زمانەوانی یان زمانناسی (بە ئینگلیزی: Linguistics) بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوەی ورد و ھەمەلایەنەی زمان. بە واتایەکی تر زمانەوانی بە دوای دۆزینەوەی ئەم پرسیارانەدایە: «زمان چییە؟»، «چۆن کار دەکا و لە چی پێکھاتووە؟»، «مرۆڤەکان چۆن پەیوەندی بە یەکەوە دەکەن؟»، «زمانی مرۆڤ لە چیدا لەگەڵ سیستەمە پێوەندییەکانی گیانداران جیاوازە؟»، «منداڵ چۆن زمان دەگرێ؟»، «زمانی مرۆڤ چۆن گەشەی سەندووە؟»، «خزمایەتی نێوان زمانەکان چۆنە؟»، «تایبەتمەندییە ھاوبەشەکانی زمانەکانی دنیا کامانەن؟»، «مرۆڤ چۆن دەنووسێ و چلۆن زمانی نووسین لێک دەداتەوە؟» و …

زمان ناسی بەم واتا تازەوە، زانستێکی نوێیە، بەڵام وەک لێکۆڵینەوە لەسەر زمان بۆ چەند سەدە پێش لە زایین دەگەڕێتەوە، یانی ئەو سەردەمەی پانینی ڕێزمانی بۆ زمانی سانسکریت دانا.

لە زمانناسیدا، لە چەند ڕوانگەوە سەیری زمان دەکەن: دەنگناسی، شێوەناسی، واتاناسی، ڕستەناسی، وشەناسی و ھەروەھا بوارەکانی کۆمەڵناسی زمان، دەروون ناسی زمان، دەمار ناسی زمان، زمانناسی داد، زمان و ژیری و …

لە بەر ئەوەی زمان دیاردەیەکی گران و ئاستەمی مرۆڤی و کۆمەلایەتییە، لێکۆڵینەوەی ورد و ھەمەلایەنەی زمان، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە زانستەکانی تر سەرناگرێ. کەوابوو زمانناسی بێجگە لە باری ناساندن (تەوسیفی) و بیرۆکەیی زمان، تیشک دەخاتە سەر باری کەڵک ناسی، دەروونناسی، خەڵکناسی، کۆمەڵایەتی، ھونەری، وێژەیی، فەلسەفی و نیشانەناسی زمان. کەوابوو زمانناسی ئەمڕۆ زۆر گۆڕەپانی زانستی دەگرێتە خۆی.

زمانەوان یان زمانناس بەو کەسە دەبێژن کە دەپەرژێتە سەر لێکۆڵینەوەی زانستی زمان، پێچەوانەی بیری باوی کۆمەڵگا، زمانەوان پێویست نییە بە سەر چەن زماندا زاڵ بێ، گرنگ ئەوەیە بتوانێ دیاردەکانی زمانناسی وەک وشە، بڕگە، ڕستەناسی و واتا بناسێ و بە جوانی لێکی بداتەوە. لە بیرمان بێ کە کاری زمانەوان ناساندنە، نەوەک دانان.

کورتە مێژوو

دەستکاری

پانینی لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، ڕێزمانێکی چڕوپڕی بۆ زمانی سانسکریت نووسی، بەڵام زمانناسی لە واتای ئەمڕۆدا، لەگەڵ نووسینی کتێبی خولی زمانی گشتی بەرھەمی فردینان دێسوسور دەستی پێکرد. لە دەکانی ١٩٥٠، بیرۆکەکانی نوام چامسکی شۆڕشێکی لەئ بوارەدا بەرپاکرد و بووە ھۆی سەرھەڵدانی ڕێزمانی زایەنی یان (Generative grammar). چامسکی لەسەر ئەو باوڕەبوو کە بنەما و دانستەکانی زمان لە مرۆڤدا سروشتی و زاتییە، واتە کە فێربوونی زمان بە شێوەی جێنێتیکی و بۆماوەیی لە مێشکدا داڕێژراوە و ژینگەی منداڵ تەنیا وەک ھاندەرێک لە فێربوونی زمانی دایکیدا دەوری ھەیە. منداڵ کۆمەڵێک زانیاری لە ژینگەی زمانی خۆی وەردەگرێ و بۆ خۆی دەتوانێ کۆمەڵێک پێکھاتەی تازەی لێ دروست بکات.

شۆڕشەکانی زمانناسی

دەستکاری

چەن خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی زانستی زمانناسیدا بەدی دەکرێت.

