محەممەدئەمین مەنگوڕی

میرزا محەممەدئەمین مەنگوڕی کوڕی ئەحمەد کوڕی فەقێ برایم کوڕی مەلا یوسف، ساڵی ١٩١٠ز له شاری قەڵادزێ کوردستانی گەرمێن له دایک بووه.


ژیان دەستکاری

باوکی محەممەدئەمین به ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی "سوێناس"ی بەشی گەورکایەتی کوردستانی ئێران بووه، دوای ئەوەی که مامی محەممەدئەمین کچێک به ناوی بسکێ هەڵدەگری، له شەڕێکی نابەرامبەردا دەکوژرێ، پاش ئەم کارەساته، بنەماڵەی حەمەدەمین پەڕیوەی کوردستانی باشوور دەبن. ئەحمەد مەنگوڕی له وێندەرێ لەگەڵ گوڵێی فەقێ وەیس زەماوەند دەکا و بەرهەمی ئەو پێکەوه بوونه منداڵێکی ڕەزاسووک بوو که ناویان نا محەممەدئەمین. باوکی محەممەدئەمین بەداخەوه ساڵی ١٩٣٠ز له شاری قەڵادزێ له سەربان دەکەوێته خوارەوه و کۆچی دوایی دەکا. محەممەدئەمین ٢٢ ساڵه دەبێ که له باوەشی گەرمی دایکانەش بێ بەش دەبێ. محەممەدئەمین له ساڵانی سەرەتای ژیانی لای مەلا حەمەدەمین ناوێک و پاشانیش له لای مەلا مەحموود خوێندوویەتی.

ساڵی ١٩٢٢ز له ژێر فەرماندەیی "عەبدوڵڵا شەفیع" که به ئۆزدەمیر پاشا ناسرابوو، له دەربەندی ڕانییه شۆڕش له دژی دەوڵەتی ئینگلیز دامەزرا، عەباس مەحموودئاغای پشدەرێ لەگەڵ غەفوورخانی ئەندزه و مامەندئاغای سەرۆک عەشیرەی ئاکۆ، بوون به هاوپەیمانی عەبدوڵڵا شەفیع، ئینگلیزیان له دەربەندی ڕانییه دەرکرد و کوشتاری چاکیان لێکردن.

محەممەدئەمین لەو بشێویه کەلک وەردەگرێ و له دژی مامۆستا زاڵم و دڵ ڕەقەکەی هەڵوێست دەگرێ و دنەی هاواڵەکانی له مەکتەب دەدا تا بۆ خوێندن بچنه لای مەلا محەممەد دیلۆیی. محەممەدئەمین لای مەلا محەممەد دیلۆیی کتێب گەلی کولیاتی سەعدی، گولستان، بوستان، یوسف و زولەیخا و تاریخ نادری دەخوێنێ.

محەممەدئەمین مەنگوڕی ساڵی ١٩٣٠ز دوای مەرگی باوکی، ڕوو دەکاته شاری ڕانییه و له وێ نیشتەجێ دەبێ و دوای گێرەوکێشەیەکی زۆر دەبێته میرزای مامەندئاغای سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆیان له گوندی سەرکەپکان، مانگێ به لیرەیەکی عوسمانی و ئەو ناوەی میرزاشی لەو کاتەوه به سەردا بڕا. ساڵی ١٩٤٣ز له تەک تاقمێک پۆلیسی نیشتمان پەروەر و باوەڕپێکراو، حیزبێک به ناوی "خوێن ڕێژی" پیک دێنن که پەیڕەو و ئامانجیان ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بوو. تا ئەوەی که له ساڵی ١٩٣٥ز مەلا حەسەن قازی (شاهۆ) دەچێته شاری سلێمانی و پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیه دەگرێ و دوایی مەلا حەسەن دەبێته سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیه و ناوی دەگۆڕن و دەبێته سەرۆک. حیزبی برایەتی هەرەس دێنێ و ڕەفیق حیلمی له سەر ئەو ڕێکخراوەیه بنەمای حیزبی هیوا دادەمەزرێنێ.

میرزا محەممەدئەمین مەنگوڕی هەر ئەو ساڵه کتێبێک دەنووسێ به ناوی "هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن" که له لایان حکوومەتی ئەو دەم بڕیاری گرتنیان دا. ئیبڕاهیم ئەحمەد دەبێته پارێزەری، بەڵام نەیانهێشت چاوی پێبکەوێ و سەرجەم له ئیشەکەی وەلادەندرێ و ٦ مانگ دەگیرێ و دەست به سەر ١٥٠٠ نوسخه له کتێبەکەی دا دەگیرێ.

کۆچی دوایی دەستکاری

میرزا محەممەدئەمین مەنگوڕی له ڕێکەوتی ١٩٨٨/١/١٢ز له شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکا و له گردی سەیوان به خاکی دەسپێرن، بەڵام دوایی به پێی وەسێتی خۆی له ساڵی ١٩٩٢ز دەگوازرێتەوه سەر تروپکی شاخی "کێوەڕەش" له ڕۆژهەڵاتی شاری ڕانییه.


کتێبه چاپ کراوەکانی میرزا محەممەدئەمین مەنگوڕی دەستکاری

  • هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن، م.م. پژدەری، سلێمانی، چاپ خانەی بەلەدییه، چاپی یەکەم، ١٩٣٨ز
  • کۆنگریسی دڕنده و مەل له کێوەڕەشی ڕانییه، ١٩٦٩ز
  • گەشتی ئەستێرەی مەریخ
  • زێڕنیای ئامیدی (کچه کوردی قارەمان)
  • بەسەرهاتی سیاسی کورد، ١٩٥٨ تا ١٩٨٥ز، بەرگی یەکەم، بنکەی ئەدەبی و ڕووناکبیری گەلاوێژ
  • بەسەرهاتی سیاسی کورد، ١٩١٤ تا ١٩٥٨ز، بەشی دووەم، سلێمانی، ٢٠٠١ز
  • حقایقی بەسەرهاتی شێخ مەحموود له پەنای ئیستقلالی کورددا، وەزاڕەتی ڕۆشنبیری


سەرچاوە دەستکاری