قەناتی کوردۆ (١٩٠٩-١٩٨٥) نووسەر و زمانناسێکی چالاکی کورد بوو.

قەناتی کوردۆ

قەناتی‌ کوردۆ (کوردۆیڤ) ساڵی‌ ١٩٠٩ لە گوندێکی باکووری‌ کوردستان لەدایکبووە، ئەو سەردەمە گوندەکەی‌ زێدی‌ قەناتی‌ کوردۆ لەژێر دەسەڵاتی‌ رووس دا بووەو لە ‌سەردەمی‌ جەنگی‌ یەکەمی‌ جیھانیدا بە یەکجاری‌ وێرانکرا. ئێستا گوندی‌ کوردۆ لەسەر نەخشەدا نەماوە. باپیری‌ قەناتی‌ کوردۆ یەکێک بووە لە ‌پیاوە ‌ھەرە ناودارەکانی ئێزدی و لەتاو زوڵم و زۆری‌ دەسەڵاتدارانی‌ ئەو سەردەمە بەرەو خۆرھەڵات کۆچیکردووە و دواتر لە تەفلیسی‌ پایتەختی‌ گورجستان گیرساوەتەوە.

ساڵی‌ ١٩٢٨ قەناتی‌ کوردۆ لە ‌تاقە خوێندنگەی‌ کوردی‌ ئەو شارەدا بووە بە خوێندکار و پاشان‌ لە ‌زانکۆی‌ لینینگراد بەشی‌ زمانە ئێرانییەکانی‌ تەواوکردووە. لە ‌سەردەمی‌ جەنگی‌ دووەمی‌ جیھانیدا بڕوانامەی‌ دکتۆرای‌ وەرگرتووە و لە ھەمان زانکۆدا تا کۆتایی‌ ساڵی‌ ١٩٥٩ مامۆستا بووە. لە ‌سەرەتای‌ شەستەکانی سەدەی رابردوودا قەناتی‌ کوردۆ بوو بە سەرۆکی‌ بەشی‌ زمانی‌ کوردی‌ لە پەیمانگەی‌ گەلانی‌ ئاسیا، کە سەر بە ئەکادیمیای‌ زانستی‌ یەکێتی‌ سۆڤیەت بوو، قەناتی‌ کوردۆ وەک خۆرھەڵاتناسێک گەلێک کتێب و فەرھەنگی‌ زمان و بەرھەمی‌ ئەدەبی‌ نووسیوە و خزمەتێکی‌ زۆری‌ زمان و ئەدەب و کەلتوور و فۆلکلۆر و مێژووی‌ کوردی‌ کردووە.

قەناتی‌ کوردۆ رۆژی‌ ٣١ی تشرینی یەکەمی ساڵی‌ ١٩٨٥ کۆچیدوایی‌ کرد.

بەرھەمەکانی

دەستکاری
  • ڕێزمانی زمانی کوردی: بە کەرەستەی دیالێکتی کورمانجی و سۆرانی، مۆسکۆ، ١٩٧٣ (وەرگێڕانی لە ڕووسیەوە بۆ کوردی: کوردستان موکریانی، چاپخانەی الأديب البغدادي، ١٩٨٤)
  • کتێبی‌ رێزمانی‌ کوردی ‌- شێوەی‌ کرمانجی‌ لەیەریڤان چاپکراوە.
  • رێزمانی‌ کوردی‌ - مۆرفۆلۆجی‌ و فۆنەتیک.
  • قەڵای‌ گەل – چیرۆک.
  • مێژووی‌ ئەدەبی‌ کوردی -‌ بەشی‌ یەکەم چاپی‌ سوید.
  • مێژووی‌ ئەدەبی‌ کوردی‌ بەشی‌ دووەم چاپی‌ سوید.
  • مەم‌و زین - چاپی سوید ١٩٩٦
  • فەرھەنگی کوردی (سۆرانی) - ڕووسی، (نزیکەی ٢٥٠٠٠ وشەیە)، چاپی دەزگای چاپەمەنی زمانی ڕووسی، مۆسکۆ، ١٩٨٣ [١]

ئەمە سەرەڕای‌ ژمارەیەکی‌ زۆر لە وتارو لێکۆڵینەوەی‌ زانستی‌و دوو فەرھەنگنامەی‌ کوردی‌- روسی‌و فەرھەنگێکی‌ فراوانی‌ کوردی‌ کە ٢٥ ھەزار وشەو زاراوەی‌ لەخۆگرتووە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٥ی ئازاری ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە.