جنس زاراوەیەکە لە فەلسەفە و لۆژیکدا کە لە بەرامبەر وشەی یۆنانیی γένος (جێنۆس) -ەوە بە کار چووە. جنس ئەو بەشە لە پێناسەیە کە جیا لە ناسێنراو دەتوانێ بە شتانی تریشەوە بلکێت. بۆ وێنە، کاتێ دەوترێ «سێگۆشە شێوەیەکە کە سێ ڕاستەھێڵ دەوریان داوە»، جنسی سێگۆشە دەبێتە «شێوە»، کە جگە لە سێگۆشە، جنسی چوارگۆشە و بازنە و گەلێ شتی تریشە. واتە شیاوی ئەوەیە بە ئەوانیشەوە بلکێ. بەگشتی بۆ دیاریکردنی جنسی شتێک دەبێ لە ژێر تێکڕایییەکی بانتردا  - کە لە ئاست ئەودا ئەم شتە «نەوع»ە - جێی بکەینەوە.

جنس یەکێ لە پێنج تێکڕایییە.

پێشینە دەستکاری

پێشینەی ئەم تێگەیشتەیە دەبێ لە نووسراوەکانی ئەرەستوو و پۆرفیریۆسدا بدۆزرێتەوە. ئەرەستوو ھەندێ جار جنس لە مانای «بەشی یەکەمی پێناسەگەلێک کە ڕوونکەرەوەی چییەتیی شتەکانن» بە کار دەبات و، بە فەسڵ دەڵێ چۆنایەتی. لەم حاڵەتەدا جنس وەک ماددە یان بابەتێکە کە فەسڵەکان یان چۆنایەتییەکانی پێ بڕاوە تا نەوعێکی تایبەت بێتە دی. ھەندێ جاریش مەبەست لە جنس «یەک»ێکە (= واحد) کە «فرە»یەک (= کثیر) لە خۆ دەگرێت، وەک «ڕوو» کە ھەموو جۆرە ڕوویەک لە خۆ دەگرێت و ھەر ڕوویەکی تاک یەکێک لە میسداقەکانیەتی.  ھەمدیسان لەوانەیە مەبەست لە جنس «یەکەم بەرھەمھێنەر یان ئاخێزگەی دروستبوونی کۆمەڵێ لە شتەکان» بێ. ئەرەستوو دەڵێ شتگەلێ کە جنسیان جیاوازە، ھەر یەک دەچنەوە سەر کاتەگۆرییەکی تایبەت لە دە کاتەگۆریی دیاریکراو.

دوای ئەرەستوو، پۆرفیریۆس فەیلەسووفی نەوئەفلاتوونیی سەدەی سێیەم نامیلکەیەکی لە ژێر ناوی ئیساگۆجی نووسی کە لە ڕاستیدا وەک پێشەکییەک بۆ کاتەگۆرییەکانی ئەرەستوو وا بوو. لەو نامیلکەیەدا پۆرفیریۆس تێگەیشتەگەلی تێکڕاییی جنس و نەوع و فەسڵ و عەرەزی تایبەت و عەرەزی گشتی - کە ئەرەستوو پەرژابووە سەریان - شی دەکاتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا ڕاڤە دەکا.

پۆرفیریۆس دەڵێ جنس سێ مانای ھەیە: ۱) دەسپێکی ھەبوون یان دەرکەوتنی شتێ، ۲) ئەوەی ڕوونکەرەوەی پەیوەندیی کۆمەڵێکە لەگەڵ تاکێک یان لەگەڵ یەکدا، ۳) تێگەیشتەیەک کە نەوعەکان لە بەر دەگرێت و وەک سەرچاوەی نەوعەکان وایە. لەم سێ مانایە، زیاتر مانا سێیەمەکەیە کە سرنجی فەیلەسووفان ڕادەکێشێ.

چەشنەکانی جنس لە حاند نەوعدا دەستکاری

جنس یان نزیکە بە نەوع یان دوورە لە نەوع. جنسی نزیک بێناوبڕ بانتر لە نەوع ھەڵکەوتووە، یانی لە نێوان ئەو و نەوعدا تێکڕایییەکی تر ناوبژی نییە. بە زمانێکی سادەتر، جنسی نزیک ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ بە نەوع دابەش دەکرێ.

