پیروەلی باغی گوندێکە کە لە نێوان شارەکانی مەھاباد، میاندواو و بۆکاندا ھەڵکەوتووە. لە نێوان دوو ناوچەی چۆمی مەجیدخان و محاڵی ئەختاچی دا. ئەگەرچی مەودای لەگەڵ چۆمی تەتەھوو یان بەو جۆرەی ناوچەکەی بە ناو کراوە، چۆمی مەجیدخان، زۆرە. پێشوو سەر بە شارستانی مەھاباد بوو بەڵام دوای ئەوەی بۆکان بوو بە شارستان، ئەو گوندەش وێڕای چەندین گوند و ناوچەی دیکە خرایە سەر شارستانی بۆکان. بەپێی لۆغەتنامەی دێھخودا، پیروەلی باغی سەر بە ناوچەی محاڵی یەختەچییە[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]. ھەر بەپێی دێھخودا ژمارەی دانیشتووانی گوندەکەی بە ٢١٧ کەس خەمڵێندراوە. ئەوەش ھەمان ئەو زانیاریانەیە کە «حاجی عەلیی رەزم ئارا» لە جڵدی چوارەمی کتێبی جوغرافیای ئوستانەکانی ئێران دا سەبارەت بە پیروەلی باغی نووسیویەتی و مێژووی زانیارییەکانی بۆ نێوان ساڵانی ١٣٢٥ تا ١٣٣٥ دەگەڕێتەوە و لەو بارەوە نووسیویەتی: پیروەلی باغی pir-vali-bäqi دێیەک لە دێیەکانی ئەختاچی بەشی دەوروبەری شارستانی مەھاباد

٣٥ کیلۆمیتریی ڕۆژھەڵاتی مەھاباد. ٧/٥ کیلۆمیتریی ڕۆژاوای جادەی ڕاکێشراوی بۆکان بۆ میاندواو

کوێستانی - فێنک - مالاریایی - دانیشتووانی ٢١٧ کەس - کوردی سوننی

ئاوی لە کانیاوە - بەروبووی بریتییە لە توتن و دانەوێڵە،

پیشە؛ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری - بەرھەمی دەسکار، جاجم تەنین، رێگا؛ مالرۆ (ڕێگای باریک کە تەنیا مرۆڤ و ئاژەڵ دەتوانن پێی دا بڕۆن)

لە ویکیپێدیای فارسی دا حەشیمەتی گوندەکە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ بە ٣٠٠ کەس و ٥٦ بنەماڵە خەمڵێندراوە.

ناو دەستکاری

پیروەلی باغی یان بە فارسی پیرولی باغی، بە شێوەکانی "پلۆری باغ"، پلۆری باغی، پللۆری باغ، پللۆری باغی، پیرۆلی باغی، پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی لە زمان دانیشتووانی ناوچەکەوە گۆ دەکرێ بەڵام دروستەکەی پیروەلی باغ یان پیروەلی باغییە.[١]

لە مێژووی نووسراودا دوو کەسایەتی ھەبوون کە ناویان وەک ناوی ئەو گوندەیە؛ یەکەمیان پیروەلی برای ئەمیر وەلی و ئەمیر خوسرەوشا و دووھەمیان "پوریای وەلی" کە ناوی پاڵەوانێکی ئێرانی بووە و گۆیا گۆڕەکەی لە شاری خۆی ھەڵکەوتووە. بەڵام ئەگەری ئەوە لاوازە کە ناوی ئەو گوندە پێوەندی بە ناو و کەسایەتیی ئەو دوانە یان لە یەکێک لەو دوو کەسایەتیانە ھەبێ.

