سەلام
سەلام :(١٨٩٢–١٩٥٩) چالاکی سیاسی و شاعیرێکی کوردی باشووری کوردستان
سەرەتای ژیان و خوێندنی
دەستکاریشێخ سەلام کوڕی شێخ ئەحمەدی شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەدی شێخ محەمەدە، ١٨٩٢ لە دێی (عازەبان)ی قەزای ھەڵەبجە لەدایکبووە. تا ١٩٠٤ لای شێخ محەمەدی تاوێرە فارسی و بنەماکانی صەرف و نەحوی عەرەبیی خوێندووە. پاشان لە حوجرەی دێی (ئەحمەد بڕندە) زانستی دینیی وەرگرتووە، تا ١٩١١ کە ئیدی بۆ خوێندن چووەتە (مزگەوتی شێخ ئەوڕەحمانی عازەبانی) لە سلێمانی. پاش دەوری ساڵێک، خووی داوەتە ئەدەبیاتی کوردی و فارسی؛ کە جەنگی گەورە بڕاوەتەوە، گەڕاوەتەوە بۆ سەر موڵکی خۆیان لە عازەبان، خەریکی کشتوکاڵ بووە[١][٢]
مەحموود پاشای جاف
دەستکاری١٩١٩ بە ڕاسپێریی مەحموود پاشای جاف ھاتووەتە سلێمانی؛ کە شەڕی دەربەندی بازیان قەوماوە، ھەڵاتووە و سێ مانگ لە شاخی زەردە خۆی شاردووەتەوە. ئەمجا چووەتە دیوی ئێران و تا ١٩٢٠–١٩٢١ نیوەی کاتەکەی لە سنە ماوەتەوە. دیسان گەڕاوەتەوە بۆ دێی (نێرگسەجاڕ) لای مەحموود پاشا، کە لێبوردنی مێجەر سۆنی بۆ وەرگرتووە. دواتر بە چاوەشی پۆلیس دامەزراوە و کراوەتە مەئمووری پۆلیسخانەی قەزای شارباژێڕ، تا ھاتنەوەی شێخ مەحموود لە ئەسارەت. لە دووەم حکوومەتی کوردستان دا، بە مودیری ئەوراقی عەسکەرییە دانراوە تا سەرەتای ١٩٢٣[١][٢]
زیندانی کردنی
دەستکاریپاش چۆڵکرانی سلێمانی گیراوە و خراوەتە زیندان لە دێی (پیران) و شاخی (سیاکۆڵە)ی پشت دێی دزڵی. ھەر ئەو ساڵە بە گیراوی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و بەردراوە. چووەتەوە بۆ عازەبان، کەوتووەتە کشتوکاڵکردن. لەبەر ھەڕەشەی گرتنەوەی لەلایەن شێخەوە، ئەوێی بەجێھێشتووە و لە دێی (فەقێ جنە) گیرساوەتەوە. وازی لێنەھێنراوە تا لە (ناوتاق)ی مێوڵ لە شاخی باشاری بریندارکراوە.[١][٢]
جەمعییەتی زەردەشتی
دەستکاریمایسی ١٩٢٤ بە مانگانەی ١٢٠ ڕووپێ کراوەتەوە بە تەحسیلداری ناحیەی وارماوا، کە ئینگلیز خستبوویە سەر قەزای کفری. ھەمان وەزیفەی لە ھەڵەبجە و سلێمانی دیوە تا ١٩٢٨. ئەو ساڵە دەستیداوەتە بازرگانیی تووتن، لە شارەزوور و مەریوان کڕیویە و لە سلێمانی فرۆشتوویەتیەوە. پێشتر و ساڵی ١٩٢٦ (جەمعییەتی زەردەشتی)ی لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیری شار و بە ھاوکاریی مەحموودخانی دزڵی پێکھێناوە. ١٩٢٨ بەھۆی ئاشکرابوونی جەمعییەتەکەوە لە سلێمانی، دەستبەسەر کراوە[١][٢]
