نووس

دەسەڵاتی زەین بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی

نووس یا نۆس (بە یۆنانی: νοῦς)، کە ھەندێ جار بە ھاوسەنگی ئاوەز یا ژیری ڕەچاو دەکرێ، لە فەلسەفەی کۆنی یۆناندا، ئاماژە بەو توانایییەی زەینی مرۆڤ دەکات کە بۆ تێگەیشتن لەوەی دروست و واقیعییە، پێویست و زەروورە.

لە فەلسەفەدا، «فام» و «زەین» و، بڕێ جاریش «ھزر» یا «ئاوەز» (بە مانای ئەو شتەی کە دەئاوەزێ، نەک کاری ئاوەزان) -ی پێ دەوترێ. ھەروەھا، وەک پێحەسیان و پێزانینێک وەسف کراوە کە لە ناو زەیندا ڕوو دەدات. ئەوەش وتراوە کە مانا سەرەکییەکەی شتێکە وەک ئاگایی. دەکرێ ڕۆڵی لە یۆنانی کۆندا لەگەڵ مانای ئەمڕۆی وشەی بیناودا ھەڵبسەنگێنرێ.

لە کارە بەبایەخەکانی ئەرەستوودا، کە سەرچاوەی سەرەکیی مانا فەلسەفییەکانی دوای خۆیانن، نووس بەوردی لە ھەستپێکردن و خەیاڵ و ئاوەز جیا کراوەتەوە، ئەگەرچی ئەم وشانە لە نزیکەوە پێکبەستراوی و لێکگرێدراوییان ھەیە. وا دیارە وشەکە پێش ئەرەستوو لە لایەن فەیلەسووفانی سەرەتایییەوە دانرابێ، وەک پارمێنیدیس کە زۆربەی بەرھەمەکانی ون و لەناوچوون. لە باسەکان و وتووێژەکانی پاش ئەرەستوو، سنووری نێوان ھەستپێکردن و تێگەیشتن لە ھەستپێکراو و ئاوەزان ھەمیشە لەگەڵ پێناسەکانی ئەرەستوودا یەک ناگرێتەوە، ھەرچەند کە ئەو زاراوانەی ئەو دایناون کاریگەر و بەبایەخ ماونەتەوە.

لە سیستمی فەلسەفیی ئەرەستوودا، نووس ئەو ئاگایییە یا ئەو تێگەیشتوویییە بنەڕەتییەیە کە ڕێگە بۆ مرۆڤ دەکاتەوە تا لە بابەت شتەکانەوە ئاقڵانە بیر بکاتەوە. ئەمە بۆ ئەرەستوو جیاواز بوو لە ڕێکخستنی ھەستپێکراوەکان و بیرھێنانەوە، کە لە گیانلەبەرانی تریش دەوەشێتەوە. ئەو باسی «نووس»ی دەبردەوە بۆ ئەوە کە چۆن زەینی مرۆڤ بە شێوەیەکی گونجاو و شیاوی ڕاگەیاندن پێناسەکان دیاری دەکات و، ئاخۆ پێویستە مرۆڤ لە سکی دایکەوە ھەندێ لێھاتووییی تایبەت لەگەڵ خۆیا بێنێ تا بتوانێ لە پۆلەکان و کاتەگۆرییە تێکڕایییەکان تێ بگات یا نا؟ ھەر بەم بۆنەوە، ھەندێ جار لە فەلسەفەی سەدەکانی ناویندا، وا بەڵگە دەھێنرایەوە کە «نووس»ی تاکەکەس پێویستی بە یارمەتیی جۆرێکی خوایی یا مەعنەوی ھەیە. ھەروەھا، دەوترا نووس یا ھەمان تێگەیشتن لە مرۆڤدا بە چەشنێ ھەر لەم نووسە گەردوونییەوە چەکەرەی کردووە. ڕوونکردنەوەگەلێکی وەک ئەمانە، لە سەدەکانی ناویندا، کاریگەر بوون لە پەرەسەندنی پاساوەکانی خوا و نەمریی ڕۆح و تەنانەت جموجووڵی ئەستێرەکانیشدا.

سەرچاوەکان

دەستکاری

Nous