یەکەمین شۆڕشی زانستی لە گۆڕەپانی زمانناسیدا ڕابردوو خوازی یە، کە لە سەدەی ھەژدەھەمی زایینی سەری ھەڵدا. خاڵی دەسپێکی ئەم شۆڕشە بۆ ١٧٨٦ دەگەڕێتەوە، کاتێ کە ویلیام جۆنز لە وتارە بەناوبانگەکەیدا، دەقە سانسکریتییەکانی لەگەڵ فارسی کۆن و لاتین ھەلسەنگاند و وێکچوونەکانیانی دەرخست و ئەم زمانانەی بۆ سەرچاوەیەکی ھاوبەش، واتە زمانی ھیند و ئەورووپایی گەڕاندەوە. دوابەدوای ئەمە باسی بەسەرھات، خێزان و سەرچاوەی زمانەکان داھات، زانایانی ئەم سەردەمە لە سەرگۆڕانکارییەکانی زمان لە درێژایی مێژوودا دەکۆڵینەوە.

دووھەمین شۆڕش لە زمانناسیدا، پێکھاتە خوازی بوو، کە فردینان دێسوسور بە دامەزرینەری دەناسرێ. شۆڕشی دووھەم کاردانەوەیەک بوو لە ھەمبەر شۆڕشی یەکەم، ئەوەی سوسور باسی لێدەکرد، بارودۆخی ھاوچەرخە، نە لێکدانەوەی مێژوویی. سوسوور زمانی وەک سیستەمێک لە نیشانەکان دەبینی و زمانناسی لەسەر بنەڕەتی نیشانە دامەزراند، لە ڕوانگەی دێسوسورەوە نیشانە ھەمان وشەیە. ئەم جۆرە زمانناسییە تا پەنجا ساڵ دریژەی سەند.

شۆڕشی سێھەم لە ساڵی ١٩٥٧ ز. لەسەر دەستی نوام چامسکی و لەگەڵ دەربڕینی بیرۆکەی ڕێزمانی جیھانی و زمان فێربوونی مندالان سەری ھەڵدا، ئەم بیرۆکانە بوونە ھۆی دروستبوونی چوارچێوەیەکی گرنگ لە زانستی زمانناسیدا کە بە ڕێزمانی زایەنی ناسرا. لە ڕوانگەی چامسکی، ڕستە یەکەی لێکۆڵینەوە لەسەر زمانە. ئەم ڕوانگەیە لە ١٩٥٧ ەوە تا ئەمڕۆ بە سەر زانستی زمانناسیدا زاڵە.

بەڵام لە دەیەی شەستەوە، جۆرێکی تر ھاتە ئاراوە، کە ناوی شۆڕشی چوارەمی بە باڵای خۆی بڕی. ئەگەر چامسکی یەکەی زمانناسی بە ڕستە دانا، لەم ڕوانگەیەدا یەکەی لێکۆڵینەوە لە زمان وتە یە. چامسکی زمانناسی تێکەڵ بە دەروونناسی و ژینناسی کردبوو، بەلام لەم ڕوانگەیەدا تێکەڵ بە کۆمەڵناسی بووە. شۆڕشی چوارەم دەڵێ: ھەر ڕستە لە دەقێکدا، گەرچی زۆر سادەش بێ، ھەڵگری سێ توێکە:

  • ناوەرۆک (بابەتی قسە)
    • لە دەربڕینی ئەم ناوەرۆکەدا چۆن مامەڵە دەکات
      • ئەم ڕستەیە وەک پێکھاتەیەکی دەقەکە، چەندە لە پێکھێنانی دەقەکەدا کاریگەرە.

لەم ڕوانگەیەدا وتە گرنگە، ڕستەش تەنیا لە ناو دەقدا کەسایەتی ھەیە. گەرچی لە زۆر جێگەدا دەق بە گەورەترین و دیارترین یەکەی زمانناسی دەناسرێت، بەڵام جاری واش ھەیە تەنیا یەک وشە دەتوانێ ببێتە وتەیەکی تەواو.

لقەکان

دەستکاری
  • دەنگناسی: بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانە لە دەنگەکانی زمان لە ڕووی چۆنێتیی دروستبوونیان و پێوەندییان لەگەڵ یەکدا.
  • شێوەناسی: کۆنترین بەشی ڕێزمانە بەڵام نوێترین بەشی زمانەوانییە، چونکە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەھەمدا سەری ھەڵداوە.
  • واتاناسی:لقێکی زمانناسییە کە لە واتای وشە دەکۆڵێتەوە.
  • ڕستەناسی: دەکۆڵێتەوە لە پێکھاتن و دروستکردنی ڕستە.
  • وشەناسی لە پێکھاتن و دروستبوونی وشە دەکۆڵێتەوە.
  • کەڵک ناسی ئەو بەشەی زمانناسییە کە لە واتا و بەکارھێنانی دەکۆڵێتەوە.
  • لێکدانەوەی وتە

ڕێبازەکان

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • ویکیپدیا-زبانشناسی