بەروبوو
بەروبوو یا بەروبۆ بە بەھرە و داھاتی زەوی دەوترێ،[١] یا پیت و فەڕ[٢] یا ھەرچییەک کە قازانج و سوودی تیا بێ.[٣] لە ئابوورزانیدا بابەتێکی شیاوی نواندنە لە بازاڕدا کە بۆ وەڵامدانەوە بە خواست یا ویستێکی تایبەت بەرھەم ھێنراوە[٤] و بە دوو شێوە بەرچاو دەکەوێ: شتومەک و ڕاژە.[٥]
پێناسەی ڕێکوڕاستتری، بریتییە لە چینێ لە شتومەکان کە بۆیان داوا (demand) ھەیە، بەڵام دابینیان (supply) لە سەرانسەری بازاڕدا بەبێ جیاوازیی کەیفییە.[٦] بەروبوو ئەوەیە کە نموونەکانی بەتەواوی یا تا ڕادەیەک ھاوشێوە و ئاڵوگۆڕکردەنی (fungible) بن، واتە بازاڕ وا لەگەڵیان ھەڵسوکەوت ئەکا کە گوایا ھاوسەنگن و ئەوەی کە کێ بەرھەمی ھێناون و لە کوێ بەرھەم ھاتوون جێی سەرنج نییە. مارکس ئەڵێ: «لە تامی گەنمەکەوە ناکرێ بوترێ کێ بەرھەمی ھێناوە، جووتیارێکی ڕووس، لادێیییەکی فەڕەنسی، یا سەرمایەدارێکی ئینگلیزی.»[٧] نەوت و مس نموونەکانی تری وەھا بەروبووگەلێکن. لە بەرامبەر ئەمانەدا، بابەتگەلێ وەک سیستەمەکانی ستێریۆ لە زۆر بارەوە جیاوازییان ھەیە، بۆ نموونە برەندەکەیان، ئینتەرفەیسەکەیان و، کوالیتییەکەیان. لەوانەیە داوا بۆ جۆرێک لە ستێریۆ زۆر زیاتر بێ لە داوا بۆ جۆرێکی تر. نموونەکانی ستێریۆ لە بازاڕدا جیاوازییان زۆرە و ھاوشێوەش نین، بۆیە بە بەروبوو ناژمێردرێن.
بەگشتی، بەروبوو بە سەرچاوەگەلی بنەڕەتی و بەرھەمەکانی کشتوکاڵ دەوترێ، بۆ نموونە: بەردی ئاسن، نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان، کۆمڕ، نمەک، شەکەر، چا، دەنکی قاوە، دەنکی سۆیا، ئەلەمنیوم، مس، برنج، گەنم، زێڕ، زیو، پالادیوم و، پلاتینوم.
وشەڕەتناسی
دەستکاریوشەی بەروبوو دوو پارە: بەر بە مانای میوە و داھاتی زەوی و، بوو بە مانای خاک و زەویوزار. بەروبوو بە مانای دەخڵ و دان و بەھرەی زەوییە. وەک مەجاز، بە سوود و قازانجیش دەوترێ: «ئیتر دووکانداری بەروبوویەکی نەماوە».[٣] وشەی commodityش لە بنەڕەتا ھەر بە مانای سوود و بەھرە و قازانج بووە.[٨]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ بەروبۆ ھەنبانەبۆرینە
- ^ بەروبووم فەرھەنگی خاڵ
- ^ ئ ا نانەوازادە، عەلی. فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی، بەرگی یەک. انتشارات ھمصدا. p. 513.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ Karl Marx, "A Contribution to the Critique of Political Economy" contained in the Collected Works of Karl Marx and Frederick Engels: Volume 29 (International Publishers: New York, 1987) p. 269
- ^ Karl Marx, "Outlines of the Critique of Political Economy(Rough Draft of 1857-1857)" contained in the Collected Works of Karl Marx and Frederick Engels: Volume 28 (International Publishers: New York, 1986) p. 80.
- ^ http://beginnersinvest.about.com/cs/commodities/f/whatcommodities.htm[بەستەری مردوو]
- ^ Karl Marx, "A Contribution to the Critique of Political Economy" contained in the Collected Works of Karl Marx and Frederick Engels: Volume 29, p. 270.
- ^ «commodity | Etymology of commodity by etymonline». www.etymonline.com (بە ئینگلیزی). لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بەروبوو تێدایە. |