شێرپەنجەی خوێن: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

کۆمەڵەیەکی نەخۆشیی شێرپەنجە
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
(بەبێ جیاوازی)

وەک پێداچوونەوەی ‏١٢:٤٢، ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١١

شێرپەنجەی خوێن (بە ئینگلیزی ئەمەریکی : Leukemia ) یان (بە ئینگلیزی بەریتانی : Leukaemia ) بریتییە لە دروستبوونی شێرپەنجە لەو خانانەی کە خوێن دروست دەکەن. بەشێوەیەکی ئاسایی هەموو خانەکانی خوێن (خڕۆکە سوورەکان ،خڕۆکە سپییەکان ،پەڕەکانی خوێن) لە مۆخی ئێسکەوە دروست دەبن ،هەموو خانەیەکی خوێن دوای تەواوبوونی تەمەنی خۆی تێکدەشکێت و دەفەوتێت ،بەڵام لەو کەسانەی کە دووچاری شێرپەنجەی خوێن دەبن پرۆسەکە بەم شێوەیەی لێدێت: مۆخی ئێسک خانە و خڕۆکەی نائاسایی دروست دەکات ،ئەم خانانەش بریتیین لە خانەی شێرپەنجەیی. ئەم خانە شێرپەنجەییانە سیفەتێکی نەخوازراویان هەیە ئەویش ئەوەیە کە تێک ناشکێن و نافەوتێن و بڵاودەبنەوە بەناو خانە ئاساییەکانی دیکەی خوێن و دەبنە کۆسپ لەبەردەم ئیشی خڕۆکە ئاساییەکانی خوێن. لە ساڵی ۲۰۰۰دا ۲۵۶۰۰۰ کەس توشی شێرپەنجەی خوێن بوون کە ۲۰۹۰۰۰ کەسیان مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە تەنیا لە ساڵی ۲۰۰۸ لە ئەمریکا ۴۴،۲۷۰ حاڵەت دەست نیشانکرا. کوڕ زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبێت بە بەراورد لەگەڵ کچ.[١] جۆن هوگز بێنت و ڕۆدۆلف ڤیرکۆ لە ساڵی ۱۸۴۵دا نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنیان دۆزییەوە ،ئەو دوو زانایە لە ساڵی ۱۹۶۲ چارەسەری کیمیاییان بەکارهێنا بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن و سەرکەوتووبوون لە کارەکەیان.

پەڕگە:شێرپەنجەی خوێن.jpg
نموونەیەک لە خانەکانی شێرپەنجەی خوێن


جۆرەکانی

شێرپەنجەی خوێن بەگوێرەی ئەوەی کامیان زووتر و خێراتر گەشەدەکات و خراپتر دەبێت دابەش دەکرێت ،ئەویش یان درێژخایەنە کە لەسەرخۆ گەشەدەکات و خراپ دەبێت ،یان کورت خایەن دە بەخێرایی گەشەدەکات و خراپ دەبێت ،هەروەها سێرپەنجەی خوێن دابەش دەکرێت بەگوێرەی خۆری ئەو خانە خڕۆکە سپییەی کە شێرپەنجەی لێ دروست دەبێت ،لە خانەی لیمفی خوێن یان لە خانەی مایلۆیدەوە دروست دەبێت.

  • لۆکیمیای لیمفی درێژخایەن (Chronic lymphocytic leukemia : CLL) کاردەکاتە سەر لیمفە خانەکان و بەهێواشی گەشەدەکات ،هەموو ساڵێک ۱۵۰۰۰ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەو کەسانەی توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن تەمەنیان لە سەرووی ۵۵ ساڵەوەیە ،هەرگیز لە منداڵدا ڕوونادات.[٢]
  • لۆکیمیای مایلۆدی درێژخایەن (Chronic myeloid leukemia: CML) کاردەکاتە سەر خانەکانی مایلۆید و بەهێواشی گەشەدەکات ،هەموو ساڵێک ۵۰۰۰ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن ،ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن لە کەسانی پێگەیشتوو لە تەمەندا ڕوودەدات.[٣]
  • لۆکیمیای لیمفی توند (Lymphoblastic) کاردەکاتە سەر لیمفە خانەکان و بەخێرایی گەشەدەکات ،هەموو ساڵێک ۵۰۰۰ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن بە شێوەیەکی سەرەکی لە منداڵدا ڕوودەدات ،تا ڕادەیەکیش لە گەورەشدا ڕوودەدات.[٤]
  • لۆکیمیای مایلۆیدی توند (Myeloid leukemia) کاردەکاتە سەر خانەکانی مایلۆید بەخێرایی گەشەدەکات ،هەموو ساڵێک ۱۳۰۰۰ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن ،ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن لە منداڵ و گەورەشدا ڕوودەدات.[٥]
  • جۆرێکی دیکە لە شێرپەنجەی خوێن هەیە ،بەڵام دەگمەنە و بەهێواشی گەشەدەکات ،پێی دەوترێت خانەی لۆکیمامی قژن (Hairy cell leukemia) .[٦]

