جوگرافیا دەستکاری

ناوچەی ھەوشار سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و بەبێی دابەشکردنی ناوچەیی لە کوردستاندا ھەوشار سەر بە ناوچەی موکریانە. ھەروەھا کەوتووەتە بەینی شاری تیکاب، ساینقەڵا و فەیزوڵابەگیی بۆکان. ھەوشار ناوچەیەکی بەربڵاوە کە ٢٨٠ تا ٣٠٠ گوند لە خۆ دەگرێت و ھەڵدەکشێت بۆ تەختی سولەیمان و لەگەڵ زەنجان ھاوسنوورە. ژمارەی ھەرە زۆری دانیشتووانەکەی لە کورد پێکھاتووە، بەشێکیش تورکی ئازەری و چەرداوڕوویی تێدا نیشتەجێیە. چەرداوڕوویەکان لە شارۆچکەی مەحموودجخ و دێھاتەکانی دەورووبەری نیشتەجێن. بە گشتی٦٩٪ی شارستانی (قەزای) تیکاب و ٧٩٪ی شارستانی ساینقەڵا کوردن.

ھەوشار بەسەر دووناوچە دا دابەش دەکرێت:

١. ناوچەی محاڵی سەروو کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕێگای تیکاب- ساینقەڵا.

٢. ناوچەی محاڵی خواروو کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی ڕێگاکە بەرەو ساینقەڵا و دۆڵی موسڵان و زاخۆران دەڕوات کە چۆمی جەغەتوو سنوورەکەی پێک دێنێت.

زمان و زاراوە دەستکاری

زمانی زۆربەی دانیشتووانی ھەوشار کوردییە و بە دیالێکتی کوردیی ناوەندی(سۆرانی) دەئاخڤن، ھەرچەند کوردانی بە زاراوەی کوردی کورمانجی و کوردیی باشوورییش نیشتەجێی ئەم ناوچەیەن، بەڵام بەگشتی زاری خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە سۆرانییە. بە گشتی٦٩٪ی شارستانی (قەزای) تیکاب و ٧٩٪ی شارستانی سایەنقەڵا کوردن. شایانی باسە بەشێک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیەش تورکی ئازەرین و بە تورکی دەئاخڤن. لە ڕووی دینیشەوە، زۆرینەی کوردان و بەگشتی کوردانی سۆرانی سوننەی شافیعین، ھەروەھا کوردە کورمانجەکان (زاخۆرانی، موسڵانی)، چەرداوڕوو و تورکە ئازەرییەکان شیعە مەزھەبن. کەمینەیەکی یارسانیش لە گوندەکانی ھەوشار دەژین. لە بەشی باکوورییەوە موسڵانیەکان و زاخۆرانیەکان نیشتەجێن. بە پێی سەرچاوەکان ئەم خەڵکە لە موسڵ و زاخۆوە ڕوویان لە ھەوشار کردووە. ئەم خەڵکە خۆیان وەک کورد لە قەڵەم دەدەن و زارەوەیان لە کوردەکانی ھەوشار جیاوازە و بە کورمانجی دەئاخڤن و ھەروەھا دابونەریتی تایبەت بە خۆیان ھەیە و مەزھەبیشیان شیعەیە.

باری سروشتی و گەشتیاری دەستکاری

دوو ڕێگا ناوچە و شارەکانی سەر بە ھەوشار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە بریتین لە ڕێگای تیکاب بۆ تەختی سولەیمان و ڕێگای تیکاب بۆ ساینقەڵا.

کوێستانەکانی ناوچەی ماینبڵاغ سەرچاوەی ئاوی زۆرە کە چۆمی قەورە پێک دێنێت، بە نێوان گوندی قسقۆپی و تۆمەراغاجدا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە ناو چۆمی جەغەتوو. پاشان چۆمێکی تری ھەیە بە ناوی چۆمی سارۆخ کە لە سەرچاوەی ئاوی کوێستانەکانی ئاغدەرە و قسقاپان پێک دێت.

شایانی باس کردنە کە لە زنجیرە چیاکانی سەھەند و سۆڵان بەفر ساڵەوساڵ دەمینێتەوە و ھەر ئەو بەفرەیشە کە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی ئەو چۆمانە.

چۆمی سارۆخ دەڕژێتە ناو سەدی سەقز کە دەکەوێتە بەینی ھەوشار و بۆکان. ئەو ڕووبارانە بوونەتە ھۆی سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا. ھەروەھا چۆمەکان دەوڵەمەندن بە بوونەوەری ژێرئاوی کە ئەویش سەرچاوەیەکی گرینگی ئابوورییە.

ھەروەکو باسمان کرد کە خاکی ھەوشار خاکێکی بە پیت و بەرەکەتە، لە ھەمان کاتیشدا شاخەکانی لە بواری کانزاییەوە زۆر دەوڵەمەندن وەکو زێڕ، زێو، زەڕنێق، مس و گۆگرد. لەوانیش کانگای زێڕی ئاغدەرە و زەنجان. ھەروەھا بەردی مەڕمەڕ کە لە پشت گوندی گێچی قەڵاسی کە ھەتا ئێستا حکومەت کارخانەی لێ دروست کردووە و بەردەکەی دەفرۆشێت. پاشانیش کارخانەی چیمەنتۆ لە بەینی گوندی ئاغەجەری و قسقۆپی. شاخەکانیشی بریتین لە بەیان، ئاسمان بڵاغی، کێوەڕەش، سوروسات، بێژنگ بەسەرە، شاخ شاخ، تەوێڵەکۆ و سوورە قەڵا. شوێنە مێژووییەکانیشی وەکوو تەختی سولەیمان، قەڵای کەرەفتوو، زیندانی نەبی کەندی، قەڵای کچان، ئەشکەوتی بەیان، کونە ورچ و کونە مانگا. شایانی باسە تەختی سولەیمان ئاوێکی گەرمی ھەیە کە بۆ زۆر نەخۆشی کەڵکی لێ وھردەگیرێت. ئاوی گەڕاویش ھەیە کە بۆ نەخۆشی پێست سوودی خۆی ھەیە. شارێکی کۆنی مێژووییش ھەیە کە لە بەر کێوی بەیان و پشت گوندی قۆزڵووی ھەوشار ھەڵکەوتووە. لە بواری ھونەریشدا خەڵکەکەی دەستڕەنگینن و یەکێک لە کارە دەستییەکانیشیان فەرشی ھەوشارە کە لە کوردستان، ئێران و جیھان دا بەناوبانگە.

سەرچاوە دەستکاری

  • نەخشەی سیاسی و دێموگرافیکیی موکریانی کوردستان، ئامادەکار: سولەیمان چووکەڵی
  • غەفور، عەبدوڵڵا (٢٠٠٢)، فەرھەنگی جوگرافیایی کوردستان، چاپی یەکەم؛ سەردەم