یوتۆپیا، چەمکێکی فەلسەفییە و پەیوەندیی بە شوێنەوە هەیە، شوێنێک لە ڕاستیدا لەم جیهانە بوونی نییە، واتە ئەو شوێنەی هەموو شتێک تێیدا ئارام و ئایدیالییە، شوێنێکی ئایدیالی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، شوێنێک هەژاری و نەخۆشی و ململانێ و چەوسانەوە، دەسەلاتی تێدا نییە و خەڵکەکەی لەو پەڕی ئازادی و ئارامی و یەکسانی و ئاسوودەییدا ژیان بەسەر دەبەن.

یوتۆپیای تۆماس مۆر١٥١٨

زاراوەناسی

دەستکاری

ئەم زاراوەیە لە زمانی یۆنانیی کۆندا لە دوو وشە پێکدێت: OU واتە (نا) و TOPIA واتە (شوێن)، هەردوو وشەکە پێکەوە واتە(ناشوێن)؛ بۆیە پێی دەڵێن ناشوێن، چونکە لە مێژوودا کۆمەڵگەی لەو چەشنە بوونی نییە.

ئەم وشەیە بەم چەمکە بۆ یەکەم جار نووسەری بەریتانی تۆماس مۆر(١٥٣٥-١٤٧٧) بەکاری هێناوە و لە ساڵی ١٥١٦ کتێبێکی بە ناونیشانی (یوتۆپیا) نووسیوە. تۆماس مۆر لەم کتێبەدا باسی دوورگەیەکی خەیاڵی دەکات کە ناوی یوتۆپیایە و خەڵکەکەی لە ڕووی یاسا و حوکمرڕانییەوە لەوپەڕی یەکسانی و تەباییدا دەژین.

لێرەدا چەندین کتێبی دیکە هەن باسی کۆمەڵگەی خەیاڵی و دەوڵەتی ئایدیالی دەکەن و دنیای یوتۆپی بەرجەستە دەکەن؛ لەوانە کتێبە ناودارەکەی ئەفلاتوون بە ناونیشانی(کۆماری ئەفلاتوون) کە لە ساڵی ٣٧٥ پ.ز نووسراوە، هەروەها کتێبی (آراء أهل المدینة الفاضلة)ی فەیلەسووفی موسڵمان فارابی (٩٥٠-٨٧٤ز)، پاشان کتێبی(شاری خۆر)ی تۆماس کامپانێڵا (١٦٣٩-١٥٦٨)، (شاری خوا)ی قەدیس ئۆگەستین لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی زایینی، (ئۆرگانۆنی نوێ)ی فڕانسیس بەیکن (١٦٢٦-١٥٦١ز)، هەروەها کتێبی (ئیریهۆن)ی سامۆیل بتلەر کە لە ساڵی١٨٧٢دا چاپی کردووە.

لە سەردەمی ئێمەدا

دەستکاری

یوتۆپیا لە م سەردەمەی ئەمڕۆماندا بەو ئایدیا و فیکر و بیروباوەڕانە دەگوترێت کە دەیانەوێت دنیایەکی تر لە دەرەوەی ئەم دنیایە وێنا بکەن و کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی جیاواز لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ بهێننە ئاراوە. کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و بێ چین و بێ دەوڵەت و بێ ململانێ کە سەرجەم تاکەکانی وەکو یەک بژین، بۆ نموونە ئەو کۆمەڵگە کۆمۆنیزمەی کارڵ مارکس وێنای دەکات، بە یوتۆپیا دادەنرێت.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد (٢٠١٥)، فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان، ناوەندی غەزەلنووس.