سولتان محەمەد فاتیح, کاتێک ئەچێتە قوستەنتینیە, بە فڵچەى فوستۆ زۆنارۆ
سولتان محەمەد فاتیح, کاتێک ئەچێتە قوستەنتینیە, بە فڵچەى فوستۆ زۆنارۆ

دەوڵەتی عوسمانی (بە تورکیی عوسمانی: دَوْلَتِ عَلِیّۀ عُثمَانِیّە؛ بە تورکیی نوێ: Yüce Osmanlı Devleti) ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی بوو کە لە ساڵی ١٢٩٩ەوە تا ساڵی ١٩٢٣، بۆ ماوەی نزیک بە ٦٠٠ ساڵ بەردەوام بوو و دەسەڵاتداریی ئەکرد. عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئەو ئیمپراتۆریەتە بوو.

دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی. زۆربەی خاکی ھەر سێ قاڕەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەگەیشتە ٢٩ ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی "پێشەوای باوەڕداران" و "خەلیفەی موسڵمانان"-یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی سیاسی و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەورووپای مەسیحی و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن وچاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری. لە ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی عوسمانی کۆتاییی پێ ھات و کۆماری تورکیا دامەزرا کە لە ئێستادا بە میراتگری ڕەسمیی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت.


زیاتر...