جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

جیاکردنەوەی ڕەگەزی بریتییە لە کردەی جیاکردنەوەی نەخشە بۆ دارێژراوی خەڵکی لە چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا لەسەر بنەمای ڕەگەزیی یان کۆمەڵە نەژادە جیاوازەکان. بەپێی "یاسای دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی " جیاکردنەوەی ڕەگەزیی لە ھەمان ئاستی "تاوانی نێودەوڵەتی ڕەگەزپەرستی" و بە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی ھەژماردەکرێت. جیاکردنەوە دەکرێت جیاکردنەوەی بەزۆری ڕەگەزەکان لەخۆبگرێت لەگەڵ ناچارکردنی کۆمەڵە نەژادەکان لە بەکارھێنانی ناوەند و دامەزراوە جیاوازەکان بۆ چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانە وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، ھەروەھا دەکرێت ھەمان کردە جێبەجێ بکرێت بەسەر (نانخواردن لە چێشتخانەکان، ئاو خواردنەوە لە فوارەکان، بەکارھێنانی دەستشۆرە گشتییەکان، چوون بۆ قوتابخانە، تەماشاکردنی فیلم، بەکارھێنانی ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی، بەکرێگرتنی ژوورەکانی ئوتێڵ یان بەکرێگرتن و کڕینی خانوو) بەھەمان شێوە جیاکردنەوە دەبێتە ھۆی ھاتنەکایەی جۆرە ڕیزبەندییەکی نوێ لە کۆمەڵگەدا لەڕێی بەریەککەوتنی ئەندامانی دوو کۆمەڵەی جیاواز بەڵام بەشێوەیەکی پلەبەندیی ڕەگەزیی، بۆ نموونە کاتێک کەسێک لە کۆمەڵەیەکی دیاریکراو دەبێتە خزمەتکار و کار بۆ ئەندامی کۆمەڵەیەکی ڕەگەزیی دیکە دەکات.[١][٢]

جیاکردنەوەی ڕەگەزیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بریتییە لە جیاکردنەوەی دامەزراوە، خزمەتگوزاری و دەرفەتەکانی ویک (خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی، پەروەردە، ھەلی کار و گواستنەوە) بەپێی ھێڵە ڕەگەزییەکانی وڵاتەکە. دەستەواژە بەشێوەیەکی سەرەکی ئاماژەیە بۆ کردەی جیاکردنەوەی نێوان سپی پێست و ئەفریقییە ئەمریکییەکان کە لەڕێی یاسایی یان دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە سەپێنراوە. ھەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ جیاکردنەوەی ماددی و تەرخانکردنی ناوەندیی جیاواز بەڵام دەشکرێت بەرجەستەببێت لەسەر ڕێکارەکانی (جیاکردنەوەی پیشەکان لە دامەزراوەکان و قەدەغەکردنی ھاوسەرگیری نێوان دوو ڕەگەزی جیاواز). ھەتا ساڵی ١٩٤٨ لە ھێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دا یەکە ڕەشپێستەکان لە یەکە سپی پێستەکان جیاکرابوونەوە. نیشانە بەکاردەھات بۆ نیشاندانی ئەو شوێنانەی ڕەشپێستەکان دەتوانن بە یاسایی (برۆن بە ڕێگادا، قسە بکەن، خواردنەوە بخۆنەوە، پشووبدەن و نانبخۆن) دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان ھەستا بەدەستووریی ناساندنی جیاکردنەوە بە مەرجی دابینکردنی «دامەزراوەی یەکسان» بۆ ھەردوو لایەن بەڵام مەرجەکە بەشێوەیەکی یەکجار کەم جێبەجێ دەکرا.[٣][٤][٥]

