چێشتی مجێور
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
چێشتی مجێور ژیننامەی خۆنووسی مامۆستا ھەژار (عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی) یە کە تێیدا باسی سەرگوزشتەکانی ژیانی خۆی دەکات. ئەمە یەکێکە لە پەڕتووکە دەگمەنەکانی ئۆتۆبیۆگرافی بە زمانی کوردی، کە مامۆستا ھەژار بە زمان و گێڕانەوەیەکی شیرین باسی خۆی و بەسەرھاتەکانی کردووە.[١] ئەم کتێبە بەنرخە پاش کۆچی دوایی مامۆستا هەژار بڵاو بۆتەوە.
ھۆکاری ناولێنان
دەستکاریجاران مجێوری مزگەوت بەرماوەی خواردنی خەڵکی کۆدەکردەوە و لە مەنجەڵێکی ئەنا و تێکەڵی دەکردن کە پێیان دەگوت "چێشتی مجێور". مامۆستا ھەژار ئەڵێ چیڕۆکی ژیانی وەک چێشتی مجێور وایە. ھەروەھا ئەڵێ نە دەمی ڕوودانی بەسەرھاتەکانی لە بیر ماوە نە دەتوانێت یەک بە دوای یەکدا بە زنجیر بیانگێڕێتەوە کەواتە وەک چێشتی مجێور تێکەڵاو گێڕاونیەوە. ئەم بەسەرھاتانە و باسانەی ناو پەڕتووکەکە یان بەسەرھاتی مامۆستا ھەژار ھی خۆیەتی یان لە دەمی دۆستان و برادەرانی قۆزتۆتەوە. مامۆستا ھەژار سەرەتا ویستوویەتی ناوی بابەتەکەی بنێ "قانگ لاشک"، "با بردەڵە" یان "بۆت برێم" بەڵام دوای ناوی "چێشتی مجێور" ی داناوە کە بە وتەی خۆی: پڕ بە پێستیەتی.[٢]
بەرکوڵێک لە «چێشتی مجێور»
دەستکاری- دەگەڵ زەبیحی دووبەدوو زمانێکمان دروست کردبوو کە تێک دەگەیشتین و کەس تێمان نەدەگەیشت. ڕۆژێک کە بەو زمانە قسەمان دەکرد، کابرایەک گوێی لێ بوو. ڕووی کردە کابرایەکی دیکە و گوتی:
ــ ئاخر بۆچی ئاخر زەمان نییە؟ ئەو سەگبابانە بە زمانی جوولەکان قسە دەکەن، دە بڵێ لە کوێی فێر بوون؟!(ل٦٣)
- ڕۆژێک باران دەباری. کابرایەک لە شەودا بانگی لە کەڵەکەوان کردبوو بی پەڕێنێتەوە. کابرامان گرت:
ــ چکارەی؟ ــ فەقیرم و لە خێر دەگەڕێم. برادەران کەوتنە تەحقیقات و نووسین. زۆریان گوت فایدەی نەبوو. شەو بە دەنگێکی وا کە گوێی لێ بێ گوتم: ــ ئەرێ بە شەو کێ دەتوانێت بە پێنج گوللە نیشان بپێکێت؟ ئەو کابرایە بێنن، دایکەین، بزانین کێ دەستی ڕاستە! کابرا کردیە ھاوار: ــ باوکم مەمکوژن، بە خوا من جاسووسی عەجەمانم. کۆتری نامەبەر دە باخەڵم دەنێم، خەبەریان بۆ بە کۆتردا دەنێرمەوە. ناردوویانم بزانم ئێوە چەند کەسن و لە کام خانوودا دەژین.