ناوی پیروەلی باغ لە ناوی شەخس و پیاوچاکێک وەرگیراوە کە ئیستا گۆڕەکەی بە «حاجی وەلی» ناسراوە. گۆڕی حاجی وەلی لە پەنا ئاوایی پیروەلی باغی بە وارش و ئاڵا و کۆمەڵێک بەردی سپی، تەخت و درێژ، لە ناو گۆڕستانێکی تەنیشت ئاوایی ھەڵکەوتووە. گۆڕستانەکە بەھۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ ماڵەکانی ئاوایی، لە مێژە ئیدی مردووی لێ نانێژرێ بەڵام نزرگەی کچان و کوڕانە. ئەوانەی نیازێکیان هەیە چلدانەی لێ دەگرنەوەو بەختی خۆیان لەوێ تاقی دەکەنەوە و دایکان ئاقیدەیەکی زۆریان پێی ھەیە. «وەلی» پێش ئەوەش کە بچێ بۆ حەج و ببێ بە «حاجی وەلی»، لە ناو خەڵک دا خۆشەویست و جێگای ڕێز بووە. وەک گەورەیەکی ئایینی لەقەبی «پیر»ی بۆ بە کار ھێنراوە و پێیان گوتووە «پیروەلی». «پیر» لە ئایینی میترائیسمدا دوا پلەی خواناسی و ھاوتای خۆر بووە کە دوای ھاتنی ئیسلامیش وشەکە بە پلە ئایینییەکەوە ھەر وا بۆ پیاوچاکانی ئایینی ماوەتەوە. «پیر» بە مانای پیاوچاک و شێخی تەریقەت. «وەلی» بە ڕواڵەی ناوی ئەو پیاوچاکە بووە یان لە بەر پیاوچاکی، خەڵک بە «وەلی» و جێنشینی پێغەمبەرانیان شوبھاندووە. ھەرچەند ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەو بەراستی شێخی تەریقەتێک بووە یان تەنیا گەورە و خۆشەویستێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی. چونکە لە ئاوایییەکەدا جگە لە قەبرستانی سەرەکیی ئاوایی کە بە «قەبری سەیدان» ناسراوە، شێخ و سەیدی لێ نین و کەسیش خۆی بە وەچە و نەتیژەی ئەو نازانێ.

سەبارەت بە بەشی دووهی ناوی پیروەلی باغی، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر هەبوونی باغێکی پڕ پیت و بەرەکەت لە پاڵ مەزاری حاجی وەلی کە بە ئاوی کانیاوی سەرەکیی ئاوایی پاراو دەکرێ و خەڵک بە «باغی حاجی وەلی» دەزانن. باغەکە داری کۆن و لەمێژینەی گوێز، توو و ھەروەھا باغێکی گەورەی ترێی لەخۆ گرتبوو. دوای داگیرکرانی کوردستان بە دەست پاسدارانی ناکۆماری ئیسلامی، باغەکە دەستی بەسەردا گیراو لە ئەنجامی پێڕانەگەیشتندا ڕوو لە فەوتانە. ھەروەھا پێشتریش زیانی پێ گەیەندراوە. لەوانە لە دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ کە دەسەڵاتی مەلایان لە تاران گەمارۆی سووتەمەنی خستبووە سەر کوردستان، بەشێک لە دارگوێزە بە نرخەکانی باخەکە بۆ گەرمکردنی کورەی مزگەوت بڕدران. بە کورتی وێدەچێ ناوی پیروەلی باغ لەو باغ و شەخسە وەرگیرابێ. گوندی «باغی پیروەلی». ھەرچەند جۆری تێکھەڵکێش کرانی ئەو دوانە لە ناوی پیروەلی باغی دا، وەک ناوی بەشێکی زۆر لە گوندەکانی موکریان، بیچمێکی تورکانەی ھەیە. باخەکە پێشتر ھی بنەماڵەی قازی بوو و قازی ئەسکەری مامی قازی محەممەد بەسەریدا ڕادەگەیشت کە دواتر بە شێخانی غەوسابات فرۆشترا. بەڵام دوای ئینقلاب و داگیرکرانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی، باغەکەش لەلایەن پاسدارەکانەوە دەستی بە سەردا گیرا.

  • بۆچوونێکی دیکە سەبارەت بە ناوی پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی ئەوەیە کە وشەکە لە بنەڕەتدا «پیروەلی بڵاغی» بووبێ. بە مانای کانیی پیروەلی. وەک «ئاتابڵاغی» و.. ئەویش بەو ھۆیە کە مادام جۆری داڕشتنی ناوەکە تورکییە، ناکرێ سەرجەم پێکھاتەکەی (پیر، وەلی و باغ) کوردی یان غەیرە تورکی بێ. ھۆکاری سوان و کورتبوونەوەی «پیروەلی بڵاغی» بۆ «پیروەلی باغی» ش ڕەنگە بۆ دووپاتبوونەوەی دوو جار پیتی «ل» لە ناوەکەدا بووبێ.

