ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٤/ھەفتەی ١٩

ویڵیام ھانا (بە ئینگلیزی: William Hanna) دروستکەری ئەنیمەیشنی ئەمریکی و ئەکتەری دەنگی و ھەندێکجاریش مۆسیقاژەن بووە. زیاتر بە ھاوبەشی دروستکردنی تۆم و جێری و دابینکردنی دەنگ بۆ کەسایەتییە سەرەکییەکان ناسراوە. ھاوشانی جۆزێف باربارا، ستۆدیۆی ئەنیمەیشنی ھانا-باربارایان دەستپێکرد.

ھانا لە ساڵی ١٩٣٠ پەیوەندی بە ستۆدیۆی ئەنیمەیشنی ھارمان و ئیسینگ کردووە و لە پیشەکەیدا باشتر بووە لەکاتی کارکردن لەسەر کارتۆنەکانی وەک کاپتن و منداڵەکان. لە ساڵی ١٩٣٧ لەکاتی کارکردن لە کۆمپانیای مێترۆ-گۆلدوین-مایر (ئێم جی ئێم)، ھانا جۆزێف باربارای ناسی. لە ساڵی ١٩٥٧ ھاوبەشی دامەزراندنی ھانا-باربارا بوون، کە زۆر سەرکەوتوو بوو، نمایشی وەک فلینتستۆنز، ھەکڵبێری ھاوند، جێتسۆنەکان، سکووبی دوو، سەنفوورەکان، و «یۆگی بێر شۆو»یان دروست کرد. لە ساڵی ١٩٦٧ ھانا باربێرایان فرۆشت بە تافت بڕۆدکاستینگ بە ١٢ ملیۆن دۆلار، بەڵام ھانا و باربارا تا ساڵی ١٩٩١ لە پۆستەکەیاندا مانەوە، دواتر ستۆدیۆکە فرۆشرا بە تەرنەر بڕۆدکاستینگ سیستم کە دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ وارنەر میدیا یەکیگرت، ھانا و باربارا وەک ڕاوێژکار مانەوە.

تۆم و جێری حەوت خەڵاتی ئۆسکاریان بەدەستھێنا، ھەروەھا ھانا و باربارا بۆ دوو خەڵاتی دیکە پاڵێوراو بوون و ھەشت خەڵاتی ئیمییان بەدەستھێنا. کارتۆنەکانیان زۆر بەناوبانگ بوون و کارەکتەرەکانیان لە فیلم و کتێب و کایەی ڤیدیۆیییدا دەردەکەوتن. لە ساڵانی شەستەکاندا، نمایشەکانیان لە سەرانسەری جیھاندا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن بینەری ھەبووە و بۆ زیاتر لە ٢٨ زمان وەرگێڕدراون.
خوێندنەوەی زیاتر...