یەعقوب بن ئیسحاق بن زەید بن عەبدوڵڵا بن ئەبی ئیسحاق حەدڕەمی بەسڕی، (بە عەرەبی: یعقوب بن إسحاق بن زید بن عبدالله بن أبي إسحاق الحضرمي البصري‎)، ئەبوو موحەممەد، یەکێکە لە دە گێڕەوەکانی قورئان، حافز و موقریئی بەسڕە بوو، دوای ساڵی ١٣٠ـی کۆچی لە دایک بووە، لە چەند کەسێک قورئانی خوێندووە وەک (ابو المنذر السلام الطویل) و (ابی الاشھب العطاردی) و (مھدی بن میمون) و قیڕائەشی گوێ لێ بووە لە حەمزەی کووفی و کیسائی و ھی تریش، حەدیسیشی گێڕاەوەتەوە. زۆر کەس لای یەعقوب خوێندوویانە، وەک: ڕەوح بن عەبدولموئمن و موحەممەد بن موتەوەککیل ڕوەیس کە ئەم دووەش ھەردوو گێڕەوە بەناوبانگەکەی یەعقوبن، ھەروەھا (کعب بن ابراھیم) و (الولید بن حسان) و (حمید بن وزیر) و حەفس دووری و بێجگە لەوانیش. ئەبوو حاتەمی سیجستانی وتویەتی: یەعقوب زاناترینە لەوانەی دیومانە لە قیڕائات و ئیختلافاتەکانی قورئان و ڕێڕەوەکانی و ڕێڕەوەکانی نەحو. ئەحمەدی کوڕی حەنبەل وتویەتی: ئەو ڕاستگۆیە. (ابو الحسن طاھر بن غلبون) وتویەتی: ئیمامی خەڵکی بەسڕە لە مزگەوتەکە تەنھا بە قیڕائەتی یەعقوب دەیخوێند. (ابوالقاسم الھذلي) وتویەتی: (..لەوانەش یەعقوبی حەدڕەمی، لە سەردەمی خۆی کەسێکی وەکو خۆی، زانا بوو بە عەرەبی و شێوازەکانی، وە قورئان و ئیختلافەکانی، پیاوچاک و دەڵپاک و تەقوادار و زاھید بوو، لەبەر زوھدەکەی پێمان گەشتووە کە جارێکیان عەباکەی سەرشانی دزرا کە لەناو نوێژ بوو، ھەستیشی پێ نەکرد، بۆشیان ھێنایەوە و ھەستی پێ نەکرد، بەھۆی سەرقاڵیەکەی بە پەرستنی پەروەردگاری..). یەعقوب لە زولحیججەی ساڵی ٢٠٥ـی کۆچی وەفاتی کردووە.

سەرچاوەکان دەستکاری