پاکتاوی نەژادی

پاکتاوکردنی نەژادی بریتییە لە لابردن، دوورخستنەوە یان لەناوبردنی نەخشەدارێژراوی زۆرەملێیانەی کۆمەڵە نەژادی، ڕەگەزی یان ئاینییەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراو بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی نەژادیی چوونیەک. کردەکە دوو جۆری ھەیە: دوورخستنەوەی ڕاستەوخۆ و دوورخستنەوەی ناڕاستەوخۆ، دوورخستنەوەی ڕاستەوخۆ لەڕێی ناردنەوە و گواستنەوەی دانیشتووان و دوورخستنەوەی ناڕاستەوخۆ لەڕێی فشارخستنە سەر کۆمەڵە قوربانییەکە بۆ بەجێھێشتنی ناوچەکە و ڕێگرتن لە گەڕانەوەیان لەڕێی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، لاقەکردن و وێرانکردنی موڵکەکانیانەوە دەکرێت. ھەرچەندە چەمکی پاکتاوی نەژادی لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا ھیچ پێناسەیەکی یاسایی نییە، بەڵام دەکرێت سزاکەی بە بەشێک لە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ھەژمار بکرێت یان بکەوێتە ژێر پەیماننامەی کۆمەڵکوژییەوە.[١][٢]

پاکتاو نەژادی زۆر جار بەشێک دەبێت لە ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی بەڵگە ماددی و کلتوورییەکانی کۆمەڵەی بەئامانجگیراو لە ناوچەیەکدا لەڕێی وێرانکردنی ماڵ، ناوەندی کۆمەڵایەتی، کێلگە و ژێرخانەکان لەگەڵ شێواندنی مەزارگا، شوێنەکانی یادەوەری و شوێنەکانی پەرەستن.

بە دڕێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی چەندەھا کردەی پاکتاوی نەژادی ڕووی داوە، بەڵام چەمکەکە بۆ یەکەمین جار لە جەنگەکانی یۆگۆسلڤیا لە ساڵی ١٩٩٠کاندا بەکار ھاتووە و، لەو کاتەوە بەھۆی ڕۆژنامەگەری و زۆربەکارھێنانی لە ڕاگەیاندنەکان دا، چەمکەکە بە واتا گشتییەکەی بەکارھێنانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

گرێگۆری ستانتۆن دامەزرێنەری ڕێکخراوی (چاودێری کۆمەڵکوژی) ڕەخنەی ھەیە لە سەرھەڵدانی چەمکەکە و بەکارھێنانی بۆ ئەو دیاردەنەی ئەو پێی وایە کە دەبێت بە «کۆمەڵکوژی» ناو ببرێن لەبەر ئەوەی پاکتاوی نەژادی ھیچ پێناسەیەکی یاسایی نییە و، بەکارھێنانەکانی لە ڕاگەیاندنەکاندا دەکرێت ببێتە ھۆی دوورخستنەوەی سەرنج لەو دیاردانەی کە دەبێت وەک کۆمەڵکوژی ھەژمار بکرێن. بەھۆی بەکارھێنان و پەسەندکردنە بەرچاوەکەیەوە، چەمکەکە بووەتە وشەیەکی یاسایی بەڵام ھیچ پابەندییەکی یاساییی نییە.[٣]

وەک تاوان بەپێی یاسای نێودەوڵەتیدەستکاری

ھیچ ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی بوونی نییە کە تاوانێکی دیاریکراو وەک پاکتاوی نەژادی بناسێنێت، بەڵام پاکتاو نەژادی بە واتا گشتییەکەی کە دەرکردنی بەزۆری دانیشتووانی ناوچەیەک بێت، بە تاوان دژی مرۆڤایەتی پێناسە کراوە بەپێی ھەردوو یاسای (دادگای تاوانی نێودەوڵەتی - International Criminal Court - ICC) و (دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ یۆگۆسلڤیای پێشوو - International Criminal Tribunal for the Former Yugoslavia - ICTY).[٤]

کۆمەڵکوژیدەستکاری

پاکتاوی نەژادی بەشێکە لە بەردەوامیی توندوتیژی کە توندوتیژترین شێوازی بریتییە لە کۆمەڵکوژی کاتێک ئامانجی ھێرشکەر بریتییە لە لەناوبردنی کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی بەئامانجگیراو. پاکتاوی نەژادی ھاوشێوەی ناردنەوەی زۆرەملێیانەوە و گواستنەوەی دانیشتووانە، بەڵام کۆمەڵکوژی ھەوڵێکە بۆ لەناوبردنی بەشێک یان تەواوی کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی نەژادی، ڕەگەزی، ئایینی یان نەتەوەیی. ھەرچەندە پاکتاوی نەژادی و کۆمەڵکوژی دەکرێت ھەمان ئامانج و شێوازی ئەنجامدانیان ھەبێت، بەڵام مەبەست لە پاکتاوی نەژادی لابردن یان گواستنەوەی کۆمەڵەیەکی دانیشتووانە لە ناوچەیەکی دیاریکراو لە کاتێکدا مەبەست لە کۆمەڵکوژی بریتییە لە لەناوبردنی تەواوەتیی کۆمەڵەیەکی دیاریکراو.[٥]

