ڕێبازی پراگ (بە ئینگلیزی: Prague school یان Prague linguistic circle) ڕێبازێکی زمانەوانییە کە پاش بڵاوبوونەوەی بۆچوونەکانی فردینان دێسوسور لە پەرتووکی «Course»دا لە شاری پراگ لە چیکۆسلۆڤاکیا پەیدابوو.

ئەمیری ڕووسی کۆچبەر نیکۆلاس سێراجنیش ترۆبتسکۆی (١٩٨٣-١٨٩٠) و زمانناسی بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی ڕۆمەن جاکۆبسن (١٩٨٢-١٨٩٠) داهێنەری ئەم ڕێبازە بوون، هەروەها لە کەڵەپیاوانی ئەم ڕێبازە، زمانناسی بە ڕەچەڵەک چیکی ولیم ماسیوس (١٩٤٥-١٨٨٢) و جان موکارۆفسکی کە فەیلەسوفێک بوو پڕەنسیپەکانی جوانناسی بۆ ڕێبازی پراگ دانا.

بونیاتنەرانی ئەم ڕێبازە چەند دیدارێکی ڕێکیان ئەنجام دا و بەرنامەی کاری ڕێبازەکەیان بۆ کۆنگرەی یەکەمی زانایانی زمانناس لە لاهای هۆڵەندا لە ساڵی ١٩٢٨ پێشکەش کرد، کە لە ژێر ناونیشانی «کاروبارە بنەڕەتییەکانی زنجیرەی زمانەوانی پراگ» بەڕێوەچوو، کە جەختی لەسەر بوونی کرداری زمان کردەوە.

جا ئەم کۆنگرەیە ئەو بەیاننامەیەی خوێندەوە کە ڕابەرانی ئەم ڕێبازە لە کۆنگرەی زمانە سلاڤییەکان لە ساڵی ١٩٢٩ دەریان کرد، کە لە دوو توێیدا فۆڕمەلەی تیۆرە بونیادگەرییەکەیان لە ئاست دەنگی زمانییەکەیدا خستە ڕوو، لە هەمان کاتیشدا جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە بنەچەی زمان لەوەوە هاتووە کە بونیادێکە و دادەمەزرێ؛ وەکو یەکەیەکی تەواو بەرەو پێش دەچێت، نەک بە شێوەی زنجیرەی پێشڤەچوونی تاکی کە لە مێشکدا دروست دەبێت و پەیوەندی لە نێوانیان نییە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • خۆشناو، نەریمان؛ محەممەد، کامران(٢٠٠٨)؛ قوتابخانە زمانەوانییەکان، چاپی یەکەم: هەولێر