یەعقووب زورووفچی (٨ی نیسانی ١٩٥٤ لە تەورێز – ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە باکوو) مۆسیقازان و گۆرانیبێژی ئاوازی تورکیی ئازەربایجانی بوو. ئەو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ھۆی خویندنی سروودێک لەژێر ناوی کوردستان بە زمانی ئازەربایجانی کە بۆ بەرگری لە خەباتی خەڵکی کورد دژ بە کۆماری ئیسلامی خوێندوە ناسراوەتەوە.[١][٢]

لە کارەکانی یەعقووب زورووفچی چەند گۆرانی و ئەلبوم لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی مۆسیقای ئازەربایجان شیای ئاماژەیە. بەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران زۆرترین چالاکیی زورووفچی لەگەڵ ئۆرکێسترای سیمفونی کۆماری ئازەربایجان بووە.

ژیان دەستکاری

یەعقووب زورووفچی لە ٨ی نیسانی ساڵی ١٩٥٤ لە شاری تەورێز لە دایک بوو. ئەو لە قوتابخانەی فەروەردین لە شاری تەورێز دەستی بە وانەخوێندن کرد. لە ساڵی ١٩٦٩ لە تلەڤیزیۆنی تەورێز دەستی کرد بە خوێندنی گۆرانی. ئەو بە ھۆی ژیانی درێژماوەی باوکی لە شاری باکوو حەزی بە خوێندن بە زمانی ئازەربایجانی بوو. یەعقووب زورووفچی لە ھاوھزرەکانی عەلیڕزا نابدڵ شۆڕشگێری کۆمۆنیستی ئازەربایجان بوو. عەلیڕزا نابدڵ ھۆنراوەیەک بە ناوی «ای اوشاقلار» (ئەی منداڵەکان)ی بۆ ھاوھزرەکانی خۆی نووسیو و یەعقووب زورووفچی مۆسیقای لەسەری دانا و بە دەنگی خۆی خوێندی.

زورووفچی لە ساڵی ١٩٧٣ لە فاکەڵتی ئابووریی زانکۆی تاران دەستی کرد بە خوێندنی باڵا. لەگەڵ زێدەکردنی خەباتی مارکسیستی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان یەعقووب زورووفچی لە سەری ھۆنراوەیەکی دیکە لە عەلیڕزا نابدڵ لەژێر ناوی «کوردستان» مۆسیقای دانا و بە دەنگی خۆی خویندی کە لە نێوی گەلی کوردی ڕۆژھەڵات زۆر بەناوبانگ بوو و بوو بە یەکێک لە ھیماکانی برایەتیی گەلانی کورد و ئازەری لە چاندی سیاسیی ئێران. یەعقووب بەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ لەگەڵ بڕێک لە ھاوھزرە مارکسیستەکانی دیکەی چوو لە دەرەوەی ئێران و لەوێ دەستی کرد بە خوێندنی مۆسیقا لە زانکۆیەک لە ھامبورگ و توانیو بڕوانامەی دیپلۆما لە ھونەری ئاواز وەربگرێتەوە.

گوڵ ئاقا محەممەدۆف، یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی کۆماری ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٨٩ لە ئەڵمانیا لەگەڵ یەعقووب زورووفچی دیداری کرد و داوای لێ کرد کە بێت بۆ باکوو. ئەو دوو ھونەرمەندە پێکەوە کلیپێکیان لەژێر ناوی یەکگرتنی کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ ئازەربایجانی ئێران بەرھەم ھێناو کە لە تلەڤیزیۆنی باکوو بڵاو کرا.

یەعقووب زورووفچی لە گۆڕەپانی لەنین (ئازادی) لە شاری باکوو بە ئامادەبوونی ئەبولفەزل ئەلچیبەی (سەرۆک کۆماری ئازەربایجان) وتاری خوێند و بە ناوی عەلیڕزا نابدڵ سوێندی خوارد و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەی ھان دا کە لە ڕێگای یەکگرتنی دوو ئازەربایجانی باکوور و باشوور ھەوڵ بدەن. بەدوای ئەم کۆبوونەوە سەرۆک کۆماری ئازەربایجان نامەیەک بۆی نووسیو و سوپاسی لێ کردی. زورووفچی پاشان بڕوانامەی ماستەری ھونەری ئاواز لە زانکۆی مەیامیی فلۆریدا لە ئەمریکا وەرگرت و ھەروەھا بوو بە شارۆمەندی وڵاتی ئەمریکا. زورووفچی لە تەممووزی ٢٠٠٩ بەدوای جیابوونەوە لە ھاوژینە یەکەمینەکەی لە ئەمریکا لەگەڵ ھاوژینی دوویەمی زەواجی کرد و گەڕایەوە بۆ باکوو و بوو بە شارۆمەندی کۆماری ئازەربایجان.[١]

یەعقووب زورووفچی لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١ بەھۆی تووشبوون بە کۆڤید-١٩ لە نەخۆشخانەی «یەنی کلینیکا» لە شاری باکووی پێتەختی کۆماری ئازەربایجان کۆچی دوایی کرد.[١]

ئەلبومەکان دەستکاری

زورووفچی ھەتا ساڵی ۱۹۹٥ دوو ئەلبوم لەگەڵ ئۆرکێسترای سیمفونی ئازەربایجان بە ناوەکانی "باشترینەکانی زورووفچی" بریتی لە ۱۰ گۆرانی، "ئارزوو" بریتی لە ۱۴ گۆرانی، و ئەلبومی "ئایریلیق" بە ھاوکاریی کۆمپانیای کەلتەکس ریکۆردز (CALTEX RECORDS) لە ساڵی ١٩٩٦ بەرھەم ھێناوە.

  • زاڕۆژت پیرۆز[٣]
  • ئارزوو، بە ھاوکاریی ئۆرکێسترای سیمفونی ئازەربایجان (Arezoo/Azarbaijan State Symphony Orchestra)[٤]
  • باشترینەکانی زورووفچی بە ھاوکاریی ئۆرکێسترای سیمفونی ئازەربایجان (Best of Zoroofchi)[٥]
  • ئایریلیق (Ayreligh) بە ھاوکاریی کۆمپانیای کەلتەکس ریکۆردز.[٦]

سەرچاوەکان دەستکاری