کابرامان ناردە سابڵاغ. (ل٧٦)
- جارێک شێخولئیسلامی باوکی ھێمن لە ڕاو بووە، کەروێشکێک بە تەماڵ دۆزراوەتەوە، نۆکەرێکی گوتوویە توخوا تاژی تێبەرمەدەن من بە تفەنگ دەیکوژم، کەچی نەی ھەنگاوتووە. ئاغا لێی تووڕە بووە کە بۆچی کەروێشکت لە کیس داین؟ گوتوویە:
ــ بەڵێ ئاغا نەم ھەنگاوت، بەڵام وام ترساند کە تازە ڕووناکاتەوە ئەم گردە! (ل٧٦)
- جارێک «سەرتیپ ھومایونی» نامەیەکی نووسیبوو ناوی پێشەوای (اقای محمد قازی) نوسیبوو. لە جوابی دا لە باتی تیمسار و تەڕەماش بۆم نووسیەوە: (اقای حاجی عەلی)، کە بەوە زۆر تووڕە ببوو. (ل٧٨)
- «حەمەحوسێن خان» کوڕی «سەیفی قازی» و ئامۆزای پێشەوا بوو. پیاوێکی سوورھولی زۆر زەلامی چاوزەق و بەھەیبەت بوو. تا خوا حەزکا کوردێکی دڵسۆز بوو، کرابووە فەرماندەی ھێزی چەکداری کۆمەڵە، بەڕاستی لە ھیچ شتێ نەدەترسا. ڕۆژێک لە تەورێز خۆنواندنی لەشکریی فیدائییانی پیشەوەری لە تەورێز بوو، پیشەوەری پرسیبووی: «پێت چۆنە؟»، گوتبووی: «وەک کۆمەڵە ژنێکی حیزم دێنە بەرچاو کە بەرمووریان تفەنگی بڕنۆیە، بەرگەی دە کەس کوردی چەکدار ناگرن!».(ل٨٠)
- ڕۆژێک ئاودەستەکەمان سەیری لێ ڕیا بوون، پیسایی گەیبووە بڵندایی دیواری پشتەوە. سەروان بیداربەخت ھات بۆ دیدەنیمان. گوتم ئێوە چۆن مەشقی ئەنگێوەیی بە سەربازان دەکەن؟،
دەبێ لە دووھەزار میتر خاڵی ڕەشی ناو ھەدەف بپێکێ. ــ ئەو سەربازانە مەشقیان کردووە یان تازە ھاتوون؟ ــ ھیچیان لە چوار ساڵ کەمتر نییە کە لێرەن، لەبەر شەڕی ئێوە ھیشتووماننەوە. ــ دە وەرە با بچینە سەیری ئاودەست: کونیە ئاودست تا قوونی سەرباز بستێکە، زۆریش لە خاڵی ھەدەف گەورەترە، سەربازێک نەتوانێ ئەو کونە گەورە بپێکێ، مەشقی چی و فێربوونی چی؟! (ل٨٢)
- ڕۆژانە من و هەمزە بە تفەنگێکی تاپڕی شێخەوە دەچووینە ڕاو، سوێسکە و کۆتر و کەومان ڕاو دەکرد. قزڵجی لە ماڵەوە کتێبی دەخوێندەوە. شەو حاسڵی ڕاومان دەخوارد و گوێمان لە قزڵجی دەگرت کە وەک حیکایەت خوانی لە زەبر، چی خوێندبۆوە دەیگێڕاوە، شەوێک قزڵجی لە مەلا عەوڵای پرسی: - ئەگەر کەرێک زۆریش تێر بێ، وێنجەی تەڕی بۆ بەرن نایخوا؟ - جا ئەوە پرسیاری دەوێ؟ - دە بڕوانە لەم کتێبەدا دەڵێ: «شێخ حیسامەدین چوبووە باغێک، کەرێک لەوێ بەسترابۆوە، فەرمووی ئەو کەرە دەڵێ برسیمە. وێنجەیان بۆ برد خواردی!». گوتی: چ سەگبابێک نووسیویە؟ - خەلیفە مەحموود. - جنێو بە خەلیفە نادەم، بەڵام قسێکی بێتامە! (ل ٩٢-٩٣)
- عەوڵا ناوێک لە سیتەک بوو، جگە لە ناوی ئاغا ھیچ عەشتەبای شک نەدەبرد. ھەمیشە دەست لە کەلەکە دا و بە فیزەوە دەیگووت: «من جگە لەوە کە ئاغام، رەعیسول عوزەرای شێخ لەتیفم». نەوسن و چەوەرەیەک بوو ھەر مەپرسە. قادرئاغا ناوێک بۆی دانابوو:
ئەگەر نایناسن ئاغای ھەرووتە لە تەقەی کەوگیر، گوێی وەک کەر جووتە ڕۆژێ بە فیزێکەوە دەگەڵ مەحموود بەگەکەی (بی بی جەک) ھاتنە لام. گوتیان: «ئاغا گەورەترە یان بەگ؟» گوتم من نازانم. «محێدین چنارەیی»، درێژی لاواز، نۆکەری شێخ دەھات، عەوڵاغا بانگی کرد: ــ محە ڕەق تۆ خۆنگەواری، ئاغا گەورەترە، یان بەگ؟ ــ بەخوا ئەمانە وەک سەگ و تاژی وان، فەرقێکیان ناکەم! مەحموود بەگ گوتی: ساوەڵڵا دەڵێن تاژی بەگزادەی سەگانە، من نەجیبترم.