کۆمەڵی سەربەرزیی کوردان
دەستکاری١٩٣٠، پاش شەڕی بەردەرکی سەرای سلێمانی، لەگەڵ مەحموود جەودەت و حامید جەودەت و کامیل حەسەنی ئەفسەرانی کورددا ھەڵاتووە بۆ لای شێخ مەحموود لە پیران، لەوێ (کۆمەڵی سەربەرزیی کوردان)یان پێکەوەناوە، دوایی لەتەک ھێزەکانی شێخ مەحموودیش ھاتووەتە پشدەر و شارباژێڕ. ١٩٣٢ بووە بە موڕاقیبی ئیشغال لەسەر ڕێی پێنجوێن. ١٩٣٣ دوورخراوەتەوە بۆ بەسڕە. ١٩٣٥ کە محەمەدئەمین زەکی بەگ بووە بە وەزیری ئیشغال، گێڕاوییەتەوە بۆ سەر ڕێی دەربەندیخان. خزمەتەکەیی گواستووەتەوە بۆ دائیرەی کشتوکاڵ، بووە بە موڕاقیبی دارستانی لیوای سلێمانی. دوایی براوەتە بەغدا و کراوە بە موڕاقیبی (ویقایەی نەباتی -ڕووەک پاراستن)ی شاری بەغدا و چێندراوی دەوری شار.[١][٢]
بەرنامەی (وتاری ئەدەبی)
دەستکاری١٩٣٦ بە ھەمان وەزیفەوە نێردراوە بۆ لیوای حللە. ١٩٤٠ ھێنراوەتەوە بۆ ئیشغالی سلێمانی. ١٩٤٣ ماوەی ساڵێک لە وەزیفە دەرکراوە. ئەمجا -بە موستەخدەمی- بە مەئمووری بەرھەمەکانی ناوچەی شارباژێڕ دانراوە. ١٩٤٤–١٩٤٥ کراوە بە مەئمووری دائیرەی نفووسی پشدەر. بەو وەزیفەیەوە گواستراوەتەوە بۆ ھەڵەبجە (١٩٤٨–١٩٤٩) و ھەولێر (١٩٥١) و دووبارە ھەڵەبجە و دوایی بەغدا. لەوێ لە ٢ی تەمووزی ١٩٥١ەوە حەفتەی ڕۆژێک بەرنامەی (وتاری ئەدەبی)ی لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا پێشکەشکردووە. ١٩٥٣ براوە بۆ دائیرەی دارستان. ١٩٥٥ خانەنشینبووە، دەستیداوەتەوە کشتوکاڵ[١][٢]
کۆچی دوایی
دەستکاریبەرھەمەکانی
دەستکاریشێخ سەلام، شیعری لە (گەلاوێژ، دەنگی گێتیی تازە، ژین) دا بڵاوبووەتەوە[١][٢]
ئەم بەرھەمە بڵاوکراوانەیشی ھەن:[١][٢]
- دیوانی سەلام، چاپخانەی تەمەدون- بەغدا، ١٩٥٨،
- چوارینەکانی نەخەعی، چاپخانەی سلمان الأعظمی- بەغدا، ١٩٦٩.
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ دیوانی سەلام، چاپخانەی تەمەدون- بەغدا، ١٩٥٨، ل دە- بیست و یەک؛ مێژووی ڕادیۆی کوردیی بەغداد ١٩٣٩–١٩٥٨، بەرگی یێکھەم- جزمی یێکھەم، ل٦٥٥؛ نجم الدین ملا، مینای شکستە، ب٣، سلێمانی، ١٩٤٠، ل٢٩–٣٥ (دەستنووس).
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ، بەرگی یازدەهەم/ بەشی یەكەم- ژیاننامە و پێڕست، ئامادەكردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عەبدوڵڵا زەنگەنە، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٦، ل8094-8095