هۆکارەکان

لەڕاستیدا تا ئێستا بەتەواوی نەزانراوە هۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن چییە و نەشزانراوە بۆچی هەندێک کەس توشی شێرپەنجەی خوێن دەبن و هەندێکی دیکە توش نابن ،بەڵام هەندێک هۆکاری مەترسیدار هەیە کە ئەگەر توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکەن ،ئەم هۆکارانەش لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکەی شێرپەنجەی خوێن دەگۆڕێت.

هۆکارە مەترسیدارەکان

هەندێک هۆکاری مەترسیدار هەیە کە ئەگەر توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکەن ،ئەم هۆکارانەش لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکەی شێرپەنجەی خوێن دەگۆڕێت. بەڵام بوونی یەکێک یان زیاتر لەو هۆکارانە مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە توشی شێرپەنجەی خوێن دەبێت ،بەڵام ئەوانە هۆکاری مەترسیدار و یاریدەدەرن. کەسی وا هەیە ئەو هۆکارانەشی تێدایە و توشی شێرپەنجەی خوێنیش نابێت.

تیشکدان

ئەو کەسانەی بەر تیشک دەکەون ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاترە ،وەک ئەوانەی بەر بۆمبی ئەتۆمی دەکەون کە بڕێکی زۆر لە تیشکی لێوە دەردەچێت ،بۆ نموونە ئەوەی لە ژاپۆن ڕوویدا لە جەنگی جیهانی دووەم ،ئەو کەسانەی بەر تیشکی بۆمبی ئەتۆمی دەکەون ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاترە بە تایبەتی ئەگەر لە منداڵیدا بەریان بکەوێت هەروەها ئەو تیشکەی کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردێت ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیادەکات.[٧]لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریانخستووە گرتنی تیشکی ڕێی بۆ بەشەکانی لەش وەک تیشکی گرتنی سنگ و شوێنەکانی دیکە بە تیشکی ئێکس ڕای ،ئەگەر توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکات ،بەتایبەتی ئەگەر زۆر بەکارببرێت.

جگەرەکێشان

ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت.

بەنزین

ئەو کەسانەی ئیش لەناو بەنزین و لەگەڵ و بەنزین کاردەکەن ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت.

چارەسەری کیمیایی

ئەو کەسانەی کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن ،ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت وەکو لەوەی کەم بکاتەوە.[٨]

مەغۆلی

ئەو کەسانەی کە مەغۆلیان (down syndrome) هەیە ئەگەر توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت.

بۆماوە

ئەو کەسانە کە لە خێزانەکەیاندا کەسێک هەیە دووچاری شێرپەنجەی خوێن بووە ،ئەگەری توشبوونیان زیاترە.[٩]

