کتێبی زینده به گۆڕ، نووسینی خاتوو مریەمی قازییه که له ڕێبەندانی ساڵی ٢٠٠٠دا چاپ و بڵاو بۆتەوە.

پێشەکی

دەستکاری

زینده به گۆڕ، زایەڵەی زەنگی مەترسیی دووباره بوونەوەی هەڵکشان و داکشانی ستوونیی گەمەی ژیان - مردن، مردن - ژیانەوەیەکی هەمیشەییه که له بەرەبەیانی مێژووەوه دووچاری گەلی کورد بووەو، نه له کڕۆکپی مردندا ئۆقره دەگرێ و، نه له هات و هاواری ژیاندا سەقامگیر دەبێ.

زینده به گۆڕ، باڵیۆزی چیرۆکی ڕۆژهەلاته بۆ باشوورو، نەخشەی جوگرافیای تەلبەندکراوی چیرۆکی کوردیی کەلێن بڕ دەکا... زینده به گۆڕ نوقڵانەی ئەزموونێکی هونەریی و هۆشمەندانەی سیاسی سەرکەوتووه.

چیرۆکی زینده به گۆڕی خاتوو مریەمی قازی له وەڵامی ئەم پرسیاره ناماقوڵه دەگەڕێ (دەتەوێ چەند جاری دیکه بمری ...؟!) دەڵێم (ناماقوڵ). مەبەستم له زاراوه ئەدەبییەکەیه، چونکه وەڵامی پرسیارەکه پێشوەخته زانراوەو، بەلای کەمیشەوه ئێمەی مرۆڤ دەزانین نەک هەر هەموو مرۆڤێک، بگره هەموو گیانلەبەرێکیش تەنها یەک مردنی له پێشەو، هیچ کەسێک بۆی نییه ئەو ئەزموونه کارەساتئامێزه دووباره یا چەند باره بکاتەوه، مەگەر ئەو مردنه مەجازییەی که لەم پەنده کوردییەدا هاتووەو دەڵێ:

ئازا تەنها یەک جار دەمرێ، بەڵام ترسنۆک ڕۆژێ هەزار جار ...

بەڵام خاتوو مریەمی قازی لەم چیرۆکی زینده به گۆڕەیدا باس له کارەسات و تراژیدیای ڕاست و مەجازیی میللەتێک دەکا، که له ڕووداوی مەرگباری قوربانییەکانی ئەنفال و بەکۆ مردنیان له سەحرای عەرعەرو، له کیمیابارانی هەزاران خەڵکی بێ گوناهی هەڵەبجەی شەهیدو، له لێقەوماوانی کۆڕەوه ٣ میلۆنییەکەی بەهاری ١٩٩١ەوە ڕووه ڕاستەقینەکەی وەردەگرێ.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • کتێبی زینده به گۆڕ (دیاری خاتوو مریەمی قازی به کاروان دوورئەندیش)
  • پێشەکی کتێبی زینده به گۆڕ، نووسینی زاهیر ڕۆژبەیانی
  • وت‌وێژی کاروان دوورئەندیش له‌گه‌ڵ مریەمی قازی (٢٠١٣/٧/٣)