زیندانی نوگرە سەلمان

زیندانێک بوو لە عێراق

زیندانی نوگرە سەلمان یەکێکە لە زیندانە کۆنەکانی عێراق، دەکەوێتە پارێزگای موسەنا لە شاری سەماوە لە ساڵی ١٩٣٠ لە سەردەمی پادشایەتی ھاشمی و دواتریش لەلایەن میرییەکانی عەبدولکەریم قاسم و سەددام حوسێنەوە بەکارھێنراوە، شوێنی زیندانەکە کە قەزای سەلمانە لە ناوچەیەکی بیابانی نزیک سنووری عێراق و عەرەبستانی سعوودییە. زیندانەکە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ھێزە داگیرکەرەکانی ئینگلیزەوە دامەزرا، چونکە ناوچەکە دوورە و شوێنی دوورخستەوە بوو لەو سەردەمەدا، وەک چۆن ئینگلیزەکان نزماییەکانی سەلمانیان ھەڵبژارد، یان ئەوەی بە نوگرە سەلمان ناسراوە بۆ ئەوەی بنکەی سەرەکی ئەم زیندانە بن، و نوگرە سەلمان دوو زیندانی ھەیە، یەکەمیان ئەو زیندانەیە کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراوە، کە باسی دەکەین و ئەوی تریان لەسەر یەکێک لە گردەکانی سەلمان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن میری عێراقەوە دروستکراوە، و زۆر لە زیندانەکەی پێشوو گەورەترە.[١]

شوێنی نوگرە سەلمان

دەستکاری

نوگرە سەلمان دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق و عەرەبستانی سعوودی لە تەنیشت گوندی سەلمان لە پارێزگای موسەننا. نزیکەی ١,٥ کیلۆمەتر لە گوندی سەلمان دوورە، لە بیابانی باشووری عێراقدایە، لە ھەر گۆشەیەکدا تاوەرێکی چاودێری ھەیە.[ژێدەر پێویستە]

دەربارەی نوگرە سەلمان

دەستکاری

مێژووی دروستکردنی نوگرە سەلمان بۆ سەردەمی داگیرکاری ئینگلیز لە عێراق دەگەڕێتەوە. لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە، لە ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو دروستکراوە.

ئەم زیندانە یادەوەری تاڵی لەلای ھەموو ئەو کەسانە ھەیە کە زیندانی کاتی ڕژێمی سەددام حوسێن بوون، بە تایبەتی لە قۆناغی یەکەمدا و ئەوانەی سەر بە پارتی کۆمۆنیستی عێراقی و پارتی دەعوەی ئیسلامی بوون. ئەندامانی ئەم لایەنانە زیندانی دەکران و بۆ زیندانی نوگرە سەلمان دوور دەخرانەوە.

لە قۆناغی دوومدا و بەتایبەتی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا خەڵکە ئەنفالکراوەکانی کوردستان بران بۆ باشووری عێراق و پێش زیندەبەچاڵکردنیان لە ناو زیندانی نوگرە سەلمان وەکو دوا قۆناغی ژیان و ئامادەکردنیان بۆ کۆمەڵکوژی دادەنران.

ئەم زیندانە لە ئێستادا چۆڵە و بۆ ھیچ مەبەستێک لەلایەن میری نوێی عێراقەوە بەکار ناھێنرێت. لەسەر دیوار، ڕاڕەوەکانی و ھۆڵەکانی نووسین و وێنەی ھەڵکۆڵراو و ھێمای زیندانییەکان ماون. وەکو پێویست ھەڵنەگیراون و بەبەڵگە نەکراون.

لەم زیندانەدا بە ھەزاران پیر، گەنج، مناڵ و ژن لەبرسێتی تینوێتیدا یان لەئەنجامی ئەشکەنجەداندا مردوون. دەوروبەری قەڵاکە چەندین گۆڕی تاک تاکەی مردووانی لێیە.

لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا پارتی بەعس قەڵا سەربازییەکانی وەک زیندانی گەورە بۆ ئەو خەڵکە زۆرە بەکاردەھێنا. دوایین وێستگەی پێش کۆمەڵکوژی زیندانی نوگرە سەلمان بووە. یەکێک بووە لە مەترسیدارترین زیندانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ژیانی چەندین کەس تێیدا کۆتایی ھاتووە، ئەنفال کراون، بێسەروشوێن کراون و بە خراپی ئەشکەنجە دراون، چەندین کەسیشیان لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا مردوون. یان لە برسا مردوون کە خواردنی سەرەکییان سەموون و ئاو بووە، لە ھەندێک کاتدا کە زیندانەکە بەکارنەدەھات، خەڵکی گوندەکە ئاژەڵەکانیان لەناو تاوەرەکەدا بەخێو دەکرد.[ژێدەر پێویستە]

مێژووی نوگرە سەلمان

دەستکاری

زیندانەکە بۆ زیندانیکردنی زیندانیانی ڕامیاری بەکارھاتووە، لە ساڵی ١٩٦٤ خەڵکی سەماوە ناوبانگێکی جەماوەرییان بەدەستھێنا بەھۆی ڕزگارکردنی زیاتر لە ھەزار زیندانی ڕامیاری پارتی کۆمۆنیستی عێراقی کە بە شەمەندەفەرێک لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەغداوە بۆ سەماوە لە ڕێگای زیندانی نوگرە سەلمان لە گەرمای ٥٠ پلەی سەدی نێردارن. شەمەندەفەرەکە لە وێستگەی شەمەندەفەر لەلایەن خەڵکی شارەوە ھێرشی کرایە سەر، زیندانییەکان ئاو و خۆراکیان پێدرا. زیاتر لە ١٠٠ کەس لە زیندانییەکان پێش ڕزگارکردنیان مردبوون.

