شامی کییە؟

لە گەڕەکی چەنانی شاری کرماشان، پیاوێک دەژیت کە بە هەموو دەستەنگی و نەداری و بێدەسەڵاتیەوە، زۆرتر لە کوردزمانان، بە بۆنەی شیعره جوانەکانیەوە لە دوورەوە دەیناسن و خۆشیان ئەوێ.

شامرادی موشتاق، کە ناوبانگی بە شامی دەرچووە، دەوری شێست ساڵ لەوە پێش، لە کرماشان لە دایک بووە. سێ ساڵان دەبێ. نەخۆشی ئاوڵە دەگرێت و بە هۆی ئەو نەخۆشیەوە، هەرتک چاوی کوێر دەبن و وا بە منداڵی دنیای ڕووناکی لێ تاریک دەبێتەوە.

خۆی دەڵی:

هەنووز نەشناسووم چەپ و ڕاس دەست

دەست جەهاندار جەهانبینم بەست

پاش کوێربوونی، زۆری نەخایاندووە باوشی گەرمی دایکیشی - كە شامی جاروبارە تێدا ئارامی گرتووە و بۆ دەمێک خەمی دنیای تاریکی دەوروبەری لەبیر کردووە - سارد دەبێتەوە. چۆنیەتی ژیانی تاڵی لەوەوپاشی، دەبێ لە خۆی بژنەوی.

تەمەنی عومری دەوازدە ساڵ زۆرتر نەبووە، باوکیشی خو دەکا و ئەمجار لە سەر هەموو دەردان، ڕەنگی هەتیویشی لێ دەنیشێ. دوای کۆچی دوایی باوکی، مامۆژنی دەیباتە لای خۆی پاش ماوەیێک دەینێرێ بۆ ماڵی "حاجی ئەمانوڵڵای موعتەزیدی" و لەوە بەولاوە ئەو پیاوە خێرومەنده چاودێری لێ دەکات تا گەورە دەبێت.