بەشکۆ (فەلسەفە)

بابەتی گەورە و سامناک و پڕھەیبەت

لە فەلسەفە، بەشکۆ یا شکۆدار یا شکۆمەند (بە ئینگلیزی: sublime، بە عەرەبی: جلیل، سمو) (وەرگێڕانەکانی تر: بەرزەجێ، بەرزنشین)[١] ئاوەڵناوێکە بۆ وەسفی کەسێک یا بەرھەمێکی ھونەری یا دیمەنێک لە دیمەنەکانی سروشت کە ھاوکات ھەم گەورەیە و ھەم سامدار، گەورەبوونەکەشی تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ قەبارە و ئەندازە، بەڵکوو گەورەیی و بەرزیی پلە و پایەش دەگرێتەوە.

ھونەرمەندە ڕۆمانتیکەکانی سەدەی نۆزدەیەم بۆ نیشاندانی «بابەتی بەشکۆ» (the sublime) دەسەودامێنی دیمەنەکانی سروشت دەبوون

لە سەدەی ھەژدیەم بەم لاوە، لە جوانیناسیدا شکۆ بەرامبەر بە جوانی دادەنرێ (جەلال بەرامبەر بە جەمال).[٢]

ھەر شتێکی لەڕادەبەدەر مەزن یا بەرین، وەک ئاسمان یا ئۆقیانووس، یا ھەر شتێکی چەتوون یا بەھێزی کەس پێنەوێراو و مرۆڤ نوقمکەر، وەک لافاوی بێ ئامان یا کوێستانی ھەڵەمووت یا ھەڵدێرگە، سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێ و «بەشکۆ» دێتە بەرچاو. ھەرچەند ئەزموونکردنی شتی بەشکۆ تا ئەندازەیەکی دیار دڵنەگرە، بەڵام چێژێکی تایبەتیشی لەگەڵایە: ئێمە پێنەوێران لەبەر سامناکی و، ھەستی نوقمبوون لە نێو مەزنایەتیی شتەکانمان پێ خۆشە. کانت دەیوت، ئەم چێژە بەرھەمی ئاگاییمانە. ئاگایی لەوەی کە ئەقڵمان دەستی بەسەر ھەستماندا دەڕوا و فەرمانی پێ دەکا.[٣]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ بەختیار سەجادی، فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی.
  2. ^ Penguin Dictionary of Philosophy.
  3. ^ Audi, Robert. (2015). Sublime. The Cambridge Dictionary of Philosophy, Cambridge University Press.