ڕێبەریکردن (مۆسیقا)

کارێکی مۆسیقی

لە مۆسیقادا، ڕێبەریکردن (بە ئینگلیزی: Conducting) پێکھاتووە لە ھونەری بەڕێوەبردنی نماییشێکی مۆسیقی، وەک ئۆرکێسترا یان کۆنسێرتێکی کۆراڵ. بە «ھونەری بەڕێوەبردنی نمایشی چەند مۆسیقاژەن یان گۆرانیبێژێک بە بەکارھێنانی ھێمای دەستیی» پێناسەکراوە.[١] کاری سەرەکی ڕابەری مۆسیقی دەربڕینی نۆتەی مۆسیقاکەیە (کە لەلایەن ئاوازدانەرەوە دەنووسرێتەوە) بە شێوەیەک کە لە مەودای سکۆرەکەدا بێت، واتە ئەرکی ئەوان نواندنی تێمپۆ و ژەنینی مۆسیقاژەنانە لەکاتی دروستی خۆیان و چاودێریکردنی نمایشەکە.[٢] تاکوو بیرۆکەکانی خۆیان بگەێنن لەکاتی ڕابەرایەتیکردندا، ڕابەرەکان ھێمای دەستیی و چاوی بەکاردەبەن بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ مۆسیقاژەناندا.[٣] زۆرجار دارێک بەکاردەھێنن بەڵام ئەمە شتێکی سەرەکی نییە و زۆرینەی کات بەبێ ئەو دارە نمایشەکە دەبرێت بەڕێوە.

دریجێنت مارتن لیڵ لەکاتی ڕابەرایەتیکردن

ڕابەرە مۆسیقییەکان زۆرینەی کات لە شوێنێکی بەرز دەوەستن و ستاندێکی گەورەیان لەبەردەمەدایە کە نۆتەی مۆسیقاکانی لەسەر داندراوە، کە سکۆری ھەموو ئامێر و دەنگەکانە. لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ەوە، ڕابەرەکان بە پێویستی نازانن کە ئامێرێک بژەنن لەکاتی ڕابەرایەتیکردندا، ھەرچەندە لە مۆسیقای کلاسیکدا ژەنینی ئامێرێک بۆ بەڕێوەبردنی مۆسیقاژەنانی تر شتێکی باو بووە. لە سەردەمی مۆسیقای بۆرۆکدا (١٦٠٠ەکان بۆ ١٧٥٠کان)، مۆسیقاژەنانی تر لەلایەن ھارپسیکۆردژەنێکەوە یان کەمانژەنی یەکەمەوە ڕابەرایەتییان دەکرا. لەوانەیە ئەرکی ڕابەرایەتیکردن بە پیانۆژەنان و سینتسایزەرژەنانیش بدرێت، کە ئەمە شتێکی ناباو نییە بۆ پیانۆژەنان، کە لە زۆر مۆسیقای کلاسیکیدا بڕبڕەی پشتی ئاوازەکانن. پەیوەندیبەستن لەگەڵ مۆسیقاژەنان بە بەکارھێنانی دەنگ زۆر ناباوە، جگە لە مۆسیقای جاز کە لەوانەیە جارجار ڕابەرەکان قسەی تێدا بکەن.

پێش نمایشکردن، ڕابەرانی مۆسیقا بە وردی نۆتەکانی مۆسیقا دەخوێننەوە و تەنانەت زۆرینەشیان لەبەری دەکەن.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Sir George Grove, John Alexander Fuller-Maitland; eds. (1922). A Dictionary of Music and Musicians, Volume 1, p.581. Macmillan. [ISBN ئاماژەی پێنەدراوە].
  2. ^ Kennedy, Michael; Bourne Kennedy, Joyce (2007). "Conducting". Oxford Concise Dictionary of Music (Fifth ed.). Oxford University Press, Oxford. ISBN 9780199203833.
  3. ^ Holden, Raymond: "The technique of conducting", p. 3 in The Cambridge Companion to Conducting" ed. José Antonio Bowen: ed. Bowen, José Antonio (2003). The Cambridge Companion to Conducting. Cambridge: Cambridge University Press. ISBN 0-521-52791-0. {{cite book}}: |last= has generic name (help); Unknown parameter |ناونیشان= ignored (help)