میچالیس چارالامپیدس

سیاسەتمەدار، کۆمەڵناس و نووسەری یۆنانی

میچالیس چارالامپیدس (بە یۆنانی: Μιχάλης Χαραλαμπίδης، بە ئینگلیزی: Michalis Charalampidis)، (١٩٥١ لە ئەلێکساندروپۆل - ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ لە گلیفادا) سیاسەتمەدار و کۆمەڵناس و نووسەری یۆنانی بوو. ئەو لە کوردستان بەھۆی پشتگیری کردن لە تێکووشانەکانی خەڵکی کورد لەپێناوی مافی چارەنووس ناسراوە.

میچالیس چارالامپیدس
Μιχάλης Χαραλαμπίδης
لەدایکبوون١٩٥١
مەرگ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤
شوێنی گۆڕگۆڕستانی یەکەمی ئەتینا
نەتەوەیۆنانی
پیشەسیاسەتمەدار، کۆمەڵناس و نووسەر
حیزبی سیاسیبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پانھێلینی (پاک)
بزووتنەوەی سۆسیالیستی پانھێلینی (پاسۆک)
یەکێتیی ھەرێمیی دیموکرات

ژیان دەستکاری

میچالیس چارالامپیدس لە ساڵی ١٩٥١ لە شاری ئەلێکساندروپۆلی یۆنان لەدایکبووە.

بنەماڵەی چارالامپیدیس خەڵکی شاری ترابزۆن بوون، بەڵام بەھۆی کۆمەڵکوژیی پۆنتییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆچیان لە یۆنان کردبوو.[١] [٢] [٣] لە زانکۆدا لە بواری زانستە سیاسی و ئابورییەکان وانەی خوێندووە و بڕوانامەی ماستەریش لە کۆمەڵناسی وەرگرتووە.

ئەو وەک تێکۆشەرێکی گەلی پۆنتی دەرکەوت و ھەوڵی دا تا کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە جیھاندا بخاتە ڕۆژەڤەوە و تێکۆشانی گەلی پۆنتیی بە جیھان بناسێنێت.[١] [٢] [٣] لە سەردەمی دیکتاتۆریی سەربازیدا گۆشەگیری لێکرا، وەک ئەندامی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پانھێلینی (پاک) بەرەو ئیتاڵیا ھەڵھات.

بەدوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەت، بەشداری ئەو گرووپە حەوت کەسییەی کرد کە بەیاننامەی دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پانھێلینی (پاسۆک)یان لە میونشن لە مانگی ئابی ١٩٧٤ نووسی، دواتر لە ساڵی ١٩٧٧ەوە بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پاسۆکەوە.

میچالیس چارالامپیدس بەھۆی ناکۆکیی سیاسیی جددییەوە لە ساڵی ١٩٩٩ پاسۆکی بەجێھیشت و "یەکێتیی ھەرێمیی دیموکرات"ی دامەزراندەوە، کە لەگەڵیدا بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٠٠دا کرد و ٣٢ ھەزار و ٦٨ دەنگ بە ڕێژەی ٠.٤٧%ی دەنگەکان بەدەستھێناوە و ھەروەھا توانی لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٤ی ئەوروپاش ٤٤,٥٤١ دەنگ بە ڕێژەی ٠.٧٣%، بە دەست بھێنێتەوە.

چەند ساڵ بەر لە ئەو و لە ساڵی ١٩٩٤ پەرلەمانی یۆنان پێشنیاری خۆی بۆ ناساندنی ١٩ی ئایار وەکوو ڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی پۆنتییەکان پەسەند کرد.

چارالامپیدس ئەندامی دەستەی کارگێڕی «یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ مافەکان و ڕزگاریی گەلان» و ئەندامی «ڕێکخراوەی ناحکوومیی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ» بووە و ھەروەھا وەکوو توێژەر لە «دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی دەریای ناوەڕاست» چالاکیی کردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠دا، کورتەڤیدیۆیەکی بەشێک لە وتارەکەی چارالامپیدس لە ساڵی ١٩٩٦ لە کۆنفرانسی شەشەمی پاسۆکدا بانگەشەیەکی زۆری لە ئینتەرنێتدا بۆ کرا. لەو کورتەڤیدیۆیەکەدائاماژەی بە ئەگەری قەیرانی ئابووری لە یۆناندا دەکرد و کۆتایی ھاتنی خولە مێژووییەکەش "لە ساڵی ٢٠٠٤ یان ٢٠١٠"دا دادەنا.