جوگرافیای گوند دەستکاری

پیرولی باغی لە نێوان ئەو دێھاتانەی خوارەوە دا ھەڵکەوتووە و بە قەولی دانیشتووانی ناوچەکە مەزرایان لێک دەگەڕێتەوە:

  • لە باشوور: گۆلی مەرزینگ
  • لە باشووری ڕۆژاوا: شۆریجە، عەوڵاتەپەسی و کۆنە مەڵالەر
  • لە ڕۆژاوا: شێخاڵی و قۆرغان
  • لە باکوور: غەوساباد و دەوەشاری
  • لە باکووری ڕۆژھەڵات: بەردەڕەشان و مەخسودیان
  • لە ڕۆژھەڵات: ئاغەڵیان، سریلاوا
  • لە باشووری ڕۆژھەڵات: قارنجە و حسین مامە

ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لە کانییەک دابین دەکرێ کە لە ڕێی سیستمی کەرێزە، لە دوو کیلۆمیتریی ڕۆژاوای گوندەکەوە کێشراوە و ھەر بە کانی پیروەلی باغی ناسراوە. جگە لەوەش چەندین کانی و ئاوی دیکە مەزرا و کێڵگە بەراوەکانی ئاوایی پاراو دەکەن وەکوو: گۆلی مووچەی کاکی، گۆلی کا حەمە حەسەن، بەردە سووران، کانی گوڵان، کانێ سپی، کانی مەلا، کانی زەنگوڵە و کانی حاجی ڕەسوڵ.

کێوەکانی ئاوایی: داغداغانی، سێ لک، کاسە ڕووت، فەندیان یا کێوی سریلاوا، کێوی عەوڵابات و کەلە ملە، وەتەلگی، کێوە سپی، کێوە سوور، کورسیلە یا چراغچی و پاردە.

لە ساڵی ١٣٧١ کارەبا بۆ گوندەکە کێشراوە و ساڵی ١٣٨٥یش ئاوی لولەکێشی بۆ چووە. ھەروەھا ڕێگای گوندەکەش ئیسفاڵت کراوە.

سەرچاوەی ئابووریی خەڵک دەستکاری

حاسڵات پیروەلی باغی خاوەنی زەوی و زارێکی زۆرە بەڵام زۆربەی زەوییەکانی دێمەکارن. گەنم، جۆ، نۆک، نیسک، بەروبوومەکانی بێستان وەک شووتی، کاڵەک، تەماتە، خەیار (ھارۆ) و ترۆزی لە بەروبوومەکانی کشتوکاڵی گوندەکەن. پێشتر تووتنیشی لێ بەرھەم دەھات کە ئیستا ڕمێنی نەماوە. ھەروەھا داری بەریشی لێیە وەک گوێز، بادام، قەیسی، ترێ و تووی ڕەش. بە شێوەی خۆرسکیش ھەر دوو جۆرە داری گێوژ (سوور و زەرد) لە چیاکان ھەن. ئەو بەشە لە زەوییەکانی ئاوایی کە بەراون، بە ئاوی کانی پاراو دەکرێن کە سەرجەم پێنج مووچە و مەزرای لەو جۆرەی لێیە کە ھەر کامیان چەندین کانیان تێدا ھەڵکەوتووە. مەزراکان بریتین لە: مەزرای کۆنە دێ، مووچەی کاکی، بەردەسووران، مەزرای مامە حاجی، و مووچەی بەر دێ. دوای میکانیزەبوونی کشتوکاڵ، بیر و پۆمپ لە بەشێکی بەرچاو لە پێدەشتەکانی ئاوایی ھەڵکەندرا و بەو جۆرە مووچە و مەزرایەکی زیاتر بەراو کران.