لە کەرتی خانووبەرەدا جیاکردنەوەی ڕەگەزیی بەشێوەیەکی زۆر ڕوون دیارە. ھەرچەندە خەڵکی کۆمەڵە ڕەگەزییە جیاوازەکان دەکرێت پێکەوە کاربکەن بەڵام ھیچ ئەگەرێک بوونی نەبووە کە لە ھەمان گەڕەکی تێکەڵ دا بژین. بەردەامی دیاردەکە لە کەرتی خانووبەرەدا دەکرێت بگەرێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک (کارمەندی نووسینگەی خانووبەرە ھەڵدەستێت بە خەمڵاندنی ئەوەی کە کەسی کڕیار دەیەوێت لە کوێ بژی، خاوەن ماڵەکان دەکرێت درۆ بکەن بەپێی ڕەنگی پێستی کڕیارەکانیان دەربارەی بەردەستبوونی خانووەکانیان یان ھەستن بە دانانی مەرجی جیاواز بۆ ڕەگەزێکی دیاریکراو، بۆ نموونە داواکاری پێدانی پێشینەیەکی زیاتر لە خێزانە ڕەشپێستەکان بە بەراورد بە خێزانە سپی پێستەکان)[٦]

ئەنجامنەدانی وەبەرھێنان لە گەڕەک و ناوچە دیاریکراوەکان و پێنەدانی قەرزی خانووبەر بووەتە یارمتەیدەر لە بەردەوامبوونی ھێڵکارییەکانی جیاکردنەوە. لە ساڵی ١٩٩٨ دا دەرکەوت کە ناوەندەکانی پێدانی قەرزی خانووبەرە بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەکە لەگەڵ داواکارە ڕەشپێستەکان دەکەن کاتێک دەیانەوێت لە گەڕەکێکی سپیپێست دا خانوو بکڕن بە بەراورد بە سپی پێستەکان.

ھەموو ئەم کردە و چالاکییانە بە نایاسایی دادەنرێت و "یاسای خانووبەرەی یەکسان – ١٩٦٨" ھەموو جیاکارییەکی خانووبەرە لەسەر بنەمای (ڕەگەزیی، نەژادیی، ڕەنگی پێست، نەتەوەیی، ئایینی، سێکسی، پێگەی خێزانی یان کەم ئەندامی) قەدەغەدەکات. "نوسینگەی خانووبەرەی دادوەرانە و ھەلی یەکسان" بەرپرسیارە لە ڕێکخستن و سەپاندنی یاساکانی خانووبەرە و ھەر ھاوڵاتییەک باوەڕی وابێت کە دووچاری جیاکاری خانووبەرە بووەتەوە دەتوانێت سکاڵانامە پێشکەشبکات.[٧]

بەھەمان شێوە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی گشتی پاس ھەڵدەستان بە ئەنجامدانی جیاکردنەوە لە چالاکییەکانیان دا. ئەم جیاکردنەوەیە لەلایەن کەسایەتی ڕۆزا پارکسەوە ڕەتکرایەوە کاتێک ئامادە نەبوو واز لە کورسی دانیشتنەکەی خۆی بھێنێت بۆ سەرنشینێکی دیکەی سپی پێست. دادگایەکی فیدرالی لە ویلایەتی ئەلەباما سەرکەوتوو بوو لەسەر ئاستی ناوچەی بڕیار دەربکات کە کردەکانی جیاکردنەوە لە ناو پاس دا نایاسایین و دواتر بڕیارەکە لەسەر ئاستی دادگای باڵا دووپاتکرایەوە.[٨]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Harvard Sitkoff, The Struggle for Black Equality (2008)
  2. ^ C. Vann Woodward, The Strange Career of Jim Crow (3rd ed. 1947).
  3. ^ "Brown v. Board of Education of Topeka (1)". Oyez (بە ئینگلیزی). Retrieved 2019-09-24.
  4. ^ "Heart of Atlanta Motel, Inc. v. United States". Oyez (بە ئینگلیزی). Retrieved 2019-09-24.
  5. ^ "The Court's Decision – Separate Is Not Equal". americanhistory.si.edu. Retrieved 2019-09-24.
  6. ^ "The Rise and Fall of Jim Crow. A National Struggle. The Supreme Court | PBS". www.thirteen.org. Retrieved 2019-09-24.
  7. ^ Krysan, Maria; Crowder, Kyle (2017). Cycle of Segregation: Social Processes and Residential Stratification. New York: Russell Sage Foundation. ISBN 978-0-87154-490-2.
  8. ^ Judy L. Hasday, The Civil Rights Act of 1964: An End to Racial Segregation (2007).