شون کوانگ (لەدایکبوون ساڵی 310ی پێش زایین- کۆچی دوایی ساڵی 238ی پێش زایین) کە زیاتر وەک شونزی ناوبانگی هەیە و دەناسرێ، فەیلەسووفێکی چینی قوتابخانەی کۆنفۆشیۆسگەرایی بووە کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی شەڕی ویلایەتەکاندا ژیاوە. دوای پێشەنانی واتە کۆنفۆشیۆس و مەنسیۆس، شونزی وەک کەسایەتی سێهەمی فەلەسەفەی کۆنفۆشیۆسگەرایی لە سەردەمی کۆندا پێناسە دەکرێ. لە سەردەمی شونزیدا کۆنفۆشیۆسگەرایی کەوتبووە بەر ڕەخنەی بەرچاوی بیرمەندانی تاویزم و مۆهیزم، و شونزی و بە شێوەی نەریتی شونزی وەک لێکدەری ئەم نەریتانە و بیر و هزری کۆنفۆشیۆسگەرایی پێناسە دەکرێت. ئەنجامی ئەو ڕەوتەش بوو بە پێداچوونەوەیەکی تەواو و یەکگرتوو لەسەر کۆنفۆشیۆسگەرایی، کە بۆ توانا و دەفرایەتی ئەو فەلسەفە بۆ بووژانەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی هان و هەروەها لە مێژووی پاش ئەو سەردەمە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زۆر گرنگ بوو. بەرهەم و نووسراوەکانی ناوبراو لە کۆمەڵەیەکدا هەر بە ناوی شونزی، بەتەواوی و بە شێوەیەکی باش ماونەتەوە و پارێزراون. بەپێچەوانەی بەرهەمە کۆنەکانی دیکە، بەرهەمەکانی شونزی تا ڕادەیەکی زۆر باوەڕپێکراو بە ناوی خۆیەوە ماونەتەوە ئەگەرچی بە ئەگەرێکی زۆرەوە لیۆ شیانگ مێژووناسی هانی ڕۆژئاوا ئەو بەرهەمانەی پاش کۆچی دوایی شونزی بەو شێوەی کۆکردبێتە و ڕێکیخستبن.

سەرچاوەکان و پێشینە دەستکاری

زانیاری وردبینانە و تەواو لەسەر شونزی دەست نەکەوتووە. ئەڵبەت بەم حاڵەشەوە لە چاو فەیلەسووفە کۆنەکانی چین کە زانیاری لەسەریان بە دەگمەن هەیە، تا ڕادەیەکی زانیاری واتادار و گرنگ لەسەر ژیانی شونزی هەیە. چینناسێک بە ناوی جان ئەیچ نابلاک دەڵێت کە سەرچاوە بەردەستەکان "نەک ڕێگا بۆ ساغکردنەوەی هێڵە گشتییەکانی کار و پیشەی شونزی خۆش دەکەن، بەڵکوو ڕێگاخۆشکەرن بۆ تێگەیشتن لە گەشەی هزری و فکریی شونزی". نووسراوەکانی شونزی بەشێوازێکی ئێجگار باش ماونەتەوە، ئەگەرچی هەندێ زانیاری وردیان لەسەر ژیاننامە تێدایە، بەڵام لە هەندێ شوێنیشدا باوەڕپێکراوییان جێی گومان و پرسیارە.