ئاژەڵداری دەستکاری

جگە لە کشت و کاڵ، نیزیک بە ھەموو بنەماڵەکانی ئاوایی مەڕدارن. ھەموو بنەماڵەیەک لە پاڵ کاری کشت و کاڵ ١٠ تا ١٠٠ سەر و بگرە زیاتریش مەڕیان ھەیە کە بە ھەر چەند ماڵ، ساڵانە شوانێک مەڕەکان وەک مێگەل لە کێو و پێدەشتەکانی ئاوایی دا دەلەوەڕێنێ. جگە لەوە ھێندێک ماڵ چەند سەر مانگاشیان ھەیە. ھەروەھا مریشک، قەل، قاز و مراوی ئەو پەلەوەرانەن کە لە ئاوایی دا ھەن و دانیشتووان بۆ ھێلکە و گۆشت کەڵکیان لێ وەردەگرن.

دانیشتووانی ئاوایی: دانیشتووانی پیروەلی باغی سەر بە تایفە یان عێڵ و عەشیرەتێکی تایبەت نین و لە نێویان دا بنەماڵەکانی سەر بە مامەش، مەرزینگ، کوردە، باریک و ھیتر ھەن.

مێژووی پیرولی باغی دەستکاری

ڕوون نییە کە پیروەلی باغی کەی بۆ یەکەم جار ئاوەدان کراوەتەوە. ناوەکەی کە زیاتر وەک پێکھاتەیەکی تورکی دەچێ، بۆ سەردەمی ھاتن و داگیرکاریی تورکان دەگەڕێتەوە. ھەرچەند ئەوەش بەدوور نازاندرێ کە وەک زۆر گوند و ئاوایی دیکەی ناوچەکە، ناوی ئەو گوندەش وەرگێڕدراوی «کانیی پیروەلی»یان «باغی پیروەلی» بێ و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی تورکاندا وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی تورکی و گۆڕدرابێ. بەڵام بەو حاڵەش بە سەرنجدان بەوە کە بە ھەر چەند کیلۆمیتر لە دەوری ئاوایی شوێنەواری کۆنە دێیان ھەیەو ئەو شوێنانەش ھەر کامیان بە سەردەمێک پێش لەو ئاوایییە، ئاوەدان بوون و دواتر بە ھۆکاری جۆراوجۆری وەک سێڵاو، گرانی و … دانیشتووانەکەی بۆ شوێنێکی تر گواستوویانەتەوە، وێناچێ پیروەلی باغ لەو کۆنە دێیانە کۆنتر بێ. بۆ وێنە ئاسەواری ژیان و نیشتەجێ بوون بە شێوەی کۆنەسواڵەت یان کاولە کۆن لە مووچەی کاکی، مەزرای کۆنەدێ، کاولان و مەزرای بەردەسووران کەم و زۆر ھەر ماوە.

پیروەلی باغی لە سەدە و دەیەکانی کۆتایی دەورانی فیئوداڵی و سیستەمی ئابووری - کۆمەڵایەتیی ئاغا و ڕەعییەتی دا مڵکی بنەماڵەی قازی بوو و لە دوایین ساڵەکانیش دا لە نێوان ئاغاکانی دێبوکری و بنەماڵەی قازی دا دابەش کرابوو. ھەروەھا شێخانی غەوساباتیش زەوی و زاریان لە پەنا ئاوایی ھەبوو. بەر لە بنەماڵەی قازی، پیروەلی باغی مڵکی سەیدانی نوورانی بوو. بەڵگەش بۆ ئەوە بەسەرھاتی دەمی ئاویلکەدانی میرزا قاسمی قازی باوکی میرزا فەتاح و قازی عەلییە: "میرزا قاسم مریدی دڵسووتاوی شێخی بورھان بوو. پێش سەرەمەرگ داوای لە شێخ کردبوو کە یەک لە نیزیکانی خۆی بۆ خوێندنی یاسین و دادانی تەڵقینی بنێرێتە ژوور سەری. شێخ مەلای رەوانی یان رەببانی بۆ ئەو کارە رادەسپێرێ. "سەید سەعیدی نوورانی" لە عالەمی باتینیی مەلای رەوانیدا ھاتووەتە ژوور سەری میرزاقاسم و پێی دەڵێ؛ "لە تۆڵەی ئەوەی کە ئێوە بە تۆبزی دێی "پیروەلی باخی"تان لە وەرەسەی ئێمە ئەستاندوە، ئەمن ئیمانت لێ دەستێنم."

