سکۆلاستیزم

قوتابخانەی سەدەی ناوەڕاستی فەلسەفە

سکۆلاستیزم یا فەلسەفەی سکۆلاستیک یا فەلسەفەی فێرگەیی یا فەلسەفەی قوتابخانەیی مەکتەبێکی فەلسەفی بوو له سەدەگەلی ناوەڕاستدا کە بۆ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی، پشتی بە دە کاتەگۆرییەکەی ئەرەستوو دەبەست. سەرچاوەی سکۆلاستیزمی مەسیحی دەگەڕێتەوە بۆ کاتێ کە قوتابییان و مامۆستایان لە قوتابخانەکانی کڵێسە و دەیرە مەسیحییەکاندا دەستیان کرد بە وەرگێڕانی دەقە فەلسەفییەکانی ئیسلام و جوولەکایەتی و، لەم ڕێگایەوە سەرلەنوێ بەرھەمەکانی ئەرەستوویان دۆزییەوە. لە ئاکامی ھەوڵ و تێکۆشانی ئەوان بۆ گونجاندن و ڕێکھێنانی میتافیزیکەکەی ئەرەستوو و باسی جووڵێنەری بێجووڵەکەی لەگەڵ تیۆلۆجییە سیانەیییەکەی خۆیاندا، قوتابخانەگەلی سەر بە دەیر و کڵێسە بوون بە بناخەیەک بۆ دامەزرانی یەکەمین زانستگاکان و، بۆ ماوەی ۶۰۰ ساڵ، لە ۱۱۰۰ەوە ھەتا ۱۷۰۰، سکۆلاستیزم زاڵ بوو بە سەر پەروەردەی ئەورووپادا. سەرھەڵدانی سکۆلاستیزم بەم قوتابخانانەوە دەبەسترێتەوە کە لە ئیتالیا و فەڕەنسا و پورتوگال و ئیسپانیا و ئینگلیزدا پەرەیان سەند.

سکۆلاستیزم زۆرتر لەوەی کە فەلسەفە یا تیۆلۆجی بێ، میتۆدێکە بۆ فێربوون. ھەر بۆیە، بۆ پەرەدان بە مەعریفەت لە ڕێگای ئاکامگرییەوە و، بۆ ھەڵوەشانەوە و نەھێشتنی ناتەبایییەکان، بەھێزەوە پێداگری لە دیالیکتیک دەکا. ئەندێشەی سکۆلاستیک بەوە ناسراوە کە بە شێوەیەکی تێروتەسەل بابەتەکان شی دەکاتەوە و جیاوازییەکان بەوردی دەسنیشان دەکا. ئەمە لە قوتابخانە و لە نووسراوەکاندا شێوەی مشتومڕ و شەڕەقسە دەگرێتە خۆی؛ مژارێک لە ھۆرتەوبەرەیەکی کۆنەوە دەکرێتە پرسیار و دەھێنرێتە پێشەوە، وەڵامی پێ دەدرێتەوە، لە بەرامبەر پێشنیاری وەرنەگیراودا پێشنیاری تر پێشکەش دەکرێ و بەڵگەی لەسەر دەدرێ و، ھەوڵ دەدرێ بەڵگەکانی لایەنی بەرامبەر ڕەت بکرێتەوە. بە ھۆی ئەم پێداگرییەوە کە لەسەر میتۆدی دیالیکتیکیی چڕوپڕەوە ھەیبوو، سکۆلاستیزم ئاقیبەت لە زۆرێک لە بوارەکانی تری لێکۆڵینەوەشدا بە کار بردرا.

سکۆلاستیزم لە سەرەتای خۆیدا بەرنامەیەک بوو کە لە لایەن ژمارەیەک لە ھزرڤانانی مەسیحییەوە ڕێبەرایەتی دەکرا. ئەوان دەیانویست دەستوورنامەکان و دەقەکانی دابونەریتی خۆیان ڕێک بخەن و، تیۆلۆجیی مەسیحی و فەلسەفە، بەتایبەت فەلسەفەی ئەرەستوو و ئەفلاتوونیزمی نوێ، پێک بگونجێنن و لەگەڵ یەکترا ئاشتیان بکەنەوە. لە نێوان فەیلەسووفانی سکۆلاستیکدا، ئەوانەی لەوانی تر ناودارترن بریتین لە تۆماس ئەکویناس و ویلیامی ئۆکامی و دانس سکەوتەس و ئەلبێرتوس مەگنوس.

سەرچاوەکان دەستکاری