نیشانەکان

خانەی شێرپەنجەیی لە خوێندا هەروەک هەر خانەیەکی دیکەی ئاسایی خوێن دەتوانێت هاتوچۆ بکات بە هەموو شانە و خانەکانی لەشدا ،نیشانەکانی نەخۆشییەکە کە پەیوەندی هەیە بە ژمارەی ئەو خانە شێرپەنجەییانەوە. ئەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنیان هەیە لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوێت ،بەڵام پزیشک لەکاتی پشکنینی ڕۆتینی دەیدۆزێتەوە ،بەڵام ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی کورتخایەنیان هەیە ،ئاساییانە دەچن بۆ لای پزیشک چونکە هەست بە نەخۆشی دەکەن ،ئەگەر مێشک توشبوو ئەوا نەخۆش ئەم نیشانانەی دەبێت: سەرئێشە ،ڕشانەوە ،توانای ماسولکەکانی لەدەست دەدات ،پەرکەم.[١٠] هەروەها شێرپەنجەی خوێن کاردەکاتە سەر ئەندامەکانی دیکەی وەک: کۆئەندامی هەرس ،گورچیلەکان ،کۆئەندامی هەناسە ،دڵ. لە بڵاوترین نیشانەکانی شێرپەنجەی خوێن بریتییە لە:

  1. ئاوسان و گەورەبوونی لیمفە خانەکان بە تایبەتی لە مل و بنباڵ ،بەبێ بوونی ئازار.
  2. بوونی تا و ئارەقکردنەوە لە شەودا.
  3. زوو زوو توشی هەوکردن دەبن.
  4. هەستکردن بە هیلاکی و لاوازی.
  5. خوێن بەربوون لە پووک ،دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەژێر پێست.
  6. ئازار و ناڕەحەتی و ئاوسان لەناو سک (ئاوسانی سپڵ و جگەر).
  7. دابەزینی لەپڕی کێشی لەش بەبێ بوونی هۆکارێکی دیاریکراو.
  8. بوونی ئازار لە ئێسک و جومگەکانی لەشدا.[١١]
  • ئەم نیشانانە مەرج نییە تەنها لە شێرپەنجی خوێندا هەبن ,بەڵکو لە چەندین نەخۆشی دیکەی لەشدا ڕوودەدەن ،تەنیا پزیشک دەتوانێت دڵنیا ببێت.

دەست نیشانکردن

هەندێکجار پزیشکی نەخۆشی شیرپەنجەی خوێن لەکاتی پشکنینی ڕۆتینی بۆ نەخۆش دەیدۆزێتەوە ،هەر کاتێک نەخۆش هەستی کرد یەکێک لە نیشانەکانی تێدایە ئەوا پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی تایبەت بکات بۆ دڵنیابوون.

پەڕگە:شێرپەنجە1.jpg
تەواوبوونی %۹۰ی تاقیکردنەوەی سایتۆگێنەتیکس

ڕێگاکانی دەست نیشانکردن

  1. پشکنینی سەرەتایی ،لەم پشکنینەدا پزیشک دەگەڕێت بەدوای گەورەبوونی لیمفەکان و سپڵ و جگەر.
  2. پشکنینی خوێن ،بۆ زانینی ژمارەی خڕۆکە سپییەکان ،خڕۆکە سوورەکان ,پەڕەکانی خوێن ،ئەم پشکنینە دەکرێت (CBC) , لە شێرپەنجەی خوێندا ژمارەی خڕۆکە سپییەکان زۆر زۆر زیاددەکات ،بەڵام ژمارەی خڕۆکە سوورەکان و پەڕەکانی خوێن کەمدەکات.
  3. بایۆپسی : (Biopsy) ,بایۆپسی بریتییە لە وەرگرتنی پارچەیەک لە لەشی زیندوو بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشی ،لەم تاقیکردنەوەیەدا پزیشک پارچەیەک شانە لە مۆخی ئێسک لە ئێسکی حەوز یان هەر ئێسکێکی دیکە وەردەگرێت (بەنجی ناوچەیی بۆ ئەو ناوچەیە دەکرێت کە پارچەکەی لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی ئازاری نەبێت) ,پاشان پارچەکە دەنێرێت بۆ پزیشکی پاسۆلۆجیست بۆ دیاریکردنی جۆری شێرپەنجەکە. (ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی زۆر وردە لە دیاریکردنی شێرپەنجەدا).
  4. گرتنی تیشکی ئێکسی سنگ X-Ray کە تێیدا ئاوسانی لیمفەکان دەردەخات.
  5. سایتۆگێنەتیکس ،لەم تاقیکردنەوەیەدا پزیشکی پاسۆلۆجیست لەو پارچەیەی بۆی نێردراوە بۆ پشکنین کە لە مۆخی ئێسک وەرگیراوە ,لەو پارچەیەدا دەگەڕێت بۆ بوونی کرۆمۆسۆمی نائاسایی کە لە هەندێک جۆری شێرپەنجەی خوێندا هەیە. بۆ نموونە بوونی کرۆمۆسۆمی فیلادیلفا لە شێرپەنجەی خوێنی جۆرمی CML.[١٢]

