پرسە دژوارەکە دەرھەق بە وشیاری

پرسی ڕوونکردنەوەی ئەوە کە چۆن و بۆچی زیندەواران دەتوانن ئەزموونیان بێ

لە فەلسەفەی زەیندا، پرسە دژوارەکە دەرھەق بە وشیاری ئەوەیە کە دەپرسێ بۆچی و چۆن مرۆڤ و زیندەوارانی تر دەتوانن ئەزموونیان بێ و ھەست بە چلۆنی بکەن. ئەم پرسە پێچەوانەی «پرسە ئاسانەکان دەرھەق بە وشیاری»، دژوارە. یانی وەڵامدانەوەی سەختە. پرسە ئاسانەکان ئەوانەن کە دەپرسن بۆچی و چۆن سیستمە فیزیکییەکان دەتوانن ئەو دەسەڵاتە بە مرۆڤ (ی ساغ) ببەخشن کە جیاوازی دابنێ و، شتەکان لە یەک بکاتەوە و، زانیارییەکان یەکپارچە بکا و، خاوەنی کردەوە و ئاکاری خۆی بێ، بۆ وێنە، سەیر بکا و گوێ بگرێ و بدوێ و لەمانە. بۆ وەڵامدانەوەی پرسە ئاسانەکان، ھەر ئەوەندە بەسە شێوازی کارکردنی سیستمە فیزیکییەکان و چۆنیەتیی تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان ڕوون بکرێتەوە. سیستمە فیزیکییەکان بە گەڕانەوە بۆ پێکھاتە و دینامیک و میکانیکی ئەوەی بناخەی دیاردەکەی داڕشتووە، ڕوون دەبنەوە. بەڵام ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی میکانیکی ناتوانێ سروشتی ئەزموون ئاشکرا بکا. تەنانەت پاش شیکردنەوە و ڕاڤەی ھەموو فاکتە پەیوەندیدارەکان بە ئیشوکاری سیستمی فیزیکییەوە، ھێشتا ھەر یەک پرسیار دەمێنێتەوە: بۆچی جێبەجێبوونی ئەم ئیشوکارانە ھاوڕێ لەگەڵ ئەزموونە؟

زاراوەکانی «پرسی دژوار» و «پرسی ئاسان» لە کۆنفرانسێک لە ساڵی ۱۹۹۴دا «دەیڤید چالمێرز»ی فەیلەسووف دای ھێنان.

سەرچاوەکان

دەستکاری