جنسی نزیک دەستکاری

دەڵێین جنسی g بە نەوعی s نزیکە، ئەگەر وا بێت کە ھەر کام لە نەوعەکانی تر جگە لە s کە جنسی ئەوانیش ھەر g -ە بخەینە پاڵ s و بپرسین کە چین، وەڵام ھەر g بێ. وەک نموونە، گیانلەبەر جنسی مرۆڤە و، چەند نەوعێکی تریش شەریکایەتیی مرۆڤ دەکەن لەم جنسەدا، وەکوو گا و وشتر و شێر، ئێستا ئەگەر ھەر کام لەم نەوعانە بخەینە پاڵ مرۆڤ و بپرسین چین، وەڵام ھەر گیانلەبەرە. کەوایە، گیانلەبەر جنسی نزیکی مرۆڤە. ھەر ئاوا، شێوە جنسی نزیکی سێگۆشە و، ڕەنگ جنسی نزیکی سپێتی و، گەشەکەر جنسی نزیکی گیانلەبەر و، تەن جنسی نزیکی گەشەکەرە.

جنسی دوور دەستکاری

دەڵێین جنسی g لە نەوعی s دوورە ئەگەر نزیک نەبێ. واتە ئەگەر نەوعەکانی تر کە جنسی ئەوانیش ھەر g -ە بخەینە پاڵ s و بپرسین کە چین، وەڵام لەوانەیە g نەبێ. بۆ وێنە، تەن دەتوانێ جنسی مرۆڤ بێ، وشتر و ئەسپ و دار و بەردیش ھەر تەنن، کەوایە تەن جنسی ئەوانەشە. ئێستا ئەگەر بپرسین «مرۆڤ و بەرد چین؟» وەڵام تەنە، بەڵام ئەگەر بپرسین «مرۆڤ و ئەسپ چین؟» وەڵام گیانلەبەرە. بۆیە دەڵێین تەن جنسی دوورە بۆ مرۆڤ.

زنجیرەی جنسەکان دەستکاری

جنسەکان بە حیسابی ئەوەی کە چەندە تایبەتین یان چەندە گشتین، واتە بە پێی ئەوە کە داگری جنسی ترن یان لە لایەن جنسی ترەوە داگیراون، لە ڕیزێکدا بە شوێن یەکتردا دێن. بەو ڕیزە دەڵێن زنجیرەی جنسەکان یان پەیژەی جنسەکان. بۆ وێنە، جنسەکانی مرۆڤ بەڕیز ئەم زنجیرەیە دروست دەکا: مرۆڤ -> گیانلەبەر -> گەشەکەر -> تەن -> جەوھەر.

زنجیرەی جنسەکان بۆ نەوعی مرۆڤ
 
جەوھەر (جنسی ژوورین)
تەن (جنسی ناوین)
گەشەکەر (جنسی ناوین)
گیانلەبەر (جنسی ژێرین)
مرۆڤ (نەوع)

ھەر جنسێک بە پێی ئەوەی کە داگری جنسگەلی تر بێ یان بە جنسێکی تر داگیرابێ، یەکێ لەم سێ چەشنەیە:

  • جنسی ژێرین: ئەوەیە کە ئیتر لە ژێریدا جنسێکی تر نەبێ، بەڵکوو نەوع بێ. وەک گیانلەبەر لە زنجیرەکەی سەرەوەدا.
  • جنسی ناوین: ئەوەیە کە لە سەرەوەی و لە خوارەوەیدا جنس ھەبێ، واتە ھەم داگری جنس بێ، ھەم داگیراو بە جنس. وەک گەشەکەر و تەن.
  • جنسی ژوورین: ئەوەیە کە لە خوارەوەیدا جنس ھەبێ بەڵام سەرتر لە ئەو ئیتر جنس نەبێ. ئەمە «جنسی جنسەکان» -یشی پێ دەوترێ (جنس الاجناس)، چونکە داگری گشت جنسەکانە، وەک جەوھەر. جنسی ژوورین ھەمیشە یەکێ لە کاتەگۆرییەکانە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • جنس، دائرةالمعارف بزرگ اسلامی
  • خوانساری، محمد. منطق صوری. صفحه 118.