سەید سەعید کە پێش میرزا قاسم کۆچی دوایی کرد، لە سەیدانی کولیجە بوو. ساڵی ١٢٦٧ی کۆچی ھەتاوی یان ١٨٨٨ی زایینی کۆچی دوایی کردو لە خانەقای شێخی بورھان نێژرا. بەو پێیە سەیدانی نوورانی میراتگری حاجی وەلی بووبن و ئەو سەیدانەش کە گۆڕ و وارشیان بووەتە بناخەی گۆرستانی ئاوایی لە قەبری سەیدان، سەیدی بنەماڵەی نوورانی و خاوەن مڵکانی پێشووی ئەو گوندەن. سەیدانی نوورانی لە سنجاخ، کولیجە و چەند ئاوایی دیکەی ئەو دەڤەرە نیشتەجێن و خانەقای زەمبیل ھی ئەوانە. مڵکی پیروەلی باغی دەبێ لە زەمانی میرزا ئەحمەدی باوکی میرزا قاسمی قازی یان ھەر لە زەمانی میرزا قاسم دا کە ٧ برای ئازای ھەبوو، بۆ ئەو بنەماڵەیە دەستەبەر بووبێ. میرزا قاسم باوکی قازی عەلی، قازی ئەسکەر، سەیفولقوزات و میرزا ڕەحیم بوو کە ئەوەی دواییان لە تافی لاویدا لە پیروەلی باغی کوژرا.

ھاوکات لەگەڵ بنەماڵەی قازی، بەگزادەی موکریش تەماحیان لەسەر پیروەلی باغی ھەبوو. موکرییەکان کە دوای کوشتاری موکری قڕان لەلایەن شا عەباسی سەفەوی، لە بداخ سوڵتانەوە جارێکی دیکە درێژەیان بە دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە دایەوە، چەند جار شەڕ و تێکەڵچوونیان لەگەڵ بنەماڵەی قازی ھەبوو. شەڕی نێوان قازی و بەگەکانی بورھان کە ئاغای کۆنەمەڵالەریش بوون، لەسەر سنوور و کەوشەنی نێوان مەزرای کۆنەمەڵالەر و پیروەلی باغی ھاتە ئاراوە. لە یەکێک لەو تێکەڵچوونانەدا میرزا ڕەحیمی قازی برای قازی عەلی و مامی پێشەوا قازی محەممەد، کە ھێشتا جەوان بوو، لە نێوان سێلک و تەپکی گەڵاڵان کوژرا. کوژرانەکەی بەو جۆرە بوو کە میرزا ڕەحیم جووت و گای بردە سەر ئەو زەوییە دێمەکارانەی کە کێشەیان لەسەر بوو. بەگەکان ھەڵیانکوتایە سەر میرزا ڕەحیم و پیاوەکانی و، میرزا ڕەحیم بە دەستی «مەجیدبەگی بورھان» کوژرا. بە دوای ئەوەدا شەڕ بەرین بۆوە و بنەماڵەی قازی و بەگ لەشکریان لێک کۆ کردەوەو چەندان جار لێکیان دا و لێکیان کوشت.