چارەسەر

چارەسەری شێرپەنجەی خوێن بەگوێرەی قۆناغی شێرپەنجەکە و جۆرەکەی دەگۆڕێت ،هەروەها بەگوێرەی تەمەنی نەخۆشەکە و بوونی خانەی شێرپەنجە لە شلەی CSF . مەرج نییە کە جۆرێک چارەسەر بۆ کەسێک باش بێت ئیتر بۆ کەسێکی دیکەش باش بێت ،واتا جۆری چارەسەرەکە بەگوێرەی جۆری شێرپەنجەکە دەگۆڕێت ،بەگشتی ئەم جۆرە چارەسەرانە بەردەستن: چارەسەر بە تیشک ،چارەسەری زیندەیی (بایۆلۆژی) ،چارەسەری کیمیایی ،نەشتەرگەری یان لابردنی سپڵ لەکاتی ئاوسانی و چاندنی مۆخ.[١٣] لەوانەیە کەسی توشبوو یەکێک یان زیاتر لەو چارەسەرانەی بۆ بکرێت ،چارەسەر بە نەشتەرگەری و تیشک شێرپەنجە لادەبات لە شوێنی خۆی ،بەڵام چارەسەر بە کیمیایی و هۆرمۆن بەهۆی دەرمانەوەیە کە دەکرێتە ناو سوڕی خوێنەوە و بەو شێوەیە چارەسەری شێرپەنجەکە دەکات. چارەسەرکردنی شێرپەنجەی خوێن کاری یەک پسپۆر نییە ،بەڵکو کاری کۆمەڵێک پسپۆرە وەک پسپۆری شێرپەنجە ،پسپۆری چارەسەری تیشک ،پسپۆری نەشتەرگەری ،پسپۆری دەروونی ،لەکاتی چارەسەری کیمیاییدا نەخۆش پێویستی بە چارەسەری یارمەتیدەر و ئازارشکێن و ئەنتیبایۆتیک هەیە و پێی دەدرێت.[١٤]

سەرچاوەکان

  1. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤٤
  2. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  3. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  4. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  5. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  6. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  7. ^ هەڕەشە بایلۆجی و کیمیاییەکان ،چاپی دووەم .دەزگای سەردەم .ساڵی ۲۰۰۳ ,لاپەڕە ۷۱
  8. ^ هەڕەشە بایلۆجی و کیمیاییەکان ،چاپی دووەم .دەزگای سەردەم .ساڵی ۲۰۰۳ ,لاپەڕە ۸۹
  9. ^ هەڕەشە بایلۆجی و کیمیاییەکان ،چاپی دووەم .دەزگای سەردەم .ساڵی ۲۰۰۳ ,لاپەڕە ۹۱
  10. ^ ماڵپەری کانسەرڤیک، جۆرەکانی شێرپەنجە - شێرپەنجەی خوێن ،پێداچوونەوەی نەخۆشخانەی شاهانەی مالبۆرن ،کۆمەڵەی ئاسۆک.
  11. ^ ماڵپەری کانسەرڤیک، جۆرەکانی شێرپەنجە - شێرپەنجەی خوێن ،پێداچوونەوەی نەخۆشخانەی شاهانەی مالبۆرن ،کۆمەڵەی ئاسۆک. پەڕەی دوو
  12. ^ ماڵپەری کانسەرڤیک، جۆرەکانی شێرپەنجە - شێرپەنجەی خوێن ،پێداچوونەوەی نەخۆشخانەی شاهانەی مالبۆرن ،کۆمەڵەی ئاسۆک. پێداچوونەوەی گشتی
  13. ^ ماڵپەری شێرپەنجەی خوێن ،خۆپاراستن و چارەسەرکردن - بەشی یەک
  14. ^ ماڵپەری شێرپەنجەی خوێن ،خۆپاراستن و چارەسەرکردن - بەشی دوو