فێستیڤاڵی نێونەتەوەییی فیلمی بەرلین

فێستیڤاڵی نێونەتەوەییی فیلمی بەرلین (Berlinale) (بە ئینگلیزی: Berlin International Film Festival)یەکێکە لە فێستیڤاڵە سینەمایییە بەناوبانگەکان و کۆنترین فێستیڤاڵەکانی جیھان، کە ھەموو ساڵێک لە مانگی شوباتدا بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لەگەڵ فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز و فێستیڤاڵی فیلمی کان، بە گرنگترین ڕووداوی فیلم لە ئەورووپا دادەنرێت. ئەم فێستیڤاڵە ھەموو ساڵێک خەڵاتی ورچی زێڕین و ورچی زیو دەبەخشێتە براوەی بەشی سەرەکی. ورچەکە بە ھێمای شاری بەرلین ناسراوە. ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ فیلم لە بەشە جیاوازەکانی ئەم فێستیڤاڵە نمایش دەکرێن. سەرۆکی ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠١٩ دیتەر کاسلیک بوو، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ماریێت ڕیزنبیک بەڕێوەبەری جێبەجێکار و کارلۆ چاتریان بەڕێوەبەری ھونەری ئەم فێستیڤاڵەیە. لە ساڵی ٢٠١٩دا ٣٣١ ھەزار و ٦٣٧ بلیتی سینەما بۆ فێستیڤاڵەکە فرۆشراوە. فێستیڤاڵی بەرلین لە ساڵی ١٩٥١، لە سەرەتای شەڕی سارددا، وەک پێشانگایەکی جیھانی ئازاد دروستکراوە؛ و لەبەر ئەوەی ئەم فێستیڤاڵە لە ناوەڕاستی گێژاوی نێوان شەڕەکاندا دروست بووە، تا ئەمڕۆش بە یەکێک لە فێستیڤاڵە سینەمایییە سیاسییەکانی جیھان ناسراوە. ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥١ بە نمایشکردنی فیلمی ڕیبێکا کرایەوە کە لە دەرھێنانی ئەلفرێد ھیچکۆک بوو. کارگەی نۆواک لە ئەڵمانیا لە یەکەم ساڵی فێستیڤاڵەکەوە تا ئەمڕۆ خەڵاتی ورچی زێڕین بەرھەم دەھێنێت. بەشە جیاوازەکانی ئەم فێستیڤاڵە بریتین لە ٦ بەشی پێشبڕکێ، ٤ بەشی لاوەکی، ٢ بەشی بازاڕ، بەشی پشتیوانی دارایی، و بەشی گەڕان بەدوای بەھرەمەندەکان.[١][٢][٣][٤]

لۆگۆی فەرمی فێستیڤاڵەکە

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "The Berlinale: Berlin's International Film Festival Adapts – Again in 2022". german-way.com. Retrieved 24 September 2022.
  2. ^ Germany, SPIEGEL ONLINE, Hamburg (11 February 2010). "60 Years of Berlinale: A Film Festival of Propaganda, Stars and Scandal". Der Spiegel. Archived from the original on 29 July 2020. Retrieved 2016-07-24.
  3. ^ Wong, Cindy H. (2011-01-01). Film Festivals: Culture, People, and Power on the Global Screen (بە ئینگلیزی). Rutgers University Press. ISBN 978-0-8135-5121-0. Archived from the original on 19 April 2021. Retrieved 30 October 2020.
  4. ^ "Oscar Martay". Archived from the original on 26 April 2015. Retrieved 25 January 2012.