۆستی ڕەشە. دەستنووسەکە ٣٩٣ پەڕەی ھەیە و لە ھەر پەڕە ١١ ھەتا ١٣ بەیت نووسراوە و سەرجەمی ٥٠٨٠ بەیتە. لەم بەیتانە ١٩ بەیت بەھۆی ساغکردنی بەرگی کتێبەکە بڕاوە و ھەندێکی دیکەش دوپاتکراوەیە.[٢] لە کۆتایی دەستنووسەکە، نووسەر ناوی خۆی بەھرام میرزای لیک و ڕێکەوتی نووسینەکەی ١٢ی ڕەجەبی ١٣٠٧ی کۆچی نووسیوە، کە دیار نییە ئەمە چەندمین نووسینی دەقی چیرۆکەکە بووە.[٤]
ساغکردن
دەستکاریچیرۆکی جەواھرپۆش لەلایەن ئێرج بەھرامی گووران ساغ کراوە و وێڕای چیرۆکی کوردیی بێژەن و مەنیجە لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن بنکەی بڵاوکردنەوەی ھیرمەند لە تاران چاپ و بڵاو بووە. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٩یش بنکەی بڵاوکردنەوەی ئانا لە تاران بڵاوی کردووەتەوە.[٥]
ناونیشانی چاپ
دەستکاری- گورانی، مصطفی بن محمود، ١٣٨٣، شاھنامە کردی، پیشگفتار، تصحیح، توضیح و واژەنامە از ایرج بھرامی، تھران: ھیرمند، مرکز بین المللی گفتگوی تمدن ھا، چاپ یکم.
- گورانی، مصطفی بن محمود، ١٣٨٨، شاھنامە کردی، پیشگفتار، تصحیح، توضیح و واژەنامە از ایرج بھرامی، تھران: آنا، چاپ یکم.
سەرچاوەکان
دەستکاریکتێبناسی
دەستکاری- گورانی، مصطفی بن محمود، ١٣٨٨، شاھنامە کردی، پیشگفتار، تصحیح، توضیح و واژەنامە از ایرج بھرامی، تھران: آنا، چاپ یکم.