چارالامپیدس ھەروەھا لە بلۆگی سیاسیی «پۆلیس-ئاگۆرا»دا دەقەکانی خۆی بڵاودەکردەوە و لە دیبەیتە سیاسییە ئاشکراکاندا لە سەرتاسەری یۆنان بەشداری دەکردەوە.

چارالامپیدس لە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە شاری گلیفادا کۆچی دواییی کردەوە.[٤] [٥] بنەماڵەکەی چارالامپیدس ڕایانگەیاند دوایین داواکاریی ئەو ئاوەدانکردنەوەی کڵێسای گوندەکەی بووە کە بەھۆی ئاگری گوندی «مەریچ»ەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، و بۆیە لە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمە بەخاک سپادنەکەی داوایان کرد لەبری تاجە گوڵینە، ھاوکاری بکەن تا کڵێساکە دیسانەوە ئاوەدان بکرێتەوە.[٦] [٧]

پشتێوانی لە خەباتی کوردەکان دەستکاری

 
چاوپێکەوتنی میچالیس چارالامپیدس لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سووریا، دەھەی ١٩٩٠.

میچالیس چارالامپیدس باوەری بەوە بوو کە گەلانی پۆنتی، کورد و ئەرمەنی دەبێت یەکبگرن و پێکەوە بەرخۆدان بکەن. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە لە یۆنان بوو، لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد ھاوکاریی دەکرد و لە خەباتی کوردەکان پاڵپشتی دەکرد.[٦] [٧]

چارالامپیدس لە ساڵانی ١٩٩٠ چەندین جار لە سووریا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دا. بەدوای دیل گرتنی ئۆجەلانیش بەشداری بانگەشەی ئازادیی و داکۆکی لە مافەکانی کرد.[١] [٢] [٣] چارالامپیدس لە پشتیوانی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتبوو ئەو باوکی دیموکراسییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و دەبێت خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێبدرێت.[٦] [٧]

ئەو ھەروەھا بەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژاوا بەرگریی لە شۆڕشەکە کرد. جگە لەمانە وەکوو پردێک بۆ دۆستایەتی لەنێوان گەلانی کورد و یۆنان و پۆنتۆس، چەندین کتێب و دەیان وتار و چاوپێکەوتنی نووسیوە و وەکوو شارەزایەک لە سەر کێشەکانی پۆنتۆس و کورد، لە دەیان کۆڕ و سیمینار و پانێڵدا وتاری دا و پەیامی بڵاوکردەوە.[١] [٢] [٣]

بەدوای مردنی چارالامپیدیس، ئەندام و نوێنەرانی ناوەندی چاندی دیموکراتیکی کوردستان و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە مەراسیمی بەخاک سپاردنیدا بەشداربوون و ئیبراھیم موسلیم نوێنەری پەیەدە لە یۆنان و بالکان لە مەراسیمەکەدا وتار دادەوە.[٦] [٧] ھەروەھا ھاوسەرۆکانی مەجلیسی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ش بە بڵاوکردنی پەیامێک وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵە و هاوڕێیانی و سەرجەم خەڵکی یۆنان و پۆنتۆس، لە چارالامپیدس وەکوو «ئازادیخوازیخوازی گەلی پۆندۆس و دۆستێکی گەورەی گەلی کورد» و «ھاوڕێ و دۆستی بزووتنەوەکەمان» ناو برد و ڕایانگەیاند: "بیرەوەرییەکانی میچالیس چارالامپیدس لە تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئازادی بە زیندوویی بەرز ڕادەگرین و یادی دەکەینەوە".[١] [٢] [٣]

پێشنیاری دامەزراندنی شارێک بە ناوی "ڕۆمانیا" دەستکاری

میچالیس چارالامپیدس لە وتاری خۆی لە کۆنگرەی جیھانیی پۆنتی لە ساڵی ١٩٨٨دا، پێشنیاری بیناکردنی شارێک لە کەنارەکانی تراکیا لە نزیکی مارۆنیا کرد بە ناوی "ڕۆمانیا"، بەو مەبەستە کە ببێتە جێی نیشتەجێبوونی کۆچبەرانی پۆنتی.[٨] ھەر لەو کاتەدا پێشنیاری کرد ناوی ڕۆمانیا بلکیندرێتە سەر ناوی ناوچەی تراکیا و ناوی ئەو ناوچەیە بگۆڕێندرێت بە تراکیا-ڕۆمانیا.[٩]

