شیعرێکی ئەحمەد ھەردی کە بە گۆتەی عەلی مەردان ناردوویە بۆ ئەو (عەلی مەردان) تا بیکاتە گۆرانی.[١] عەلی مەردانیش لەسەر مەقامی ئەسفەھان و مەقامی حەجاز کردوویە بە گۆرانی.

بەشێکی گۆرانیی فاتمە بە دەنگی عەلی مەردانەوە

شیعری ئەم گۆرانییە بەم جۆرەیە: (کە ئەڵبەت عەلی مەردان بەشێک لەم شیعرەی کردووە بە گۆرانی.)

فاتمە! دووچاوی مەستت، پڕ تەلیسمی جوانییە

پڕ شەرابی خۆشەویستی و ئارەقی یەزدانییە

بەژن و باڵاکەت نموونەی ھەیکەلی یۆنانییە

لار و لەنجەت مووسیقایە، بەستەیە، گۆرانییە

بووکی ڕازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم، ست فاتمە

تاقە پرشنگێکی چاوت، ئەو پەڕی ئاواتمە

گەرچی دڵداری لە خاکی ئێمەدا ئەفسانەیە

ھەر بە تەنیا بۆ کوڕی خاوەن تەلار و عانەیە

گیانەکەم، ئەمما دڵی من لەو دڵە شێتانەیە

بێ ئەوەی ھیچ شک بەرێ, کوژراوی ئەو چاوانەیە

ھەر بە تەنیا خۆشەویستی شک ئەبەم ست فاتیمە

سەروەتم ناوێ, بزەی تۆ، ئەو پەڕی ئاواتمە

خۆشەویستی وا کە نامەی خوایە بۆ پێغەمبەران

بەرز و ناسک، وەک ھەناسەی پڕ گۆڵاوی دڵبەران

نەک وەکوو حەز کردنی دینار و گەوھەر پەروەران

ئەو کەسانەی بۆ قرانێ چەندە دڵیان ھەڵوەران

خەڵکی تر پارەپەرستی با بکەن ست فاتیمە:

من بە تەنھا تۆ پەرستی، ئەو پەڕی ئاواتمە

زۆر کەڕەت ھانم ئەدا داخی دەروونی پڕ گڕم

بۆتی ھەڵڕێژم سکاڵای ناسکی گەرم و گۆڕم

داخەکەم کاتێ کە دێمە بەر دەمت واقی وڕم

وام ئەشێوێنێ بە جۆرێ نایەڵێ ھیچ دەربڕم

بووکی ڕازاوەی خەیاڵم گیانەکەم ست فاتیمە!

گوێیێ بۆ ئەم ڕازە شل کەی، ئەو پەڕی ئاواتمە

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ عێراق