مامۆستا ھەمزە عەبدوڵڵا ساڵی ١٩١٤ لەناحیەی (باشقەڵا) لە شاری وان لەدایکبووە. باوکی ئەفسەری عوسمانی بووە ، لەشەڕی دژی روسیای قەیسەری دا شەھیدکراوە. بەھۆی محەمەدی برایەوە کە ئەفسەری سوپای عوسمانی‌ و پاشان ئەفسەری سوپای دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق بووە، لە زاخۆ نیشتەجێ بووە. ساڵی ١٩٣٧ کۆلیژی (حقوق)ی لەزانکۆی بەغداد تەواوکردووە.


ھەر ئەو سەردەمەش تێکەڵی چالاکییە سیاسییەکان بووەو پەیوەندیکردووە بە حزبی شیوعی عێراقەوە. ساڵی ١٩٣٨ ناسنامەی عێراقی لێسەندراوەتەوە و ماوەیەک بەنھێنی لەخانەقاکەی سەیید ئەحمەد دا لە کەرکوک ژیاوە. سەرەتای چلەکانیش بەنھێنی لەگوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر درێژەی بەکاری سیاسی داوە، ئەو تێکەڵاوییەی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەدا بواریان بۆ رەخساند شارەزاییەکی زۆر لەسەر رێبازی (ھەقە)کان پەیدا بکات.


ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٤ پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ھەردوو حزبی (شۆڕش ) و(رزگاری) پەیداکردووە، ساڵی ١٩٤٦ لەسەر داوای ھەردوو حیزب چۆتە مەھاباد و بەنیازی دامەزراندنی پارتێکی پێشڕەوی دیموکراتی شۆڕشگێڕ پەیوەندی بە سۆڤێتییەکانەوە کردووە. لە گەشتێکدا بۆ تەورێز ھاوڕێ لەگەڵ شەھید مستەفاخۆشناو و چەند کەسێکی تردا پڕۆژەی پەیڕەو و پرۆگرامی (پارتی دیموکراتی کوردی عێراق)ی نیشانی لێپرسراوانی سۆڤیەت داوەو ئەوانیش پەسەندیانکردووە. کە راگەیاندنی دامەزراندنی پارتی بڵاوکرایەوە، گەڕایەوە کوردستانی عێراق‌ و لە ‌یەکەمین کۆنگرەی پارتیدا پڕۆژەکەی پێشکەشکرد. لەو سەردەمەوە تاکۆتایی ساڵی ١٩٤٩ سکرتێری پارتی بوو. ئەم سەرکردە سیاسییە گەورەیە،‌ نووسەرێکی کەمھاوتا بوو، بەتایبەت لەزمانی عەرەبی دا.

ساڵی ١٩٥٨ ناسنامەی عێراقی پێدرایەوە. تێکچوونی باری تەندروستی وای لە مامۆستا ھەمزە کرد نەتوانێ وەکو جاران چالاکی سیاسی بنوێنێ، بەڵام ھەمیشە بەھەڵوێست‌و نیشتمانپەروەرو رێنیشاندەری نەوەی نوێ بوو. دوو ساڵی کۆتایی ژیانی لە سلێمانی بەسەر بردو رۆژی ١٩٩٨/١٢/١٣ کۆچیدوایی کرد و لە رێورەسمێکی شکۆداردا لەسەر وەسێتی خۆی لەگۆڕستانی گوندی (سیتەک) بەخاک سپێردرا.

سەرچاوە دەستکاری