لە سەردەمی شەڕی جیھانیی یەکەم دا، دوای ئەوەی خەڵکی شاری مەھاباد و ناوچەکە لە ترسی ھێرشی عرووس و لە ململانێی شەڕی ڕووس و عوسمانی دا ناچار بوون ناو شار و ئاوەدانی بە جێ بێڵن، قازی محەممەدی شەھید و ئەبولقاسمی سەدری قازی برای پێشەوا کە گەنج و تازە پێگەیەیشتوو بوون، لەو گوندە مانەوەو بە سەر دەغڵ و دانی ئاوایی دا ڕادەگەیشتن. زۆربەی خەڵک بەرەو ناوچە سەخت و شاخاوییەکان ڕایانکردبوو بەڵام میرزا محەممەد (پێشەوا قازی محەممەد) و میرزا قاسم (سەدری قازی) لە پیروەلی باغی ئەرکی ئاگاداری لە مڵک و ماڵ و حاسڵات و کاروباری مەزرایان پێ سپێردرابوو. ئەو دوو لاوە کە ئەو کاتە زۆرتر لە پازدە یا شازدە ساڵ تەمەنیان تێنەپەڕیبوو، بە یارمەتی گەوەرتاج خانم کچی میرزا فەتاحی قازی، خێزانی قازی عەسکەر کە پووری ئەوان و شێرەژنێکی ھەڵکەوتەی مەڵبەندی موکریان بوو، زۆر ئازایانە کاروباری گوند و مەزرایان ڕاپەڕاند و سەرکەوتووانە لەو ھەرێمەدا کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان کرد. قازی عەسکەری مامیان ھەروەھا گەنم و دەغڵ و دانێکی زۆری دەچاڵ و عەمباران دا ڕاگرتبوو کە لەو سەردەمەدا بەھۆی گرانی و قاتی و قڕی زۆر باش بە گران دەفرۆشرا. میرزا محەممەد و میرزا قاسم وێڕای ئەوە کە بەو گەنم و دەغڵ و دانە گیانی ھەزاران کەسیان لە مەرگ ڕزگار کرد، بە فرۆشی ئەو دەغڵ و دانە دامودەزگایەکی دەسەڵات و ئاغایەتییان وەڕێ خست و بە پوڵی ئەو گەنمە دواتر گوندەکانی گوێگجەلی، دەلمە، مشیرابات، کانی کووزەڵە و عەوڵابات لەسەر چۆمی جەغەتوو کڕدران.

ھەر لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە لە گوندی پیروەلی باغی مابوونەوە، میرزا محەممەد و میرزا قاسم لەلای چەند نەفەر کاربەدەستی ڕووسی کە لە میاندواو بوون و ھاتوچۆی ئەو مەڵبەندەیان کردووە فێری زمانی ڕووسی بوون. بەتایبەتی میرزا محەممەد زۆربەی کاتی خۆی بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە و دەرسی ڕووسییەوە تێپەڕ کردووە و کاروباری مڵکداری و ئاغایەتیی بۆ میرزا قاسم بەجێ ھێشتووە. ئەم ماوەیە کە چەند ساڵی کێشاوە بۆ ئەم دوو لاوە وەک پلەیەکی گرینگی پێگەیشتن دێتە ئەژمار. میرزا قاسم پاش ساڵی شکاک (١٩٢٤_١٩٢٠) دەگەڵ کچی خاڵی خۆی شاسوڵتان خانمی ناھید کچی مستەفا بەگی سڵەمانکەندی کە لەقەبی سالاری ھەبووە زەماوەند دەکا. ھەر لەو ساڵەدا قازی عەسکەر و قازی عەلی و سەیفولقوزات جوێ دەبنەوە و ھەرکەو ماڵی خۆی دەکا. سەیفولقوزات گوێگجەلی (گوندێک لەسەر جەخەتوو) وەبەر دەکەوێ، قازی عەلی لە قارنجە و ئاغەڵیان بەشی خۆی ھەڵدەگرێ و قازی ئەسکەریش (میرزا عەبدوڵا) لە پیروەلی باغی دەمێنێتەوە.

میرزا عەبدوڵا (قازی ئەسکەر) وەجاخ کوێر و بە پێچەوانەی براکانی، پیاوێکی کەم خوێندەوار بەڵام بە مشوور بوو. دەورێکی گرینگی لە ئاوەدان کردنەوە و پێڕاگەیشتن بە گوندەکە دا ھەبووە. لەوانە سازکردنی حەوز و دەستبەئاو، بینای قەڵات و باڵاخانەیەکی بەرز کە بە خشتی خاو داندراوە کە بە داخەوە بەھۆی بێ خاوەنی ڕوو لە فەوتان و خاپوور بوونە. کە قازی ئەسکەر مرد، مڵک و ماڵەکەی وێڕای قەرزێکی زۆر، بۆ سەیفولقوزات بە جێ ما. ئەویش بەپێی بەڵگەنامەیەک، دوو دانگ لە مڵکی ھەر کام لە گوندەکانی پیروەلی باغی و عەوڵاباتی بە حاجی میرزا ساڵحی ئەمینی تاجری سابڵاخی فرۆشت تا قەرزەکانی قازی ئەسکەری پێ بداتەوە. مەبەست لە عەوڵابات لێرەدا ھەر ئەو گوندەیە کە لە داوێنی کێوی عەوڵابات لەسەر ڕێگای پیروەلی باخی بۆ حسین مامە ھەڵکەوتوەو دەمێک ساڵە چۆڵ و کاولە. ڕەنگە ھەر لە سەرەتاشەوە لەلایەن قازی ئەسکەرەوە ئاوەدان کرابێتەوەو ناوی خۆی (میرزا عەوڵا - عەوڵابات)ی بەسەردا بڕاوە.

