بێلایەنیی ئینتەرنێت

بێلایەنیی ئینتەرنێت (بە ئینگلیزی: Net neutrality) پرینسیپێکە کە دەڵێت دەبێت دابینکارانی ڕاژەی ئینتەرنێت بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ ھەموو داتاکانی سەر ئینتەرنێت بکەن و جیاکاری نەکەن و بە جیاوازی نرخ دیاری نەکەن لەسەر بنەمای تاک، ناوەڕۆک، ماڵپەڕ، سەکۆ، ئەپلیکەیشن یان جۆری پەیوەندی بەستن. ئەم پرینسیپە ڕێگری لە دابینکارانی ڕاژەی ئینتەرنێت دەکات کە بە ئەنقەست ھەندێک وێبگە خاوبکەنەوە یان پارە بسێنن بۆ بەکارھێنانی چەند ماڵپەڕێکی دیاریکراو. ئەم پرینسیپە زۆرجار لەژێر چاودێریی حکوومەت پارێزگاری لێ دەکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٤، کۆمپانیای تێلێکۆمی مادیسن ڕیڤەر غەرامەی ١٥٬٠٠٠ دۆلار کران بەھۆی خاوکردنەوەی بەکارھێنانی خزمەتگوزارییەکانی ڤۆنەیج، کە کۆمپانیایەکی تێلێکۆم بوو لەو کاتەدا پێشبڕکێی لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی خۆیان دەکرد.

دابینکاری ڕاژەی ئینتەرنێتی پورتوگالی بە ناوی مێۆ پێشێلکارییەکی ڕوونی بێلایەنیی ئینتەرنێتی کردووە بە سنووردارکردنی بەکارھێنانی ئینتەرنێت بۆ بەکارھێنەرانی. ئەوان بۆ ھەر پاکێجێکی مانگانە پارە دەسەنن، بۆ نموونە بۆ پاکێجی سۆسیال کە چەند ماڵپەڕێکی لەخۆ گرتووە وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، سناپچات و ھتد… بە جیا دەفرۆشرێت و کاتێک کڕیار ئەم پاکێجە دەکڕێت تەنیا توانای بەکارھێنانی ئەو وێبگە و ئەپلیکەیشنە دیاریکراوانەی دەبێت.

پێشێلکارییەکی ڕوونی بێلایەنیی ئینتەرنێت لە کوردستان لەلایەن کۆمپانیای فاستلینکەوە کرا، کاتێک ڤایبەریان بەبێ بەرامبەر بۆ بەکارھێنەرانیان دەستەبەر کرد. ھەردوو دامەزراوەی ویکیمیدیا و فەیسبووکیش بە پێشێلکردنی پرینسیپی بێلایەنیی ئینتەرنێت تۆمەتبار کران کاتێک پرۆژەی ویکیپیدیا زیرۆ و فەیسبووک زیرۆیان ڕاگەیاند. بەھۆی ئەمەوە دامەزراوەی ویکیمیدیا پرۆژەکەی لە کۆتاییی ٢٠١٨ لەکارخست.

سەرچاوەکان دەستکاری