کابرایەکی وێڵی، بێ ماڵی، ڕووتەکە ھەبوو پەستەکێکی سەد پینەی درێژی تا سەر ئەژنۆی دەبەردابوو، سەر و بنی قسەشی «زالیکە» بوو. خۆی بە پێغمبەر دەزانی. شێخ گاڵتەی پێ دەکرد، گوتی: زالیکەی ماکەر! تۆ چۆن پێغەمبەرێکی؟ گوتی: پێغەمبەری کەرانم و خوا ناردوومیەتە سەر ئێوە! (ل١٠٨)
- ئێوارەیەک دەگەڵ قانیع چوومە مەنزڵەکەی، لە دوورەوە بانگی کرد:
ــ عەولقادر ژوورەکە چاکەت دە، ــ یانی چی؟ ــ گزکمان نییە بە چاکەت ئەیماڵین. قانیع کرا بە موعەللیم لە (باڵانیش)، پاشان لە (کەلبە رەزاخان). کە لێیان دەپرسی چکارەی؟ دەیگوت: ھام لە (سەگی پێشەوا)! ئەم گوندە ناوی (کەلبەرەزاخان) بووە، (کەلب) سەگە و رەزاخانیش نەماوە. (١٠٩ و ١١٠)
- قانیع و فەقێیەک لە مزگەوتی دێیەکن. حاجییەک تۆپێک خام بۆ بەرماڵی مزگەوت دەکڕێ. قانیع دەرفەت دێنێ بە فەقێ دەڵێ: ئەم مزگەوتە چەند ساڵە بنیات نراوە؟
ــ سەدساڵ. ــ چەند ساڵە ڕووخاوە و بە مردوو حەساوە؟ ــ چوزانم، پەنجا ساڵە. ــ خاسە، پازدە ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووە، ئەمێنێتەوە سی و پێنج ساڵ، خۆ ئیسقاتی بۆ نەکراوە!
بەرماڵ دەپێچێتەوە و سی و پێنج جار دەڵێ: «ئەو بەرماڵەم دا بە تۆ لە کەفارەتی ئەو تڕ و تسانە و درۆیانەی لادێیی لەم مزگەوتە کەندوویانە و کردوویانە. بڵێ قبوڵم کرد و دامەوە بە خۆت!». بەرماڵ لەت دەکەن و دەیکەنە کراس و دەرپێ. لە سەر ئەمەش لە دێ دەری دەکەن. (ل ١١١)
لێکۆڵینەوە و ڕەخنەکان
دەستکاریهەژاری مرۆڤ و دەوروبەری یا کارەساتی کۆمیدیاییەک
دەستکاریشێرکۆ هەژار، کە کوڕی هەژار موکریانیە نووسەری چەند پەرتووکێکە[٣]، لە پەرتووکی "هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری یا کارەساتی کۆمیدیاییەک"[٤]دا کە سێ بەرگە، تیایدا باسی هەندیک لە نهێنیەکانی هەژار دەکات و شیکردنەوەیەکی بۆ چێشتی مجێور کردووەو و تیایدا هەندێک گێڕانەوەی ناو چێشتی مجێور بە ناڕاست دەداتە قەڵەم و شیکردنەوەیەک بۆ کەسایەتی هەژار بە گشتی و هەندێک لە بەرهەمەکانی و ڕاوەستان لەسەر هەندێک ڕەفتاری هەژار و زۆر باس و خواسی تر، بۆ وێنە:
"ناوبردنی هەموو بەرهەمی هەژاریش بە یەک نەفەس، بە هەمان شێوە بریتیە لە درشتکاری و گۆترەکاری و -وەک دەڵێن- تێکەڵکردنی ماست و دۆشاو.
