نۆکەندی ئیستەمبوڵ (بە تورکی: Kanal İstanbul) نۆکەندێکی دەستکردە کەوا لەلایەن وڵاتی تورکیاوە کاری دروستکردنی بۆ دەکرێت. نۆکەندە دەستکردەکە دەریای ڕەش و دەریای مەڕمەڕە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەمشێوەیەش دەریاکانی ئێژە و ناوینیش دەگەیێنێتەوە یەکتری. ھەروەھا وادەکات خاکی دیاریکراو لە لایە ئەورووپییەکەی ئیستەمبوڵ دابڕێت و بەمشێوەیەش دوورگەیەک لەنێوان کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپاش لە ئاکامدا دروست بێت.[١]

ئامانج لە دروستکردنی نۆکەندەکە کەمکردنەوەی قەڵەباڵغی دەربەندی بۆسۆفۆرۆسە کەوا ڕۆژانە ١٦٠ کەشتی بەنێویدا تێپەڕ دەبن. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی نۆکەندەکە بۆ ئەوەیە کە تورکیا بتوانێت بەبێ گوێدانە ڕێکەوتنی مۆنترۆ کەشتییەکانی بگوازێتەوە بەوپێیەی ڕێکەوتنی مۆنترۆ ھاتوچۆی کەشتی جەنگی وڵاتانی دوور لە دەریای ڕەش سنووردار دەکات و تورکیاش ناتوانێت وەک پێویست قازانجی ماددی بکات بەھۆی ڕێکەوتنەکە.[٢] لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا، بیناڵی ییڵدرم ڕای گەیاند کەوا خاڵەکانی ڕێکەوتنی مۆنترۆ نۆکەندی ئیستەمبوڵ ناگرێتەوە.[٣]

پڕۆژەی دروستکردنی نۆکەندی ئیستەمبوڵ ڕوبەڕووی چەندین ڕەخنەی جۆراوجۆر بووەتەوە ھەم لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ھەمیش نێودەوڵەتی. لە مانگی نیسانی ٢٠٢١دا، زیاتر لە ١٠٤ میری دەریایی تورکیا بەیاننامەیەکیان واژوو کرد کە تێیدا ڕەخنەیان لە دروستکردنی نۆکەندەکە گرت و ڕایان گەیاند کە دروستکردنی نۆکەندەکە پێشیلکردنی ڕێکەوتنی مۆنترۆیە. وەک کاردانەوەیەک ١٠ میری دەریایی لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە بیانووی ھەوڵی کودەتاوە دەستگیر کران.[٤] بەدەر لەوەش دانیشتووانی ئیستەمبوڵ دژی دروستکردنی نۆکەندەکەن بەپێی ڕاپرسییەکی دەزگای ماک کە تێیدا ٨٠٪ی بەشداربووان دژایەتی خۆیان لە بەرامبەر دروستکردنی نۆکەندەکە دووپات کردەوە.[٥] ھەروەھا وڵاتی ڕووسیاش دژی دروستکردنی نۆکەندەکەیە بەوپێیەی ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی کەشتی جەنگی وڵاتانی ناتۆ لەڕێگەی ئەم نۆکەندەوە بگەنە دەریای ڕەش و مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دروست بکەن.[٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Turkey to build waterway to bypass Bosphorus Straits". BBC News. 2011-04-27.
  2. ^ "How Istanbul's man-made canal project could trigger an arms race". South China Morning Post (بە ئینگلیزی). 2018-06-03. Retrieved 2019-02-10.
  3. ^ "How Istanbul's man-made canal project could trigger an arms race". South China Morning Post (بە ئینگلیزی). 2018-06-03. Retrieved 2019-02-10.
  4. ^ "Turkish ex-admirals arrested over criticism of Erdoğan's 'crazy' canal scheme". the Guardian (بە ئینگلیزی). 2021-04-05. Retrieved 2021-04-05.
  5. ^ "MAK Danışmanlık'tan olay Kanal İstanbul' anketi! Yüzde 80 destek vermedi" [Istanbul Canal project: Survey from MAK Consulting! 80 percent do not support it]. Internet Haber (بە تورکیی ئەستەمبوڵی). 28 August 2020.
  6. ^ "Turkey's Istanbul Canal bid may undermine Russia's support of its regional allies — expert". 14 April 2021. Retrieved 16 October 2021.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)