بڕبڕە

(لە بڕبڕاگەەوە ڕەوانە کراوە)

بڕبڕە یان کاریتە یان مازگە بەشی سەرەکی ئێسکبەندی باڵاتەنەی مرۆڤە. گرنگترین ئەرکەکانی بڕبڕە بریتییە لە: پشتیوانی لە لەش، ھەڵسووڕان بە ھەموولادا، پاراستنی پێکھاتەکانی کۆئەندامی دەمار لە ناو خۆیدا.

بڕبڕەی مرۆڤ

بڕبڕە تەوەرەی ناوەندی لەشی مرۆڤە و لە ھێڵی ناوەڕاست و بەشی پشتەوەی لەشدایە، لە بنکی کاپۆڵەوە دەست پێدەکا و بە ملدا دێتە خوار و تا سمت دڕیژەی ھەیە. لە منداڵاندا لە ٣٣ مۆرە پێک ھاتووەو لە گەورەدا پێنج مۆرەی پێش ئاخر پێکەوە دەلکێن و ئێسکی سێبەندە پێک دەھێنن و چوار مۆرەی ئاخریش پێکەوە دەلکێن و کلێجە دروست دەکەن. بەم بۆنەوە ژمارەی مۆرەکان لە گەورەکاندا ٢٤ بڕگەیە. لە ٢٤ مۆرە، ٧ی مۆرەی مل، ١٢ی مۆرەی پشت و ٥ی مۆرەی کەمەرە.

ناوەکانی تر

دەستکاری

لە فەرھەنگی زمانی کوردیدا بۆ ئەم مەبەستە ئەم وشانە ھاتووە: پشتەمازە، گازەڕا، مازگە، مازە، مازی، سنسل، تەرختە، کرک، تیرەغە، تیغەرەی پشت، کاریتەی پشت، مۆغەرە

پێکھاتەی مۆرەیەکی ئاسایی

دەستکاری
 
مۆرە

ھەر مۆرەیێ لە دوو بەشی پێشوو و پاشوو پێکھاتووە کە کونێک دەکەوێتە ناوەڕاستییان کە بە کونی مۆرە دەناسرێت. بەگشتی ھەر مۆرەیێ لەم بەشانە پێکھاتووە:

  • کەوانە کە پەتەمازە دەپارێزێت، لەم بەشانە پێکھاتووە:
  1. جووتێک پێچکە (Pedicle) بەشەکانی پێشەوەی کەوانەی مۆرە پێک دێنێت.
  2. جووتێک لامینا کە بەشەکانی پاشەوەی مۆرە پێک دێنێت.
  3. حەفت لک کە چواریان لکی جومگەیین (دووان سەر و دووان خوار)، دوانیان لکی لاوەکی و یەکیان زیادەی شۆکی

دیسکی نێوان مۆرەکان

دەستکاری

دیسکی بەینی مۆرەکان ئەم ھەلە بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێ کە دانەوێتەوە، ڕاست بێتەوە، بەم لاولادا بسووڕێ یان داشکێتەوە. دیسک پێکھاتەیەکی پان و لووسی ھەیە کە ناوکەکەی لە ماکێکی جیلەیی پێکھاتووە کە ڕیشاڵی ئانولووس دایگرتووە.

ئەرکی سەرەکی دیسکی نێوان دوو مۆرە، گرتنە خۆی گوشارە بۆ داشکانی ڕێژەی گوشارەکانی سەر بڕبڕەی پشت. دیسکەکان لە ژێر گوشاری دەرەکیدا وەزەنیان پێ دەگا.

جومگەکان

دەستکاری

مۆرەکان بە ھۆی ژمارەیێک جومگەی بچووکەوە پێکەوە دەبەسترێنەوە. ئەم جومگانە بە ھۆی گوشار و سوانەوە خراپ دەبن و لەوانەیە تووشی ماس و پەنام بن و گوشار بخەنە سەر دەمارەکانی ئەو بەشە.

تۆڕی دەمارەکان

دەستکاری

کۆئەندامی دەمار وەک تۆڕی تێلێفۆنەکان لە کۆمەڵێک دەمار پێک ھاتووە کە پەیامەکان لە مێشکەوە بۆ ئەندامەکان و لە ئەندامەکانەوە بۆ مێشک دەگۆزێتەوە. ئەو پەیامانەی لە مێشکەوە بۆ ئەندامەکان دەچێت دەبێتە ھۆی کرژ بوونەوەی ماسوولکەکان و جووڵەی ئەندامەکان. ئەو پەیامانەیش کە لە ئەندامەکانەوە بۆ مێشک دەڕۆن ھەڵگری ھەستی وەک ئێش و بیستن و... ە.

گوریسێ لە دەمارەکان کە لە مێشکەوە بە کاناڵی مۆرەکاندا دێنە خوارێ بە پەتە مازە (spinal cord) دەناسرێت. تاڵە دەمارەکان پاش جیا بوونەوە لە پەلکەدەمار، مەودایەکی کەم دەبڕن و لەم لاولای مۆرەکانەوە دێنە دەرەوە و بەرەو بەشێک لە ئەندامەکانی لەش (وەک دەست و پێ) دەچن و دەمارکێشی دەکەن.

ڕاگرتنی تەندروستی

دەستکاری

بە مەبەستی ڕاگرتنی تەندروستی بڕبڕە، باشتر وایە کە لە دانیشتن و ڕۆیشتندا، مۆرەکان ڕێک و قیت لەسەر یەک سوار بن و کۆم نەبن. بەژنی ڕێک و قیت لە تەندروستی لەش، بەخۆدا پەرمان و جوانیدا دەوری گرنگی ھەیە.

وەزەنەکانی پشت

دەستکاری

پەتەمازە ھەڵگری پەیامەکانی ھەست و جوولەیە و ئەگەر تووشی وەزەنێک بێ، ئەوە دەتوانێ ببێتە ھۆی تێکچوونی جووڵە، ھەست و ھاتنە ژانی ئەندامەکانی لەش. ئەمە ھەر ئەو ڕووداوەیە کە لە پێکدادانێکدا ڕوودەدات و دەبێتە ھۆی ئیفلیجی. ژمارەی ئەو ئەندامانەی لە ڕووداوێکی وادا ئیفلیج دەبن بە توندی و شوێنی وەزەنەکە بەستراوە، ئەگەر وەزەنەکە بۆ سەر گەردن بێ، ئەگەری ئیفلیجی دەست و پێکان لە ئارادایە، ئەگەر وەزەنەکە بخرێتە سەر کەمەر، تەنیا پێکان تووشی کێشە دەبن.

سەرچاوە

دەستکاری

ویکی فارسی