ئەوانە هەموو لێکۆڵینەوەیان دەوێت، من لای خۆمەوە دەتوانم بڵێم:
- "بۆ کوردستان" شتی باشیشی تێدایە و شتی خراپیش.
- وەرگێڕانی شەرەفنامە زۆر پەڕپووتە.
- قانوون لە تیبدا، ئەوە فارسەکان دەبێت حوکم بدەن بزانن ئەو پارەیەی بۆ ئەو وەرگێڕانە داویانە بە هەژار لەجێی خۆیدا بووە یان نا...
.
- شەرحی دیوانی مەلای جزیری، من بە باشی دەبینم.
- 'مەم و زین'ەکەشی خراپ نیە.
- هەنبانە بۆرینە، وەک من تۆژیومە، یەکێک لە کەرەسە بەکەڵکەکانە بۆ کەسێک کە فەرهەنگێکی کوردی دابنێت."(ل٣٧٤-٣٧٥)[٥]
"وەرگێڕانەکەی قورئانم نەدیتووە، تەنیا لە "گووگڵ"دا لاپەڕەی یەکەم( سورة الفاتحة )ی ئەو وەرگێڕانەیم دیت کە وەرگێڕانی هەڵە بوو! "رب العالمین"ی کردووە بە "ڕاهێنەری جیهان"، لە کاتێکدا کە نە"رب" واتا"ڕاهێنەر" و نە"العالمین" واتا جیهان. ... ناکرێت لێرەدا وەکو "عبدالله بن سعد بن ابی سرح" بڵێیت دە یاڵڵا فەرقی چیە! بەڵام وا ئەوە بۆ هەژار لواوە، تەنانەت ئەگەر بیکردایە بە"ڕاهێنەری کورد و کوردستان"یش کەس نەدەبوو بڵێت لەل، مەسەلە"نور الإمان"ە بەهەژار، دە دڵی هەم خوێنەران و هەم ئەو کاربەدەستانەی ئێرانی کە پارەیان بەو وەرگێڕانە داوە. دیارە ڕێنووسەکەش لێرەدا هی تاقە یەک کەسە لەجیهاندا کە ئەویش هەژار خۆیەتی، نەفەرێکی دووەم لە جیهاندا نیە ئەو ڕێنووسە کوردییە بەکاربهێنێت، ئیتر"نور الإمان" لە سەرووی واتای وشەو ڕێنووس و ئەو شتانەیە و، هەژاریش ئەوەی باش دەزانی بۆخۆی زۆر بە ئارامی و بێ هیچ ترسێک تێدەکەوت." ل(٣٨٩)[٥]
پەراوێزەکان
دەستکاری- ^ (دەسپێکی چێشتی مجێور، لاپەڕەی یازدە - چاپی سێھەم ٢٠٠٩-پەخشانگای ئازادی)
- ^ (پێشەکی چێشتی مجێور، لاپەڕەی ١-چاپی سێھەم ٢٠٠٩-پەخشانگای ئازادی)
- ^ «Sherko Hejar – Download Library» (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ڕەسەنەکە لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری یا کارەساتی کۆمیدیاییەک (PDF) (بە کوردی) (بەرگی یەکەم ed.). ٢٠٠٨. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite book}}
: زیاتر لە یەک دانە لە|ناونیشانی ئەرشیڤ=
و|archive-url=
دیاری کراوە (یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ ئ ا هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری یا کارەساتی کۆمیدیاییەک (PDF). ٢٠١١. pp. ٤٨-٤٩، ٦٣. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite book}}
: زیاتر لە یەک دانە لە|ناونیشانی ئەرشیڤ=
و|archive-url=
دیاری کراوە (یارمەتی)
سەرچاوەکان
دەستکاری- ھەژار، چێشتی مجێور، خانی شەڕەفکەندی ئامادەی کردووە و سەرپەرشتی چاپی کردووە، چاپی یەکەم: پاریس ١٩٩٧.
- مامۆستا ھەژار، جێشتی مجێور، ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی میھرەگان، چاپی دووھەم: ٢٠٠٧
- مامۆستا ھەژار، چێشتی مجێور، پەخشانگای ئازادی، چاپی سێھەم - ٢٠٠٩