ورچی تەمبەڵ

جۆرێکە لە ورچی قەبارە مامناوەند

ورچی تەمبەڵ (ناوی زانستی: Melursus ursinus) کە بە ورچی ھیندی ناسراوە، جۆرێکە لە ورچی قەبارە مامناوەند کە لە نیمچەکیشوەری ھیندیدا بڵاوبووەتەوە و لە مەترسی لەناوچووندایە. کێشی ئەم جۆرە ورچە بە گشتی لە ٥٥ بۆ ١٤٠ کیلۆگرام دەگۆڕێت، ئەم ورچەش دوو جۆرن ورچی تەمبەڵی ھیندی و ورچی تەمبەڵی سریلانکا کە قەبارە و درێژی قژی ورچی تەمبەڵی ھیندی زیاترە لە ورچی تەمبەڵی سریلانکا. ئەم ورچە سەرێکی گەورە و دەموچاوێکی درێژی ھەیە و نیشانەیەکی سپی لە شێوەی v لەسەر سنگی ھەیە. پێیەکان تەختن و چنگی پەنجەکانی درێژن و شوێنپێیان وەک شوێنپێی مرۆڤ وایە. ورچە تەمبەڵەکان بەزۆری مێروولە، کرمۆکە و ھەنگ دەخۆن، ھەروەھا گوڵ و گەڵا و میوە و دانەوێڵەش دەخۆن، شەوانە بەدوای خواردندا دەگەڕێن و لە ڕۆژدا لە شوێنی داڵدەدراودا دەخەون. کاتێک کەش و ھەوا زۆر گەرمدەبێت، مەودای زۆر دەبڕن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاو، ئەگەر نەیانتوانی ڕووبارێک یان سەرچاوەی ئاویک بدۆزنەوە، ھەوڵ دەدەن بنی ڕووبارێکی وشک ھەڵیکەنن تا بگەنە ئاو.[١][٢]

ورچی تەمبەڵ کە بەپێ وەستاوە.

ئاژەڵناسی ئەورووپی جۆرج شاو ناوی ورچی تەمبەڵ لێ ناوە بەھۆی چنگە درێژ و ئەستوورەکانی و ددانە نائاسایەکانی. لە سەدەی ھەژدەھەمدا کاتێک پێستی ورچێکی تەمبەڵ ھێنرایە ئەورووپا و بە وەسفێکی ھەلە کە گوایە ئاژەڵەکە دەموچاویکی درێژ و تیژی ھەیە و خۆیان لەسەر لق و پۆپی دارەکان ھەڵدەواسن، لەم زانیاریانە و گریمانەدا جۆرج شاو وای زانیوە کە جۆرێکە لە ئاژەڵی تەمبەڵ کە ئیستا لە دارستانە باراناوییە گەرمەکانی ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاست دەژی.[٣]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Sloth Bear». ئای یوو سی ئێن لیستی سوور (بە ئینگلیزی).
  2. ^ «Sloth bear». Smithsonian's National Zoo and Conservation Biology Institute (بە ئینگلیزی).
  3. ^ «How Sloth Bears Got Their Name». Wildlife SOS (بە ئینگلیزی).