خەسڵەتە بەجێماوەکان لە مرۆڤ دا

لە بواری پەرەسەندنی مرۆڤ دا، خەسڵەتە بەجێماوەکان ئەو خەسڵەت، ئەندام و ھەڵسوکەوتانە دەگرێتەوە کە لە مرۆڤەکان دا بوونی ھەیە بەڵام ھەموو یان زۆربەی ئەرک و فەرمانە سەرەکییەکەیان لەدەستداوە بەھۆی ڕێگای پەرەسەندنەوە. ھەرچەندە زۆربەی ئەم پێکھاتە بەجێماوانە وەک بێ ئەرک دەردەکەون بەڵام دەکرێت ڕادەیەکی زۆر کەمی ئەرکەکانیان مابێت یان ئەرکی بچووکی نوێیان بۆ پەیدابووبێت.

نموونەی خەسڵەت و پێکھاتە بەجێماوەکان زۆرن. وەک نموونە توێکارییەکان: کلکی مرۆڤ (بوونی بربڕەیەکی کۆتا لە ھەندێک مرۆڤ دا)، ددانی ژیری، سووچی ناوەوەی چاو. ھەروەھا نموونە ھەڵسووکەوتییەکان: ڕەقبوونی مووەکان و کاردانەوەی گرتن لە دەست دا.

ددانی ژیری

دەستکاری

ددانی ژیری بەجێماو لە مرۆڤ دا بریتییە لەو ددانەی کە باوباپیرانی مرۆڤ بەکاریانھێناوە بۆ ھاڕینی شانەی ڕووەکەکان. گریمانە باوەکە ئەوەیە کە کەلەسەری مرۆڤە دێڕینەکان خاوەنی شەویلگەی گەورەتر بوون و توانای ھەڵگرتنی ددانی زیاتر بووە، کە بەکارھاتووە بۆ جواندن و ووردکردنی لق و گەڵای ڕووەکەکان بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی نەبوونی توانای ھەرسکردنی سیلیلۆزی دیوارە خانەی ڕووەکەکان بە شێوەیەکی کارا و چووست. لەگەڵ گۆرانی شێوازی خۆراکی مرۆڤەکان بەشێوەیەکی سروشتی شەویلگەی بچووکتر ھەڵبژێردراوە بەڵام ھێشتا ددانی ژیری بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەدەکات لە دەمی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەدا.[١] لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا ددانی ژیری بێسوودن و تەنانەت زیانبەخشیشن بەڕادەیەک کە زۆرجار کردەی نەشتەرگەری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ لابردن و دەرھێنانیان.

شکست ھێنان لە گەشەکردنی ددانی ژیری دا ڕێژەی سفرە لە مرۆڤە ڕەسەنەکانی ناوچەی تاسمانیای سەر بە وڵاتی ئوسترالیا و نزیکەی لە %١٠٠ بۆ دانیشتوانە ڕەسەنەکانی مەکسیک. ھۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەرێتەوە بۆ بۆماوەی (PAX9) و ھەندێکی چینی تر.[٢]

گوێچکەکان

دەستکاری

مەیموونی ماکاک و زۆربەی جۆرە مەیموونەکانی دی خاوەنی ئەو گوێچکانەن کە ماسولکەکانی زۆر زیاتر گەشەیانکردووە لەچاو گوێچکەکانی مرۆڤ دا بۆیە مەیموونەکانی توانایەکی باشتریان ھەیە لە جوڵاندنی گوێچکەکانیان لە کاتی ھەڕەشە و مەترسی لەناکاودا.[٣] بەڵام مرۆڤەکان و مەیموونی شامپازی خاوەنی ئەو گوێچکانەن کە ماسولکەکانیان کەمترین گەشەیان سەندووە و بێ ئەرکن و لە قەبارەش دا ھێندە گەورەن لە بە ئاسانی بناسرێنەوە.[٤] ماسولکەیەکی لکێندراو بە گوێچکەوە کە بۆ ھەر ھۆکارێک بێت توانای جوڵاندنی گوێچکەکەی نییە ناکرێت بوترێت ئەرکێکی زیندەیی ھەیە.

ھەروەھا لە مرۆڤەکان دا دەکرێت دیاردەی نەبوونی توانای جوڵاندنی گوێیەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت وەک ئەوەی ھەندێک مرۆڤ لەرێی ھەوڵ و مەشقەوە دەتوانن گوێچکەکانیان بە چەند ئارستەیەک دا بجوولێنن.[٥] لە مرۆڤ دا نەبوونی توانای جوڵاندنی گوێچکەکان قەرەبووکراوەتەوە بە ھەبوونی توانای جوڵاندنی تەواوی سەر بە ئاراستەیەکی ئاسۆیی کە ئەم توانایە شتێکی باو نییە لە جۆرەکانی تری مەیموون دا.

