گەنمەشامی یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیھان بۆ خواردن بەکاردێت بە تایبەتی لە ھیندستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. دانەوێڵەکان (Cereals) بەگشتی وەکوو سەرچاوەیەکی ئاسان و ھەرزانی وزە سوودیان لێ وەردەگیرێت، ھەر ١٠٠ گرەمێکی زۆربەی دانەوێڵەکان نزیکەی ٣٣٠-٣٥٠ کالۆری بە لەش دەبەخشن، بۆ نموونە ١٠٠ گرەم گەنمەشامی نزیکەی ٣٤٢ کالۆری تێدایە. گەنمەشامی چەندین ڤیتامین لەخۆدەگرێت وەکوو: ڤیتامین A، ڤیتامین E، ڤیتامینەکانی B١، B٢، B٣، B٦، B٩ (فوولات). ھەروەھا گەلێک کانزای گرنگی تێدایە، لەمانە فۆسفۆر، مەگنیزیۆم، زینک، مس، ئاسن، پۆتاسیۆم و سیلینیۆم کە سیفەتی دژەئۆکسانی ھەیە. سوودە تەندروستییەکانی خواردنی گەنمەشامی بریتین لە: پاراستنی پێست لە نەخۆشی، یارمەتیدانی کۆئەندامی ھەرس بۆ ھەرسکردن و ھەڵمژینی خۆراک، پاراستنی تەندروستیی دەمارەخانەکان و فرمانەکانی کۆئەندامی دەمار، رێگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیستیرۆلی خوێن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەکان و نەخۆشی دڵ زیاد دەکات.

گەنمەشامی گەلێک مادەی گرنگی تێدایە لەمانە ڤیتامین B١ کە گرنگە بۆ کرداری زیندەپاڵی (میتابۆلیزمی) مادە کاربۆھیدراتییەکان، ڤیتامین B٥ کە چەندین فرمانی لەش گرنگی ھەیە، فوولات کە لەش بۆ درووستکردنی خانەی نوێ سوودی لێ وەردەگرێت و گرنگی زۆری ھەیە لە پێش و لەکاتی دووگیانیدا بۆ پاراستنی کۆرپە لە سەقەتی زگماکی. ھەروەھا گەنمەشامی رێژەیەکی باشی لە ڤیتامین C تێدایە کە مادەیەکی دژەئۆکسانی بەھێزە و سوودی ھەیە بۆ بەھێزکردنی بەرگری لەش بەتایبەتی بەرگری دژی ھەوکردنەکان. گەنمەشامی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەنی ریشاڵی خۆراکییە (Fiber) کە رێژەکەی دەگاتە پتر لە ١٨%ی پێویستی رۆژانە کە بریتیە لە ٢٥-٣٥ گرەم بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو.

زیاتر...