عەلی عەسکەری (١٩٣٧-١٩٧٨) فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و پاشان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.

عەلی عەسکەری

لەدایکبوون١٩٣٧
مەرگ۷ی تەموزی ساڵی ١٩٧٨ (٤١ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگململانێی سیاسی
شوێنی گۆڕنادیار
نەتەوەکورد
پەروەردەئامادەیی
چالاکبوون١٩٥٨ -١٩٧٨
کارئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
حیزبی سیاسیپارتی دیموکراتی کوردستان پاشان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئایینئیسلام
ھاوسەرسەبیحەی شێخ جەلال
مناڵ(ەکان)شاڵاو، شەپۆل، شایان

ژیان دەستکاری

عەلی عەسکەری، کوڕی شێخ عەبدوڵڵا و برازای شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵەیە کە شێخی تەریقەتە. ساڵی ١٩٣٧ لەگوندی عەسکەر لەدایکبووە.

خەبات دەستکاری

لە ‌سەردەمی لاوێتیدا و ئەو کاتەی خوێندکاری ئامادەیی بوو لە کەرکووک پەیوەندیکردووە بە ‌یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە و دواتریش بووە بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان‌. لە ئەنجامی چالاکییەکانیدا لە ھەردوو رێکخراوی قوتابیان و لاواندا بوو بە ئەندامی لیژنەی باڵاو دوای ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ بوو بە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کەرکووک و لە ‌یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرای پارتیدا ساڵی ١٩٦٠ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ھەڵبژێردرا. بۆ خۆ تەرخانکردن بۆ ئیش و کاری سیاسی خوێندنی زانکۆی وازلێھێنا. ئەو کاتەی بارزان کەوتە بەر ھێرشی خێڵە نەیارەکانی دەوروپشتی، سەرکردایەتی پارتی شەھید عەلی عەسکەرییان نارد بۆ بادینان بۆ سازدانی رێکخراوەکانی پارتی و بەشداریکردن لە پاراستنی بارزان و بارزانییەکان. عەلی عەسکەری ئەرکەکەی بە جۆرێک ئەنجامدا کە بووە جێگەی رێزی شێخ ئەحمەدی بارزان و لە ‌بادینان مایەوەک‌ لەگەڵ عەلی حەمدی و ئەحمەد عەبدوڵڵادا کە ھەردووکیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بوون و کاروباری ئەو ناوچەیەیان بەڕێوەئەبرد تا دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول.

پێشمەرگایەتی دەستکاری

لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلولدا وەک لێپرسراوی پێشمەرگە لە ‌بادینان مایەوە تا ساڵی ١٩٦٢. رۆڵێکی گەورەی بینی لە رێکخستنی ھێزەکان و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەری ناوچەکە و سەرکردایەتی چەندین شەڕیشی کرد. دواتر گەڕایەوە ناوچەی سلێمانی و بوو بە فەرماندەی ھێزی خەبات.

ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندیکرد بە ‌باڵی مەکتەبی سیاسی پارتییەوە. ساڵی ١٩٧٤ کە شەڕ ھەڵگیرسایەوە و ھێرشی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچەکانی نزیک بارەگای بزووتنەوەکە دەستیپێکرد، پاراستنی ئەو ناوچەیە رووبەڕووی شەھید عەلی عەسکەری کرایەوەو ناوچەکەی پاراست. دوای راگەیاندنی ڕێکەوتننامەی جەزائیر و ھەرەسھێنانی بزووتنەوەکە عەلی عەسکەری لەگەڵ ھەندێ‌ ھاوڕێی نزیکیدا گەڕایەوە باشووری کوردستان و رێکخراوی بزووتنەوەیان دامەزراند، پاشان حکومەتی بەغدا دوریخستەوە بۆ باشووری عێراق.

شۆڕشی نوێ دەستکاری

لە ‌سەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندی پێوە کراو لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی نوێدا خۆی گەیاندە ھێزی پێشمەرگە. لە یەکەمین کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەڵبژێردرا.

مردن دەستکاری

بەهۆی بوونی ململانێی سیاسی لە نێوان پارتە کوردیەکانی باشوردا و کە ئەم ناکۆکیانەش بەهۆی هەبوونی هێزی چەکداریان وەهای دەکرد کە لە ناکۆکیەکاندا پەنا بەرنە بەر چەک بۆ سەپاندن و زیدکردنی سنوری دەسەڵاتیان، ئەمەش چەندەها کارەساتی جەرگ بڕی لێدەکەوتەوە و قوربانی هەرلە کوردان دەبوو و لە قازانجی دووژمنان دەبوو، و دووژمنانیش پاڵنەری ئەم پێکدادانە دەبوون لەسودی خۆیان.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوکات هاوکاری دەکرا لەلایەن حکومەتی لیبیا و سوریاوە کەلەڕێی سوریاوە چەکی پێدەگەیشت بەڕێگای قاچاخ لەناو خاکی کوردستانی باکور لەناوچەی هەکاری و شڕنەخەوە بۆیە هەڵسان بەناردنی هێز بۆ ناوچەی هەکاری بەسەرکردایەتی عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و حسێن بابەشێخ بۆ هێنانی چەک بەڵام بەهۆی ناکۆکیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ناوچەی هەکاری بووە شوێنی پیا هەڵپژانی پێشمەرگەی هەردوولاو بەمەرگی چەندەها پێشمەرگە و سەرکردە کۆتای هات.عەلی عەسکەری ڕۆژی ٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٨‌، لە کارەساتی ھەکاریدا لەگەڵ دکتۆر خالید و حسێن بابەشێخ دا کوژرا.

سەرچاوەکان دەستکاری