گرۆڤ[١] یا بەڵگەی ڕوون یا بەڵگەی ئاشکرا بە ھەرچییەک دەڵێن کە پشتیوانیی لە وتەیەک بکا و نیشانەیەک بێ بۆ ڕاستی و دروستیی وتەکە. لە بوارە جیاجیاکاندا دەتوانێ خاوەن مانای جیاجیا بێ.

لە ماریفەتناسیدا، گرۆڤ بریتییە لە ھەر شتێ کە بتوانێ باوەڕێک پاساو بدا یا وای لێ بکات کە دەست لێ ھەڵنەگرتنی، وەک کارێکی ژیرانە کەوێتە بەرچاو. بۆ وێنە، ئەزموونکردنی دارێک لە ڕێگای ھەستەکانەوە (واتە دیتنی یا دەستلێدانی یا بیستنی خشپەی گەڵاکانی) دەتوانێ وەکوو بەڵگە یا گرۆڤێ بە کار بھێنرێ بۆ پاساودانی ئەو باوەڕە کە «لەوێ دارێک ھەیە». لێرە، گرۆڤ زیاتر وەک دۆخێکی زەینی فام دەکرێ و، ئەوەی گرنگ و جێی پرسیارە ئەمەیە کە سروشتی ئەو دۆخە زەینییە چییە؟ یان، ئاخۆ ئەگەر ئەو دۆخە زەینییە فریودەر و بەلاڕێدابەریش بێ، ھەر دەکرێ پێی بوترێ گرۆڤ؟

لە دیاردەناسیدا، گرۆڤ یا بەڵگە مانایەکی وێکچووی ھەیە. ھەرچەند، بەرتەسکتر بووەتەوە. لێرە، مەبەست لە گرۆڤ مەعریفەتی بیناوی (intuitive knowledge) -یە، کە دەستپێڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ و بێناوجی بە ڕاستی دابین دەکات و، بەو خاترە، بێشک و گومانھەڵنەگرە. لە دیاردەناسیدا بڕیار وایە گرۆڤ بۆ پرەنسیپە فەلسەفییە بنەڕەتییەکان ڕۆڵی پاساوی کۆتایی بگێڕێ و، بەم شێوەیە فەلسەفە بکا بە زانستێکی ڕەقوتەق. ئیتر ئەوە کە گرۆڤ لە عۆدەی ئەم کارە دێ یا نە، قسەی زۆری لەسەرە.

لە فەلسەفەی زانستدا، گرۆڤ یا بەڵگە ئەوەیە کە ھیپۆتێزێک پشتڕاست یا ڕەت دەکاتەوە. بۆ وێنە، پێوان و گەزکردنی خولگە نائاسایی و ناڕێکەکەی موشتەری، وەکوو گرۆڤێک چاوی لێ دەکرێ بۆ پشتڕاستکردنەوەی تیۆرییەکەی ئەنشتەین لە بابەت ڕێژەییبوونی گشتییەوە. بۆ ئەوەی لە نێوان تیۆرییە ڕکەبەرەکاندا ڕۆڵی حەکەمێکی بێلایەن بگێڕێ، بەڵگە و گرۆڤی زانستی دەبێ لە بەردەست ھەموواندا بێ؛ ھەروەھا پێویستە بە جۆرێکیش بێ کە تا دەکرێ دەمەقاڵە و مشتومڕی کەمتر دروست بکا. وەکوو ڕووداو و شتە فیزیکییە بەرچاوەکان کە شیاوی پیاڕوانینن و، لایەنگران و پشتیوانانی تیۆرییە جیاجیاکان دەتوانن ھاوڕا و ھاودەنگن بن لەسەر چییەتییان. پەیڕەوکردنی میتۆدی زانستی ئەمە دەستەبەر دەکا و، کەڵەکەبوونی بەرەبەرەی گرۆڤەکان زانایان بەرەو ڕێککەوتن دەبا. بەڵام، دوو مەسەلە ھەیە کە دەبێ لە بەرچاو بگیرێن: یەکەم، ڕەنگە گرۆڤێک کە پشتیوانی لە تیۆرییەک دەکا بە ھەمان ئەندازە پشتیوانی لە تیۆرییە ڕکەبەرەکانیش بکا و، دووەم، ئەو شتەی کە ھەندێ زانا بە گرۆڤی دادەنێن لەوانەیە لەخۆگری گریمانی جۆراوجۆری وەھا بێ کە زانایانی تر پەسەندی نەکەن. دەشوترێ کە دوو جۆر گرۆڤ ھەیە: گرۆڤی ئەقڵی کە خۆگەواھە و، گرۆڤی ئەزموونی کە لە ڕێی ھەستەکانی جەستەوە بە دەست دەگا.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ گرۆڤ، lex.vejin.net