ھەڵسووکەوت

دەستکاری

بەھەمان شێوە مرۆڤەکان خاوەنی چەند ھەڵسووکەوت و پەرچەکردارێکی بەجێماون.[٦] بۆ نموونە، ڕوودانی ڕەپبوونی مووەکان لە کاتی فشاردا کردەیەکی کاردانەوەی بەجێماوە کە ئەگەری ھەیە ئەرکە سەرەکییەکەی لە باوباپیرانە دێرینەکانی مرۆڤی پەرەسەندوودا بریتیی بووبێت لە بەرزکردنەوە و بڵاوکردنەوەی مووی لەش بەمەبەستی دەرکەوتنی بە قەبارەیەکی گەورەتر و لە ئەنجام دا بوونە ھۆکاری ترساندنی ڕاوکەران.[٧] ھەروەھا بەرزکردنەوەی موو بۆ گلدانەوەی چینێکی زیادەی ھەواش بەکاردێت بەمەبەستی گەرم ھێشتنەوەی جەستەی ئاژەڵەکە، بەھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی موو لە مرۆڤە پەرەسەندووەکان دا، ڕوودانی ڕەپبوونی موو لە کاتی سەرمادا بە دیاردەیەکی بەجێماو دادەنرێت.[٨]

لە منداڵە ساواکانی مرۆڤ دا پەرچەکرداری دەست گرتن (دەست گوشین) بە ھەڵسووکەوتێکی بەجێماو دادەنرێت. لە کاتی دانانی پەنجە یان تەنێک بۆ ناو لەپی دەستیی ئەوا منداڵە ساواکە ڕاستەوخۆ ھەڵدەستێت بر داخستنی پەنجەکان و گرتنی. ئەم گرتنە تا ڕادەیەک بەھێزە.[٩] ئەم جۆرە گرتنە لە پێیەکانیش دا بە ئاشکرا ھەستی پێ دەکرێت، لە کاتێک دا منداڵێک دادەنیشێت، پێیەکانی بەشێوەیەکی لوولخواردوو دادەنێت بەھەمان ئەو شێوەیەی لە مەیموونە شەمپانزییە پێگەیشتووەکان دا تێبینی دەکرێت.[١٠] مەیموونە دێرینەکان خاوەنی مووی لەش بوون بەڕێژەیەکی لەبار و گونجاو کە ساواکەی بتوانێت خۆی بە دایکی دا ھەڵبواسێت کە ڕێخۆشکەر بووە بۆ دایکی بەپەلە و بە ئاسانی لەدەست مەترسی و ڕاوکەرەکان ڕابکات، بۆ نموونە توانای سەرکەوتن بە دارێک دا بەبێ ئەوەی پێویست بکات دەستەکانی بەکاربھێنیت بۆ ھەڵگرتنی ساواکەی لە کاتی ھەبوونی ڕاوکەرێک یان ئاژەڵێکی دڕندە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Darwin C, The Descent of Man, and Selection in Relation to Sex, London: John Murray, 1890, p.13.[١]
  2. ^ Turner W, On the musculus sternalis, Proc. Royal Soc. Edinburgh session 1866–1867, p.65.[٢]
  3. ^ Rosenthal, M. I. : Journal of the American Medical Association, Volume 67, Issues 15-26, 1916. Page 1326
  4. ^ W. Colin MacKenzie. "A Contribution to the Biology of the Vermiform Appendix". Medical Record, Volume 89, Page 342, 1916
  5. ^ Comparative Physiology of the Vertebrate Digestive System. Cambridge: Cambridge University Press. 2004. ISBN 978-0-521-61714-7.
  6. ^ «Human tails and pseudotails». Human Pathology. 15 (5): 449–53. 1984. doi:10.1016/S0046-8177(84)80079-9. PMID 6373560.
  7. ^ «Morphological and immunohistochemical characteristics of axial structures in the transitory human tail». Annals of Anatomy - Anatomischer Anzeiger. 176 (3): 277–86. 1994. doi:10.1016/S0940-9602(11)80496-6. PMID 8059973.
  8. ^ Biswanath Mukhopadhyay, Ram M. Shukla, Madhumita Mukhopadhyay, Kartik C. Mandal, Pankaj Haldar, & Abhijit Benare (2012)، «Spectrum of human tails: A report of six cases»، Journal of Indian Association of Pediatric Surgeons، 17 (1): 23–25، doi:10.4103/0971-9261.91082، PMC 3263034، PMID 22279360{{citation}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: unflagged free DOI (بەستەر) ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ناوە فرەکان: authors list (بەستەر)
  9. ^ Johnson, Dr. George B. "Evidence for Evolution" 10 March 2008 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.. (Page 12) Txtwriter Inc. 8 Jun 2006.
  10. ^ «Natural selection and molecular evolution in primate PAX9 gene, a major determinant of tooth development». Proceedings of the National Academy of Sciences. 103 (15): 5676–81. 2006. Bibcode:2006PNAS..103.5676P. doi:10.1073/pnas.0509562103. PMC 1458632. PMID 16585527.