بە گوێرەی سەرچاوەگرانی پێشنیارەکە:

  • ناوی ڕۆمانیا وەڵامێک بۆ نۆستالژیا و ھەروەھا پەیامێکی دیسانەوەپەیوەندخوازی و ھاوکاری بۆ ھەموو گەلانی باڵکان و دەریای ڕەشە.
  • بەڵام چاوەڕوانیی دامەزراندنی ڕۆمانیا لە نێویاندا ھەیە و زۆرن ئەوانەی کە باوەڕیان بە بیرۆکەی شارە نوێیەکە ھەبووە و بەرەوپێشی دەبەن و ئەوەش بەو بەیتەکە سەبارەت بە ڕووخانی قوستەنتینیە لەلایەن شاعیرێکی پۆنتیی بێناوەوە دەربڕدراوە، کە دەڵێت "ئەگەر ڕۆمانیاش کۆچی دوایی کردبێت، گەشە دەکات و یەکێکی دیکە دەھێنێتەوە" کە مەبەست لەو یەکێکی دیکە و گەشەسەندنەوە ھەر بیرۆکەی شاری ڕۆمانیایە.[١٠]

زەمینەی مێژووییی پلانەکەی ڕۆمانیا لە ساڵی ١٩٩٤دا، کاتێک کە لەلایەن چارالامپیدس بە ئاشکرا پێشنیار کرا و بە دروستکردنی کۆمپانیایەکی سوودنەخوازی شارسازیش ڕێکخستنی بۆ کرا، ئەوە بوو کە بەھۆی ململانێ نەتەوەییەکانی قەوقاز و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، کێشەی پەنابەران بە شێوەیەکی سەرەکی پەرەسەندبوو. لە زۆر لایەنەوە ڕەخنە لە پڕۆژەکە گیرا و ڕەخنەکەران دەستیان خستە سەر کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان، لە پێویستیی دامەزراندنی شارێکی لەو شێوەیە ھەتا ناوەکەی.[١١]

لە ساڵی ١٩٩٧دا، ٢٠٤ پەرلەمانتاری یۆنان پێشنیارێکیان بۆ دروستکردنی شاری ڕۆمانیا پێشکەشی پەرلەمان کرد. بەڵام لە کۆتاییدا، پێشنیارەکە نەبووە ھۆی دامەزراندنی شارێک یان گۆڕینی ناوی تراکیا.[١٢]

کتێبەکان دەستکاری

چارالامپیدس ٢٧ کتێبی پەیوەندیدار بە پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، مێژوویی و کولتوورییەکان و خەباتی سیاسی گەلی پۆنتی نووسیوەتەوە. ھیچ لە کتێبەکانی چارالامپیدس وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

  • لە «پاسۆک»ەوەھەتا «کەکاسۆڕ»
  • ئەگرۆفیلیا
  • کوالیتی و گەشەپێدانێکی یۆنانی
  • پەروەردەکردنی شار و شوێن
  • پۆنتییەکان
  • مافی بیرەوەری
  • ڕۆمانیا: نژیاروانیی شارێکی نوێ
  • گەشەپێدانی دیموکراتی جیھانگیری
  • لەسەر ڕێگای حەقیقەت و ڕزگاری
  • شەڕێک لە دوو بەرەدا
  • بیرۆکەکان، پرەنسیپەکان و بیرۆکراسی
  • کێشەیی پۆنتی لە ئەمڕۆدا
  • بۆ چاوپێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ مێژوو
  • یۆنانێکی فرەسەنتەری
  • ڕاستی نوێ
  • ئەناتۆمیای دابەزینێک
  • پلانی ئێمە بۆ یۆنان
  • پاسۆک؛ پێکدادانی نوێ لەگەڵ کۆن
  • مێژوو دەیەوێت، سیاسەتی فەرمی ناتوانێت
  • کێشە نیشتمانییەکان
  • مافی پۆنتیۆس بۆ بیرەوەری
  • پاسۆک؛ بیرەوەری و لەدایکبوونەوە
  • ١٩ی ئایار، ڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی پۆنتییەکان
  • لایەنەکانی پرسیاری نوێی ڕۆژھەڵات
  • پێشبینییەکان
  • چەپ چۆن دەتوانێت حوکمڕانی بکات