وێدەچێ قازی ئەسکەر لە سەردەمی ژیانی خۆیشیدا بەشێک لە زەوی و مڵکی پیروەلی باغیی بە ئاغایانی دێبوکری فرۆشتبێ یان حاجی میرزا ساڵح دواتر بەشەکەی خۆی بە زیاتر لە یەک کەس فرۆشتبێتەوە. لە دەیەو ساڵانی کۆتایی سیستمی ئاغاو ڕەعییەتی دا، سەعدووناغای قۆڕغان (ڕەسووڵی) کە سەر بە بنەماڵەی ئاغایانی دێبوکری بوو، خاوەنی زەوییەکانی باکوور و ڕۆژاوای ئاوایی بوو و وەرزێرانی بەشێک لە مووچە و مەزرای گوندەکە ڕەعییەتی ئەو بوون. دوو بنەماڵەی قازی و دێبوکری لەسەر ئەم دابەشکارییە و کەوشەنی نێوانیان، چەندان جار شەڕ و نێوان ناخۆشیان کەوتە بەینەوە.

دوای ئینقلابی سپی ساڵی ١٣٤٢ لەلایەن حەمەرەزا شا، دەسەڵاتی ئاغاوەتیش لەسەر مووچە و مەزرای خەڵکی گوندەکە کورت کرایەوە بەڵام دیسانیش بەشێکی زۆر لە مەزرا و مووچەی ئاوایی ھەر بۆ ئاغاوەتان مایەوە. بە تایبەت زەوییەکانی دەشتی عەوڵابات کە بە میرات بە خانمە خانمی ھاوسەری ڕەحیمی سەیفی قازی و بووکی سەیفولقوزات بڕابوو. دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ حیزبی دێموکرات کە لە ناوچەکە حوکمی دەکرد، ئەو زەویانەی بە سەر قەرە و ڕەشایی گوندەکە دا دابەش کرد. دوای داگیر کرانەوەی کوردستانیش، کۆماری ئیسلامی دەستی لەو زەوی دابەشکردنەی حیزبی دیموکرات وەرنەدا.

پیروەلی باغی تا بەر لە ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ لە ئێران، گوندێکی قەرەباڵغ بوو. دانیشتوانی ٧٠ بۆ ٨٠ ماڵ دەبوون. بەڵام لەو سەروبەندەدا بە هۆی زۆر بوونی حەشیمەت و کەمیی کار، نەبوونی خزمەتگوزاری وەک ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، قوتابخانە و... بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی گوندەکە ڕوویان لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد کرد. بەشێکیشیان بوون بە دوو بنە یان زستان و هاوینیان دەکرد. بەو جۆرە بەرەبەرە لە حەشیمەتی ئاوایی کەم بۆوە. گوندەکە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی کارەبای بۆ کێشرا و درەنگتر لوولەکێشی بۆ کرا و تەلەفونخانەشی بۆ دامەزرا.

سەرچاوەکان دەستکاری

مامەشێرە؛ بەیتبێژێکی بەناوبانگی سەردەم لە پیروەلی باغی http://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Kak%20Anwer/bokan/bokan401.pdf[بەستەری مردوو]

ژێدەر:

  • کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی - نووسینی؛ خەلیلی فەتاحی قازی
  • ژیان و شێعرەکانی سەیفولقوزات - ئامادەکردنی؛ ئەنوەر سوڵتانی و حەسەن قازی
  • فەرھەنگی فارسیی دێھخودا
  • فەرھەنگی ئوستانەکانی ئێران - حاجی عەلی ڕەزم ئارا