پەیوەندی تەرزی بەستراویی شتەکانە بە یەکترەوە، یا شێوازی وەستان و دانرانیان لە حاند یەکترا. بەتایبەت، پەیوەندیی نێوان دوو شت بەو شێوەیە دەوترێ کە ھەر کامەیان لە چاو خۆیەوە ئەوی دیکە دەبینێ. بۆ وێنە، پەیوەندی نێوان دوو قەبارە کە یەکیان نیوە یا دووھێندەی ئەوی ترە، یا پەیوەندی نێوان زانایی و ئەوەی شیاوی زانینە، یا پەیوەندیی باوک و فرزەندیی نێوان دوو کەس.[١][٢]

پەیوەندییەکان لە زۆر ڕووەوە وەکوو تایبەتمەندییەکان وان، ئەوانیش ئەو شتەی کە بۆی بە کار دەبردرێن وەسف دەکەن. تایبەتمەندییەکان ھەندێ جار وەکوو حاڵەتگەلێکی ئاوارتە و نائاسایی لە پەیوەندی مامەڵەیان لەگەڵا دەکرێ. [٣]

لە فەلسەفەی ئەرەستوو و کانتدا، پەیوەندی یەکێک لە کاتەگۆرییەکان بە ئەژمار دێ.

چاوپیاخشاندن دەستکاری

تێگەیشتەی پەیوەندی مێژوویەکی دوورودرێژ و ئاڵۆزی ھەیە. یەکێ لەو بابەتانەی کە فەیلەسووفەکانی یۆنان زۆری ھۆگر بوون، ئەوە بوو کە بزانن چەند ڕێگا ھەیە بۆ وەسفکردنی شتێکی تایبەت؟ دەسنیشانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو شتە و شتەکانی تر، یەکێ بوو لەو ڕێگایانە. ھۆگرێتیی دووەم، جیاوازیی نێوان پەیوەندییەکان و شتەکان بۆ خۆیان بوو. ھەندێ کەس پیان وابوو کە شتەکان تەنیا لە ڕێگای پەیوەندییەکانیانەوە شیاوی ناسینن، یانی ئێمە ناتوانین ھیچ لەبارەی شتێکەوە بزانین ھەتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ شتانی ترا دیاری نەکەین. مشتومڕگەلی لەم چەشنە لە کۆنەوە ھەر بووە و خۆی خستووەتە ناو فەلسەفەی مۆدێرنیشەوە. ئەمەش بووە بە ھۆی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە جۆرەکانی پەیوەندی و ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارگەلێک وەکوو ئەمە کە ئاخۆ پەیوەندی تەنیا ھیی ناو زەینە یا لە دنیای واقیعیشدا ھەیە؟

جۆرەکان دەستکاری

بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان شتەکان، بۆ نموونە، نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵانی خەڵک و جیھانی بەربڵاوتر، پێویستە جۆرەکانی پەیوەندی دەسنیشان بکرێن. بیروڕاکان زۆرن، بەڵام ھەندێ جار دوای وردبوونەوە و شیکردنەوە، پەیوەندییەکان دەکرێنە سێ جۆرەوە: ۱) پەیوەندییە فەزایییەکان، کە ئەندازە و ژمارە لەبەر دەگرێ، ۲) پەیوەندییەکانی ھۆ و بەرھۆ و، ۳) پەیوەندییەکانی سەر بە لێکچوون و جیاوازبوون کە بناخەی پۆلێنکاریی شتەکان پێک دێنن.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Borchert, Donald (2006). "Ontology". Macmillan Encyclopedia of Philosophy, 2nd Edition. Macmillan.
  2. ^ Honderich, Ted (2005). "relations". The Oxford Companion to Philosophy. Oxford University Press.
  3. ^ Orilia, Francesco; Paolini Paoletti, Michele (2020). "Properties". The Stanford Encyclopedia of Philosophy. Metaphysics Research Lab, Stanford University.