لە کاتی چەوساندنەوەی کوردانی فەیلی لەلایەن میری سەددام حوسێنەوە، ئەو پیاوە کوردانەی بەتوانا بوون، ئەگەر نەنێردرانایەتەوە بۆ ئێران لە زیندانیشدا جیا دەکرانەوە.

لە ساڵی ١٩٨٢ دوای ھەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی سەددام حوسێن لە دووجەیل، چەندان کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە لە زیندانەکەدا زیندانی کران و ئەشکەنجە دراون.

پێش ئەوەی لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زیندانێکی نوێ دروست بکرێت، لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ چەند ساڵێک جێھێڵرا.

لەکاتی ھەڵمەتی ئەنفالدا کە ئاڕاستەی کورد کرابوو، ھەزاران زیندانی ڕەوانەی نوگرە سەلمان کران و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) مەزەندە دەکات کە ژمارەی زیندانەکان لە نێوان ٦ ھەزار بۆ ٨ ھەزار کەس بووە.

کۆمەڵەی یەکەم پێکھاتبوون لە بەساڵاچووانی تەمەن نێوان ٥٠ بۆ ٩٠ ساڵ، لە سەرەتای مانگی نیساندا بە کاروانێکی پاس گواستراونەتەوە کە لە کەمپەکانی باکووری عێراقەوە دەھێنران. ھەروەھا لە مانگی ئایاردا کۆمەڵێکی تری بەساڵاچووانی ناوچەکە لە دەوروبەری زابی بچووک گەیشتنە ئەوێ. لە مانگەکانی ھاویندا کۆمەڵێک ژن لەگەڵ منداڵەکانیان پێکەوە ھێنران، لە دیبسەوە ھێنرابوون کە کەمپی دەستبەسەرکردنی ژنان بوو.

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ سەدان زیندانی لە ھەڵەبجەوە ھێنران، لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە، ڕەوانەی نوگرە سەلمان کران. گرووپی ھەڵەبجە بریتی بوو لە خەڵکی ھەموو تەمەنێک لە پیاو و ژن و منداڵ.[ژێدەر پێویستە]

نوگرە سەلمان لە ساڵی ١٩٨٨

دەستکاری

ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨دا لە ھەڵمەتێکی سەربازی گەورە و پلان بۆ داڕێژراو لە ڕێگەی ھەشت قۆناغی جیاوازەوە پرۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد، وەکو جێبەجێ کردنێکی وردی ڕامیاری کۆمەڵکوژی کورد و لەناوبردنی گوندەکانی کوردستان.

بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفالدا ڕزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران لە تۆپزاوا کۆکراونەتەوە و دواتر گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و بەتەمەنەکانیش لە لایەکی تر جیا کراونەتەوە، گەنجەکان بە پاسی تایبەت بەرەو زیندەبەچاڵکردن ڕەوانە کراون و ئەوانی تریش بەرەو زیندانی نوگرە سەلمان گواستراونەتەوە.

ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان گواسترانەوە زیاتر لە پێنج مانگ لەو زیندانەدا دەستبەسەر بوون، دواتر زۆربەی ئەو خێزانە ھەڵەبجەییانەش، کە لە ئێران دەگەڕانەوە بەرەو نوگرە سەلمان دەھێنران.

ئەو ھەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون ڕۆژانە ئازاری دەستی جەلادێک دەچێژن، ئەو جەلادە ناوی عەجاج تکریتی بوو کە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەکانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێت، کە سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بوو، ئازار و ئەشکەنجەی چەندان زیندانی بە خراپی داوە.[ژێدەر پێویستە]

سەگەکانی نوگرە سەلمان

دەستکاری

ئەو کەسانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال گەڕانەوە دەڵێن، سەدان کوردی ئەنفالکراو بوونە خۆراکی سەگەکانی نوگرە سەلمان. ئەنفالدیدەکان باس لە سەگەکان دەکەن و دەڵێن: «سەگەکان زیندانیانی ترساندبوو، سەگەکانیش سەگی ئاسایی نەبوون، تووکیان درێژ و زۆرینەیان ڕەنگی ڕەش و گەورە بوون، گۆشتی مردووانیان پێدەدرا، خێزانەکان لە کاتی نەخۆشکەوتنی منداڵانیان لەوە دەترسان ببنە خۆراکی سەگەکان».[ژێدەر پێویستە]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «سجن نقرة السلمان»، ویکیپیدیا (بە عەرەبی)، 2023-03-16، لە 2023-05-16 ھێنراوە

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری