میخائیل گۆرباچۆڤ (بە ڕووسی: Михаи́л Серге́евич Горбачёв) (لەدایکبووی ٢ی ئازاری ١٩٣١) دوایین سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت بووە لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی بە فەرمانڕەوایی وڵات کرد تا ١٩٩١ دوایە تا ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتەکە، میخایل یەکێک بوو لە تێکۆشەران کە ھەوڵی بۆ لەناوبردنی شەڕی سارد کردبوو، بەھۆی کارەکانییەوە میخایل لەساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نۆبێل لە ئاشتی دا پێبەخشرا.

شامەبەستی گۆرباچۆڤ بریتی بوو لە ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی لە جڤاتی سۆڤیەتدا. سیستەمی سۆڤیەتیی ئەو دەم لە دوو ھەرەمی لاتەریبی مەزن پێک ھاتبوو: حیزب و دەوڵەت. بە نۆڕینی باو دەبا پارتی کۆمیونیست دەست پێشخەری بکات بەڵام دەوڵەت دەسەڵاتی دەستوور دانان و بەجێھێنەر و دادپرسیی ھەبێت.

گۆرباچۆڤ دەیویست پەیوەندیی نێوان حیزب و دەوڵەت بگۆڕێت. حیزب بە پێی نۆڕینی باو دەبا پێشەنگ بێت و دەستی لە گشت بوارەکانی کۆمەڵگەدا ھەبیت. ئەم ڕەوتە بەلای گۆرباچۆڤەوە نیشانەی داڕمان بوو.

لە ڕاستیدا ڕیفۆرمی ئابووریی گۆرباچۆڤ ھیچ شتێکی ئەوتۆی لێ شین نەبوو. لە ماوەی حوکومڕانیی گۆرباچۆڤدا، بەردەوام ئابووریی سۆڤیەت خراپتر دەبوو. بەرھەمھێنان کەم دەبۆوە، کەمیی شتومەکی نێو بازاڕ خراپتر دەبوو، بازاڕی ڕەشیش گەرمتر دەبوو. لە نێو گەلدا پلەی خۆشویستنی گۆرباچۆڤ تەواو دابەزی. بەڵام لە دەرەوەی سۆڤیەت پتر خۆشەویست دەبوو چونکە سەرکەوتووانە گرژیی سیاسیی نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای ڕەواندەوە و ڕێگەی دا وەڵاتانی ڕۆژاوای سۆڤیەت ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر و لە پەیوەندی یەکیەتیی سۆڤیەت ڕزگار بن.


زیاتر...