ژیان و پیشە دەستکاری

لاوێتی و سەردەمی ژیان لە چی (Qi) (310-284ی پێش زایین) دەستکاری

شونزی لە ژون کوانگ لەدایکبووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەوروبەری ساڵی 310ی پێش زایین بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش 279ی پێش زایین بووە. لەو سەردەمەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەک ژون چینگ ناسراوە بە واتای "وەزیری ژون" یان چەمبەرلەین ژون پاش پۆستی دواتری ناوبراو. هەندێ لە دەقەکان نازناویان لەباتی ژون وەک شون نووسیوەتەوە، ئەگەرچی ڕەنگە هۆکاری ئەمە بگەڕێتەوە بۆ قەدەغەبوونی ئەو ناوە لەسەردەمی دەسەڵاتداری ئیمپەراتۆرێکی هان بەناوی ژوان هان (73-48ی پێش زایین). ناوبراو زیاتر بە ناوە فەخرییەکەیەوە واتە شونزی دەناسن کە واتە مامۆستای شون و زی بەردەنووسێکی باوە بۆ فەیلەسووفە گرنگ و ناودارەکان. زێد و شوێنی لەدایکبوونی ناوبراو ژائۆ، ویلایەتێک بووە کە باکووری ناوەڕاستی چین کە ئەوڕۆ دەکەوێتە پارێزگای شانشی. ڕەنگە ڕەچەڵەکی شونزی بگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی شون، عەشیرەتێکی ئێلیت و هەڵبژاردە کە پاش دابەشبوونی جین ئاپوورەیان کەم بۆتەوە، ئەڵبەت ئەمە تەنیا گومانێکە و بەڵگەی لەسەر نییە. مێژووناسی ئیمپەراتۆری هانی ڕۆژهەڵات باسی لەوە کردووە کە لە سەردەمی گەنجێتیدا شونزی کەسێکی بلیمەت و خاوەن بەهرە بووە لە خوێندندا. هیچ شتێکی دیکە لەسەر پێشینە و ڕاهێنرانی شونزی بەردەست نییە و بۆیە هەر چەشنە هەوڵێک بۆ گرێدانی فەلسەفەی ناوبراو لەگەڵ بابەتەکانی دیکەوە پووچ و بێ ئەنجامە.


لە ماوەیەکدا کە تەمەنی لەنێوان 13 بۆ 15 ساڵ بووە (نێوان 297 و 295ی پێش زایین) شونزی ڕۆیشتووەتە ویلایەتی چی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چین. لەوێ ڕۆیشتووەتە ئاکادیمیای جیشیا، کە ئەو سەردەمە گرنگترین ناوەندەی فەلسەفەی چینی کۆن بووە و شا ژوان دایمەزراندووە. لە ئاکادیمیادا شونزی خوێندنەوەی لەسەر زۆرینەی قوتابخانە فەلسەفییەکانی ئەو سەردەمە کردووە و لای مامۆستایانی وەک زوو یان، تیان پیان و چونیوو کون خوێندوویەتی.


فەلسەفە دەستکاری

سروشتی مرۆڤ- زینگ دەستکاری

بەناوبانگترین و ئەو بەشەی کە وەک بەرهەمی شونزی ئاماژەی پێدەدرێ بەشی 23یە، "سروشتی مرۆڤ شەڕ و شەیتانە". سروشتی مرۆڤ بەناوبانگ بە زینگ، بابەتێک بووە کە کۆنفۆشیۆس تا ڕادەیەک ناڕوون و لێڵ باسی کردووە و بۆشایی و ڕێگای زیاتری هێشتووەتەوە بۆ فەیلەسووفەکانی پاش خۆی تا ئەو بابەتە پەرە پێبدەن. شونزیش وەک شانگ یانگ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە خواست و مەیلە زاتییەکانی مرۆڤ بەرەو شەڕ و شەیتانن و نۆڕم و یاسا ئەخلاقییەکان بۆ چاککردنی مرۆڤ داهێنراون. واتە جۆری کۆنفۆشیۆسگەرایی شونزی ڕەشبینانە و تاریکە بە پێچەوانەی کۆنفۆشیۆسگەرایی مەنسیۆس کە ڕوانگەی گەشبینانەی هەیە و بەشێوەی ئەرێنی و چاکە سەیری مرۆڤ دەکات. بەڵام وەک زۆرینەی کۆنفۆشیۆسگەراکان شونزی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مرۆڤ لە ڕێگای پەروەردە و ئایینەوەوە پاک و خاوێن دەبێتەوە.