وەک ویڵیام شاباس دەڵێت: «بە ھەمان شێوە پاکتاوی نەژادی نیشانەیەکە بۆ کۆمەڵکوژی داھاتوو. کۆمەڵکوژی دواھەمین ھەوڵە لە کردەیەکی سەرلێشێواوی پاکتاوی نەژادیدا.»[٦]

وەک بەشێک لە نەخشەیەکەی سەربازی، سیاسی و ئابووریدەستکاری

وەک نەخشەسازییەک پاکتاوی نەژادی چەند کاریگەرییەکی ھەیە. بۆ وێنە، ڕێگە دەدات بە لایەنێکی دیاریکراو کە ھەستێت بە نەھێشتنی پاڵپشتیی مەدەنی بۆ لایەنی بەرگریکار لەڕێی دوورخستنەوەی دانیشتووانە مەدەنییەکەوە. وەک گوتە بەناوبانگەکەی (ماو تسی تۆنگ) ئاماژەی پێ دەکات کە: «شەڕکەرە بەرگریکەرەکان لە ناو دانیشتووانی مەدەنیدا وەک ماسین لە ئاودا، ماسییکە لەناوبەرە لەڕێی وشککردنی ئاوەکەوە.» کاتێک ئەمە وەک بەشێک لە چارەسەری سیاسی ئەنجام دەدرێت دەبێتە ھۆی ناسەقامگیری دوورمەودا وەک ئەو بەزۆر نیشتەجێکردنەی لەگەڵ ئەڵمانییە ڕەسەنەکاندا ڕووی دا لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤٥. ئەنجامدانی ئەم دیاردەیە دەبێتە ھۆی دروستکردنی «ڕاستییەکان لەسەر زەوی» لەگەڵ گۆرانکاریی ڕیشەییی دیموگرافیای ناوچەکە کە دواتر زۆر پێچەوانەکردنەوەی کارێکی زۆر سەخت دەبێت.[٧]

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Jones, Adam (2012). "'Ethnic cleansing' and genocide". Crimes Against Humanity: A Beginner's Guide. Simon and Schuster. ISBN 978-1-78074-146-8.
  2. ^ Schabas, William A. (2003). "'Ethnic Cleansing' and Genocide: Similarities and Distinctions". European Yearbook of Minority Issues Online. 3 (1): 109–128. doi:10.1163/221161104X00075. 'Ethnic cleansing' is probably better described as a popular or journalistic expression, with no recognized legal meaning in a technical sense... 'ethnic cleansing' is equivalent to deportation,' a grave breach of the Geneva Conventions as well as a crime against humanity, and therefore a crime within the jurisdiction of the Tribunal.
  3. ^ Thum 2010, p. 75: way. Despite its euphemistic character and its origin in the language of the perpetrators, 'ethnic cleansing' is now the widely accepted scholarly term used to describe the systematic and violent removal of undesired ethnic groups from a given territory.
  4. ^ Toal, Gerard; Dahlman, Carl T. (2011). Bosnia Remade: Ethnic Cleansing and Its Reversal. New York: Oxford University Press. p. 3. ISBN 978-0-19-973036-0. Archived from the original on July 6, 2014. Retrieved March 1, 2016.
  5. ^ Toal, Gerard; Dahlman, Carl T. (2011). Bosnia Remade: Ethnic Cleansing and Its Reversal. New York: Oxford University Press. p. 3. ISBN 978-0-19-973036-0. Archived from the original on July 6, 2014. Retrieved March 1, 2016.
  6. ^ Petrovic, Drazen (1994). "Ethnic Cleansing – An Attempt at Methodology" (PDF). European Journal of International Law. 5 (3): 343. doi:10.1093/oxfordjournals.ejil.a035875. Archived from the original (PDF) on December 22, 2018. Retrieved May 20, 2006. In English, reference is also made to 'ethnic purification'.
  7. ^ "Final Report of the Commission of Experts Established Pursuant to United Nations Security Council Resolution 780 (1992)". United Nations Security Council. May 27, 1994. p. 33. Archived from the original (PDF) on May 14, 2011. Retrieved May 25, 2020. Upon examination of reported information, specific studies and investigations, the Commission confirms its earlier view that 'ethnic cleansing' is a purposeful policy designed by one ethnic or religious group to remove by violent and terror-inspiring means the civilian population of another ethnic or religious group from certain geographic areas. To a large extent, it is carried out in the name of misguided nationalism, historic grievances and a powerful driving sense of revenge. This purpose appears to be the occupation of territory to the exclusion of the purged group or groups. This policy and the practices of warring factions are described separately in the following paragraphs. Paragraph 130.