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ئاژانسی ھەواڵی فرات: کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ میچالیس چارالامپیدیس بڵاوکردەوە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ئاژانسی ھەواڵی فرات: کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ میچالیس چارالامپیدیس بڵاوکردەوە (بە کرمانجی)، نووسراو لە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤.
  3. ^ ئ ا ب پ ت ئاژانسی ھەواڵی فرات: کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ میچالیس چارالامپیدیس بڵاوکردەوە (بە ھەورامی)، نووسراو لە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤.
  4. ^ ماڵپەڕی پرۆتۆتێما: میکالیس چارالامبیدیس: بە گۆرانییەکانی پۆنتیک و سڵاوێکی فەخریی پۆنتی، ماڵئاوایی لە ئەندامی مێژوویی پاسۆک کرا (بە یۆنانی)، نووسراو لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤.
  5. ^ ماڵپەڕی نیاکریتی: میکالیس چارالامبیدیس ماڵئاوایی لە ژیان کردەوە (بە یۆنانی)، نووسراو لە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤.
  6. ^ ئ ا ب پ ئاژانسی ھەواڵی فرات: تەرمی دۆستی کوردان چارالامبیدس بەخاکسپێردرا (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤.
  7. ^ ئ ا ب پ ئاژانسی ھەواڵی فرات: تەرمی دۆستی کوردان چارالامبیدس بەخاکسپێردرا (بە کرمانجی)، نووسراو لە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤.
  8. ^ ماڵپەڕی تراپەزونتا: ناساندنی کتێبی "ڕۆمانیا نژیاروانیی شارێک": لەلایەن تاسۆس ئەنتۆنیادیس "چەنگی پۆنتی" کانوونی یەکەمی ١٩٩٩ (بە یۆنانی)، نووسراو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩؛ ئەرشیڤکراو لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢؛ سەردان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤.
  9. ^ ماڵپەڕی ئێلێسرۆتیپیا: تراکیا-ڕۆمانیا (بە یۆنانی)، نووسراو لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٥؛ سەردان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤.
  10. ^ ماڵپەڕی ئێلێفتێرۆ ڤیما: ڕۆمانیا، شارێکی نوێ لە تراکیا (بە یۆنانی)، نووسراو لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠؛ ئەرشیڤکراو لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩؛ سەردان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤.
  11. ^ ھەندێک پێیان وابوو کە ناوی ئیمپراتۆریەتێک نابێت لەلایەن شارۆچکەیەکەوە بەکاربھێنرێت (ڕەخنە لە کاک جۆرجۆس مێتالینۆس)، ھەندێکی تر پێیان وابوو لە سەردەمی مۆدێرن زاراوەی ڕۆمانیا مانای سەدەی ناوەڕاستی خۆی لەدەستداوە و زیاتر ئاماژەیە بۆ وڵاتی ڕۆمانیا، ھەندێک لە لێکۆڵێنەرانی مێژووی بیزەنتی دەیانگوت کە زاراوەی ڕۆمانیا لە زمانی لاتینییەکانەوە کاتێک کە لە دوای پاییزی ساڵی ١٢٠٤ دەوڵەتی لاتینی قوستەنتینیەیان دروستکردووە ھاتۆتە ناو زمانی خەڵکەوە، ھەندێک لە ڕکابەرە ناوخۆییەکانی گرووپەکەش پێیان وابوو کە ڕۆمانیا دەبێت گەشە بدرێت و ببێتە "دیزنیلەندی پۆنتی". ماڵپەڕی پۆنتۆس کای ئاریستێرا (پۆنتۆس و چەپ): -شاری ڕۆمانیا: What? Τι; Sto eta? Nτo; Que? Ne dir? Ήντα; Was ist das? - ھەڵسەنگاندنێکی دواکەوتوو (بە یۆنانی)، نووسراو لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠؛ ئەرشیڤکراو لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩؛ سەردان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤.
  12. ^ ماڵپەڕی ئێلێسرۆتیپیا: چارالامپیدس: لەبری ڕۆمانیا پەرە بە کانەکانی زێڕ دەدەن (بە یۆنانی)، نووسراو لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٠٢؛ سەردان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤.

بەستەری دەرەکی دەستکاری