جەعفەر محەممەدی ناسراو بە جافر زەلکەیی (لەدایکبووی ١٩٦٦ لە زەلکەی مەریوان - مردووی ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١ لە شێخ عەتاری مەریوان) ھونەرمەندی کورد و ژەنیاری ئامێری شمشاڵ و ھەروەھا باڵەبان، زۆرنا و دووزەلە بوو.[١][٢]

ژیان دەستکاری

جەعفەر محەممەدی لە ساڵی ١٩٦٦ (١٣٤٥ی کۆچیی ھەتاوی) لە گوندی زەلکە سەر بە گوندستانی دزڵی لە ناوچەی ناوەندیی شارستانی سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. ناوی باوکی کاکەبرا بوو. بەھۆی ھەژاریی بنەماڵە و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ناوچە کوردنشینەکان ھەتا قوتابخانەی ئامادەیی وانەی خوێند و بەھۆی سەرقاڵ بوون بە کار و زەحمەت نەیتوانی درێژە بە وانەخوێندن بدات. لە ساڵی ١٩٩٣ زەواجی کرد و ٥ کوڕ و کچی لێ بەجێ ماوە. ئەو لە ماوەی ژیانی کارەکانێک وەکوو شوانی، وەرزێری، کرێکاری، بیناکەری، کار لە سنۆر و شۆفێری کردووە و ھاوکات درێژە بە چالاکیی ھونەریی خۆی لە بواری مۆسیقا داوەتەوە.[١]

چالاکیی ھونەری دەستکاری

جافر زەلکەیی ھەر لە منداڵی حەزی بە مۆسیقا بوو و لە دوو برای گەورەتری فێری ژەندنی ئامێری شمشاڵ ببوو. لە ڕێگەی گوێ بیستن بە کاسیتەکانی مامۆستاکانی شمشاڵ وەکوو ئەحمەد زەلکەیی (ئەحا خازێ)، محەممەد پیرسەفایی (حەمە خاولی)، فایق نژماری، مستەفا سەیفی، عەبدوڵڵا کانیسانانی و مەحموود کاڵێ لە تەکنیکەکانی ژەندنی شمشاڵ شارەزا بوو.[١]

لە ساڵی ١٩٨٣ لە زەماوەندەکان و میوانییەکان دەستی بە ژەندن کرد و لە ماوەیەکی کورتدا ناوبانگی دەرکرد و بەناوی جافر زەلکەیی ناسرا. بەدوای ئەوە لەگەڵ گۆرانیبێژ عۆمەر کاریزی گرووپێکی مۆسیقای ھاوبەشیان پێک ھێنا و چەندین ئیجرایان لە مەریوان و ھەورامان بەڕێوەبرد. جگە لەوە بۆ ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی کوردی دیکە وەکوو سەباح ھەورامی، عوسمان ھەورامی، محەممەد حوسێن کەیمنەیی، عەینەددین، حەمە مەلا، محەممەد ئەمین خواشتی، ئەبووبەکر ئەسکۆڵی و … شمشاڵی ژەند.[١]

ھەروەھا لەگەڵ گرووپی ھەڵپەڕکیی دوازدە سوارەی مەریوان و لە فێستیڤاڵە ھونەرییەکانی ھەرێمی باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەشدار بوو.[١]

جافر زەلکەیی جگە لە ئامێری شمشاڵ لە ژەندنی ئامێرە باژەنەکانی دیکەی مۆسیقای کوردی وەکوو باڵەبان، زۆرنا و دووزەلە بەتوانا بوو.[١]

مردن دەستکاری

جافر زەلکەیی لە ڕۆژی پێنجشەمە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١ لە ڕووداوێکی ھاتوچوو لە ڕێگا تازەکەی سنە-مەریوان لە نزیکیی گوندی لە شێخ عەتار کوژرا. لەم ڕووداوە سێ کەس کوژراون.[٢]

سەرچاوەکان دەستکاری